هەڵبژاردنەکانی تورکیا و داهاتووی دۆزی کوردستان



هەڵبژاردنەکانی تورکیا و داهاتووی دۆزی کوردستان
سەرۆ قادر
saro.qadir@gmail.com

هەڵبژاردنی 7 ی حوزەیرانی تورکیامان بینی؛ ئۆردوغان دۆڕانی تووشی خۆی و حزب و حکومەتەکەی کرد. لە بەرامبەردا کورد بردییەوە و بە پشکی خۆی چووە ناو پەڕلەمان. پرسیاری تەلیسماوی ئەوەیە: بۆچی ئۆردوغان دۆڕاندی و کورد لەبەرچی بردییەوە؟! ئەو دۆخە نوێیە تواناییەکی دیکە بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەدات؟ لەپێناوی ڕزگاری یەکجارەکی، سەرکردەکانی کوردستان چییان دەکەوێتە سەرشان؟
کەڵەکەبوونی بارودۆخی نالەباری ناوخۆی تورکیا لە ماوەی یەک سەدەدا، دەرفەتی چارەسەرکردنی، بە ئۆردوغان و هاوکارەکانی دا. سەرکردەیەکی محافەزەکاری دینی، بە ڕوانگای ڕەخنەگرانەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، سیانزدە ساڵ دەرفەتی پێدرا. لە سەرەتادا زۆر بە وەستایی وهێمنی، دەستی بە گۆڕانکاری کرد. ئۆردوغان هەموو کارەکانی خراپ نەبوون؛ ئەو توانی سوپای کەمالی، ئایدیۆلۆجیای نەژادپەرستانەی کەمالی، ڕوانگای تورکیا بۆ ڕۆژهەڵات بگۆڕێت. ئابووری وڵاتەکەی بوژاندەوە، کۆمەڵگای تورکیای کردەوە، کێشەی کوردستانی هێنایە ناو باسان و کردیە بەشێک لە ستڕاتیژیی خۆی.
ئەو بارودۆخە بەهانای هەرێمی کوردستان هات، تورکیا بووە دەروازەیەکی فراوان، بۆ پەیوەندی کردنمان بە جیهان. ئەو دەوڵەتە وازی لە سیاسەتی دەوردان و لەناو بردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هێنا. لەگەڵ پ ک ک کەوتە گفتوگۆ، لە باکوردا دەرگای لەسەر دەربڕینی خواستەکانی کورد کردەوە. وازی لە پەلاماری سوپایی هێنا، بەمەش هەموو کورد پشوویەکی هاتەوە بەر. ئەو دۆخەیە ڕێگای بۆ دروستبوونی هادەپ و بردنەوە مێژووییەکەی ڕەخساند. کەواتە پێویستە کورد لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، تەماشای پانۆڕامای سیانزدە ساڵەی ئۆردوغان بکات. ڕێک وەک ڕوانگای شۆڕشی ئەیلول بۆ عبدالکریم قاسم. کارێکی مەرگبار دەبێت ئەگەر هادەپ(پ ک ک)، خۆی لە ستڕاتیژیی تورکیایی و وەخت بەفیڕۆدان بۆ یاری سیاسییانەی ناو پەرلەمان و پازپازێنێی ئۆپۆزیسیۆنیی، ون بکات. هادەپ بە دەنگی کوردان چۆتە پەڕلەمان. ڕای گشتی کوردستان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، چەرخێکی سەد و هەشتا پلەیی لە بەرامبەر ئۆردوغان لێدا. بۆیە دەبێ هادەپ نوێنەرێکی ئەمینی ئەو چەرخدانە مێژووییەی کوردان بێت. هادەپ دەبێ کوردایەتی بکات، هەڵبەت بە تایبەتمەندییەکانی خۆیان.
