مەترسی داچەقینی باهۆزی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو کوردستان هەیە! حزبەکان بیر لە خۆپاراستن دەکەنەوە؟!


مەترسی داچەقینی باهۆزی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو کوردستان هەیە!
حزبەکان بیر لە خۆپاراستن دەکەنەوە؟!

سەرۆ قادر

بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ،له‌ داوه‌ستاوی و چه‌ق به‌ستوییه‌كی گومانلێكراودا ماوه‌ته‌وه‌. هێزه‌كانی ناوخۆ لەبابەت گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و په‌كه‌كه‌، یارمه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان ناده‌ن. له‌ هه‌وڵوێستێکی زیاتر له‌ ئۆپۆزیسیۆن بوون دان، واته‌ له‌ دوژمنكاریدا وه‌ستاون. بۆیه‌ ده‌بێ به‌ دیقه‌ته‌وه‌ چاودێری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هەرێمی كوردستان بكه‌ین. زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندن و سیاسیی، باس له‌ پلانێكی ژێر به‌ ژێری ئێران ده‌كه‌ن، كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و په‌كه‌كه‌ و هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامیش تێیدا به‌شدار ده‌بن، ئامانجیان بوو به‌ چه‌ك په‌لاماری دام و ده‌زگه‌ی حكوومه‌تی كوردستان بده‌ن. هەڵبەت لەم ڕۆژانەدا موراد قەرەیەڵان دڵنیایی داوە کە مەترسی لەو ڕوەوە نابێت. به‌ مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌كه‌وه‌ 1100 كیلۆمه‌تر به‌ره‌ی جه‌نگی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌، ئێران ده‌یه‌وێ له‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌ درێژایی هه‌زار كیلۆمه‌تری دیكه‌ جه‌نگ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ دەبێت كه‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێی ناگوترێ فشار. واته‌ ئێستا كوردستان بۆ جارێكی تر ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌می مان یان نه‌مان. بۆیه‌ له‌م دۆخه‌دا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی كاردانه‌وه‌ی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببین، ئه‌و كاردانه‌وانه‌‌ چی ده‌بن؟ باسی ده‌كه‌م.
له‌ لایه‌كی تر خۆئاماده‌كردنی حكوومه‌تی عێراق، بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ له‌ ئارادایه‌. ئەو حکومەتە هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كوردستان كردووه‌. له‌م هه‌ماهه‌نگییه‌دا ئێران و ئه‌مه‌ریكا ئاگادار و به‌شدارن. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی به‌شداریكردنی گرتنه‌وه‌ی موسڵی داوه‌ به‌ مه‌رجێك حه‌شدی شه‌عبی نه‌یه‌ته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌. به‌ڵام زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ جل و به‌رگی سه‌ربازی عێراقیدا له‌ ئێستاوه‌ به‌ره‌و به‌ره‌كانی مه‌خمور و ئه‌و به‌رانه‌ی كه‌ بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ ئاماده‌ ده‌كرێن، ئاماده‌یه‌ و بونیان هه‌یه‌ و هاتون. دیسان زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌گەیەن كه‌ فرت و فێڵێكی زۆر كه‌ گومانی لێده‌كرێ، به‌شێك له‌و پیلانه‌ی ئێران كه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و حه‌شدی شه‌عبیشدا هه‌یبێ. جا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كوردستان له‌ زۆرترین لایه‌وه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر په‌لامار، واته‌ جیا له‌ داعش، حه‌شدی شه‌عبی و عێراق و به‌ درێژایی 1000 كیلۆمه‌تر ئێران و هاوكاره‌كانی له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، په‌لامار بده‌ن. ئه‌وه‌ سیناریۆیه‌كی خوێناوییه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێ شتێك له‌ كوردستاندا به‌ناوی حكوومه‌ت و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بونی نامێنێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پیلانە ڕووبدات نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئێران بۆ جاری دووه‌م دوای ساڵی 1996، بڕیاری له‌ناوبردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات. له‌ ساڵی 1996 ئێران شكستی خوارد و نه‌یتوانی، ئێستا جارێكی تر شانسی خۆی له‌ شه‌ڕێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ی ناوچه‌ییدا كه‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌. ئێران له‌ سوریا، لوبنان، یه‌مه‌ن و عێراق پاشه‌كشه‌ی پێكراوه‌ و گه‌ڕاندراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر سنوره‌كانی خۆی، پێ ده‌چێ له‌سه‌ر سنوره‌كانی خۆیه‌وه‌ بیه‌وێ شه‌ڕێكی قورس له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێبكات. له‌و شه‌ڕه‌شدا ئامانجی خۆ گرتنه‌وه‌ و سه‌رخستنی ستراتیژیی سه‌ربازیی خۆی هه‌یه‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین كه‌ هاوپه‌یمانەکانی كوردستان، هاوپه‌یمانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌سته‌وستان ناوەستن. كوردستان به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی فراوان و جۆراوجۆر؛ هاوپه‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌وا له‌ دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن. كوردستان و فرۆكه‌خانه‌كانی، بوونه‌ته‌ بنكه‌ی یه‌كه‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و دوژمنه‌ی كه‌ هه‌موو دنیا به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێت، واته‌ داعش. له‌ لایه‌كی تر كوردستان هاوپه‌یمانێتییه‌كی توندی له‌گه‌ڵ سعودییه‌، ئیسرائیل و توركیا هه‌یه‌. هه‌ر ئێستا هه‌رسێك له‌م ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر و به‌ ته‌نیا یان له‌ قاڵبی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌سه‌ر خاكی كوردستان له‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش بونیان هه‌یه‌، یان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌ لەگەڵ بونی ئێران دان.
بەشێک لە ستراتیژی ئێرانی ئه‌وه‌بوو، كه‌ كێشه‌ی كوردستان له‌ هه‌رچوار پارچه‌ له‌كار بخات. چونكه‌ كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی زوڵم لێكراو بوەتە ‌ شیعار و ناونیشانی نیوده‌وڵه‌تی بۆ هاریكاریكردن. گرنگیدان به‌ كچه‌ كوردی ئێزیدی نادییه‌ موراد، بۆ خۆی نمونه‌یه‌كه‌ له‌ گرنگیدان به‌ كێشه‌ی كورد له‌ دنیا. توركیا و باكوری كوردستان له‌ چاره‌سه‌ری نزیك كه‌وتبونه‌وه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتی په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران وایكرد كه‌ ئەو حزبە واز له‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بێنێ و به‌ ئاشكرا رایبگه‌یه‌نێ كه‌ دژی هه‌ر ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌. هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر مافیایی له‌ناو كوردستانی باكور و توركیا كێشه‌كه‌ی له‌بار بردو و گه‌لی كورد و شاره‌كانی خسته‌ به‌رده‌می چه‌قۆی سوپای توركیا كه‌ سوپایه‌كه‌ له‌ كوشتن و تواندنه‌وه‌ی كورددا گه‌وره‌ بووه‌، جارێكی تر ئه‌و سوپا شۆڤێنیسته‌ی به‌ناو شاره‌كانی كوردستان وه‌ركرده‌وه‌. ئێستا شار به‌ شار په‌كه‌كه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات‌. هەروەها له‌ رۆژئاوادا بارودۆخ ئاڵۆزتر بووه‌، په‌یه‌ده‌ به‌ ئاشكرا هاوپه‌یمانیی خۆی له‌گه‌ڵ سوریا و له‌گه‌ڵ ئیران ڕاگه‌یاندووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی نزیك له‌ ستراتیژیه‌تی په‌كه‌كە‌ له‌ باكور، خه‌ریكه‌ ئاڵۆزی ده‌خاته‌ شیعار و ئامانجه‌كانی كورد له‌ ڕۆژئاوا.