لە ساڵی 2012 وە گۆڕانی بەرەو خراپ، لە بیروڕا و سیاسەتەکانی ئۆردوغان، ڕووی لە زیادە کرد. تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتە گشتییەکاندا، پاشڕەوی ڕوەو ڕوانگای کۆمەڵایەتییانە بەلای دیندا، گەندەڵی و داڵدە دانی لێپرسراوە دزەکان، پەلامار بۆسەر میدیا و نووسەران، سیاسەتی ئابووریی هەلپەرستانە کە لەسەر وێران بوونی ناوچەکە پارەی کۆدەکردەوە، دەستوەردان لە ژیانی خەڵک، هاوکاریی کردنی تیڕۆڕ بەتایبەتی داعش، سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ناواقیعییانە لە سوریا و میسر، پشتیوانی کردنی اخوان المسلمین، دەستنیشان کردنی پەرلەمانتار و وەزیرەکان بەپێی حەز و بەرژەوەندییەکانی خۆی، دوورخستنەوەی سیاسەتمەدارە کاریگەرەکان، سیاسەتی بێبەزەییانە بەرامبەر بە جەنگی کۆبانێ، پشتگوێ خستنی دۆزی کوردستان، بزرکردنی ڕوانگای ڕوون لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بەرزکردنەوەی پەرستنی شەخسی خۆی، دوورکەوتنەوە لە ناتۆ و ڕۆژئاوا، دژایەتی کردنی بێ پاساوانە بۆ ئیسڕائیل. ئەو دیاردە سیاسییە نەرێنییانە، پوازی لێکهەڵتەکێنەری هەموو حزب و سەرکردە و حکومەتەکانی ڕۆژهەڵات بووە. ئۆردوغان لە سیاسەتی چاکسازی دینی و سیاسی هەڵگەڕایەوە، بۆیە نەیتوانی ببێتە ئەو نموونە سەرکەوتووە تا جیهانی ئیسلامی، لێی فێربن.
ئەو بارودۆخەی ئێستای تورکیا، لەبەرژەوەندی بزووتنەوەی کوردستانە، بە هەموو پارچەکانیەوە. ئەگەر لەم کەڕەتەشدا، کورد و غەیرە کوردەکانی تورکیا، متمانەیان دابایەوە ئاک پارتی، ئەوجا ئۆردوغان ناوچەکەی زۆر ئاڵۆزتر دەکرد. ئەو پێیوابوو خۆی نوێنەری میللەتی کوردە. ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەک با ناوی کورد نەماوە. وایدەزانی کێشەی کوردستان، بە کەمێک کرانەوەی سیاسی و ئیتنیکی ، کۆتایی دێت. ئەو لە وەڵامی پێشنیاری جێگری خۆی لە ئاک پارتیدا( کە کوردە)، سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردی لە سیستەمی پەوەردەدا، بە توڕەییەوە گوتبووی: بۆ ئەم دەوڵەتە هی کوردانە تا زمانی پەروەردە کوردی بێت! لە ئەنجامدا جێگرە کوردەکەی، ئاک پارتی بەجێهێشت و هاتە ناو هادەپ. ئەو دەڵێ: بۆم دەرکەوت ئیدی جێگای کوردان لە لای ئۆردوغان نەماوە. هەروەها سیاسەتی دوژمنکارانە بەرامبەر بە کۆبانێ و هاوکاری کردنی داعش، ئیدی بڕیاری کوردانی یەکلایی کردەوە، هەموویان یەک دەنگ هاتنە سەر هەڵوێستی نەتەوەیی و دەنگیان بە هادەپ داوە. بۆیە هادەپ ئێستا نوێنەری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی باکورە. چاوەڕوان دەکرێت، دەنگی ئۆجەڵان لە چارەسەرییەکاندا، لە جاران بەرزتر و بە هێزتر بێت. ئێستا ئەو دەتوانێت لە ناو پەڕلەماندا، هەموو کێشە و ڕوانگاکانی بە یاسا پێشنیار بکات. دان و ستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا، گەرمتر دەبێت. بۆیە لەوانەیە پ ک ک ناچار بێت هاوکاری زیاتری هادەپ و ئۆجەڵان بکات. باش دەبێ ئەگەر ڕووی ئەو حزبە زیاتر ڕوەو ناوخۆی تورکیا بێت، ئەگینا کێشەی جدی بۆ هادەپ و ئۆجەڵان دروست دەبێت. مەنتق وادەخوازێت پ ک ک فاسیلەیەکی زیاتر لەنێوان خۆی و ئێران دابنێت و سیاسەتێکی نەرمتر، لە هەڵس و کەوت لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان بگرێتەبەر.