له‌م بارودۆخه‌دا، پێشبینی ده‌كرێ باری سه‌ربازیی هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆزتر ببێت، هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی بارزانی خۆی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی زیاتر گرێ بدات و بیر له‌ پاراستنی خۆی بكاته‌وه‌. سه‌ركرده‌كانی گۆڕان و په‌كه‌كه‌ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و په‌یه‌ده‌، پێده‌چێ نیازیان بێت خۆیان له‌ تیغێكی زۆر تیژ بده‌ن. میلله‌ته‌كه‌شمان له‌ هه‌رچوار پارچه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ باشوری كوردستان توشی ئێش و ئازارێكی زۆر بكه‌ن. سه‌رباری هەندێش، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌ بقه‌ومێ، ده‌رفه‌ت بۆ لیكحاڵی بوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ماوه‌. ئێستاش سه‌ركرده‌كان ده‌توانن به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشن، سه‌رباری هه‌موو جیاوازییه‌كانیان، ده‌ست بدەنه‌ پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ باشور و له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، له‌ده‌ست كورددایه‌. ئه‌وه‌ی من تێیبگه‌م، ئێستا مه‌سعود بارزانی هه‌ده‌فه‌ ستراتیژیه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌م دوو ته‌جره‌به‌یه‌ له‌ده‌ست نه‌چێ و بیانپارێزێت. بارزانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، به‌رنامه‌ی چاكسازی خۆی له‌ناو حكوومه‌ت و حزب له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ست پێكردووه‌. به‌ هێمنی و به‌ بنیادنەرانە له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه‌نده‌ی له‌م بارودۆخه‌دا بکرێ، ئه‌نجامی ده‌دات. هەروەها بۆ بەردەوام بون لەسەر پڕۆسەی سەربەخۆیی، ڕیفڕاندۆم تاکە ڕێگا داناندرێ. دەکرێ بەبێ ڕیفڕاندۆم بەرەو سەربەخۆیی بچین. بەمەیش بارزانی، بەشێک لەو پیلانەی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی دژ، هەڵدەوەشێنێتەوە. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش خۆی بۆ هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی ئابووری- ئیداری باشتر له‌ جاران، ئاماده‌ ده‌كات.
​بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا مه‌نتق له‌ میلله‌تی كورد ده‌خوازێ ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌ پشتی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی سه‌ربه‌خۆخوازی خۆیان، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م پیلانه‌ (نێوده‌وڵه‌تیی ـ ناوخۆییه)ـی كه‌ له‌ دژی ده‌سكه‌وته‌كان و دژی شه‌مه‌نده‌فه‌ری رۆیشتن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ته‌ندراو،‌ بگرن.
میلله‌تی كورد ده‌بێ ئه‌م ته‌حه‌دایه‌ش تێپه‌ڕینێ، به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌سته‌نگه‌شدا پاز بدات و ئیراده‌ی خۆی تاقی بكاته‌وه‌ كه‌ میلله‌تێكه‌ به‌ره‌و دواوه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌. چونکە گه‌ڕانه‌وه‌ی میلله‌تی كورد به‌ره‌و دواوه‌، بریتییه‌ له‌ داخل بوون بۆ ناو پرۆژه‌ی ئێرانی. پڕۆژه‌ی ئێرانی به‌مانای ده‌ستلێنه‌دانی سنوره‌كانی سیاسییە. هیچ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ كورد و غه‌یری كورد له‌ ئارادا نابێت، سه‌ره‌نجام كوردستان ده‌بێته‌وه‌ پارێزگایه‌ك له‌ پارێزگاكانی عێراق. له‌ جیاتی عێراقێكی شۆڤێنی فاشی به‌عسی بێ، ئیستا عێراقێكی شۆڤێنی فاشی تائیفییە. بۆیه‌ كورد پتر به‌ره‌و نه‌مان دەبات. حیكمه‌تی سه‌رۆك بارزانی، له‌ پێداگریكردن له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ به‌ مانای له‌ناوچوونه‌، له‌ باشترین حاڵه‌تدا به‌ كۆیله‌بوونی میلله‌تی كورده‌ له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان‌. بۆیه‌ ته‌نیا یه‌ك ڕێگه‌مان له‌پێشه‌ ئه‌ویش بازدانه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی. ئەوە سه‌ربه‌خۆییه‌ كه‌ میلله‌تی كورد ده‌كاته‌ خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆی و چاره‌نووسەکەی ده‌خاته‌وە ده‌ستی خۆی و یه‌كێك ده‌بێ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ست ڕۆیشتو و بوژاوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا. پێویستە هەمو حزبەکان لە پڕۆژەی ئێرانی دوربکەونەوە و لەسەر ستڕاتیژییەکی هاوبەش بۆ کاردستان کۆک بن. کورد دژی ئێران نیە بەڵام بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە فراوانخوازە، یەکناگرێتەوە.
بۆیه‌ مه‌سعوود بارزانی به‌رچاوی ڕوونه‌ و گه‌شبینه‌، ئه‌م گه‌شبینیه‌ ده‌بێ پشتیوانی بكرێت.