بارودۆخی جیهانی لەگەڵ هێنانەدی ئاواتەکانی کوردستان جووتە، هەموو ناوەندە بە هێزەکانی جیهان، لەسەر چارەسەر کردنی دۆزی کوردستان کۆکن. وڵاتانی عەرەبی و دەور وبەرمان، لە باری تایبەتی خۆیاندا، وەک جاران دژی کوردستان نین. دەوڵەتی عێڕاق لە خلۆربوونەوە و لێکهەڵوەشان دایە، بۆیە لە باشووری کوردستاندا، سەربەخۆیی بەستراوەتەوە بە ئاستی هوشیاری و واقیعبینی بزووتنەوە سیاسییەکەی. هەروەها دەوڵەتی سوریا، لە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکاردا دەهاڕدرێت، ناوەندە بەهێزەکانی نێودەوڵەتی، باسی دابەش کردنی سوریا بۆ چەند دەوڵەتێک دەکەن. کوردی ڕۆژاڤا چەند ساڵە خۆیان بەرێوەدەبەن. ئەوان بوونەتە هێزێکی چەکداری ناوچەکە و لە هەموو پێشنیارەکاندا، حسابیان لەسەر دەکەن. بایەخی نێودەوڵەتی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر بووە. ئەو بایەخەش لەو لایەوە دێت کە پێیوایە چارەسەر کردنی دۆزی کوردستان، پێویستە بە یەک پاکێج بێت چونکە چارەسەر کردنی کێشەکە لە پارچەیەکدا،مانەوەی سێ پارچەکەی تر لە تێکۆشاندا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام نابێتەوە. ئێران تەڕەفی سەرەکی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە ئاساییە ئەگەر کێشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، زیاتر بخرێتە ڕۆژەڤەوە. لە کۆتایی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران شکست دێنێت و باجی لێدەستیندرێت. لەو ڕوەوە دەبێ چاوەڕوان بین، لە کاتی مناسبی خۆیدا کوردستانی ڕۆژهەڵات دەرفەتی زیاتری پێ بدرێت. بۆ نموونە وەک ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕووی دا. ستڕاتیژیی ئێران بریتییە لە شەڕی بەردەوام تا دابینکردنی باڵادەستی سیستەمی سیاسی دینی بە مەزهەبی شیعە. لەو ستڕاتیژییەدا، ئێران هیچ یارێکی لە ناوچەکەدا نیە. ئەو بە هێز داخڵی هەندێک وڵات بووە کە بەشێک لە پێکهاتەکەی پەێڕەوانی شیعەن. سعودیە(عەرەب)، تورکیا، پاکستان (موسوڵمانانی غەیرە عەرەب)و ئیسڕائیل نەیاری ئێرانن. ئەوە جیا لە ئەمریکا و ئەوروپا کە پاڵپشت و بزوێنەری سەرەکی ستڕاتیژییەکانن(بشێوی داهێنەرانە- الفوضی الخلاقة).
عەرەبستانی سعودی سەرکردایەتی ستڕاتیژیی عەرەبان دەکات. ئەو پێیوایە ئێران دوژمنی سەرەکییە. بۆ بەربەست کردنی خشانی ئەو دەوڵەتە، لەگەڵ ئیسرائیل چۆتە یەک سەنگەر، هەروەها ڕایگەیاندوە هەبوونی دەوڵەتێکی بەهێزی کوردی سوننی، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوان، یەکدەگرێتەوە. ئایا مەبەست لە دەوڵەتی بەهێز تەنیا هەرێمی کوردستانە؟ من پێموایە ئەو دەنگانەی باسی یەکخستنی هەموو کورد لە یەک دەوڵەتدا دەکەن، قسەکەیان لەخۆڕایی نیە. دەوڵەتی بەهێزی کوردی، دەتوانێت پارێزگاری لە هەموو پێکهاتە غەیرە موسوڵمانەکان بکات، بەربەستێکی بەهێز دەبێت لە پێش جموجۆڵی سوپایی ئێران(لەوانەیە تورکیاش). پشتیوانی دەوڵەتی عەرەبی سوننە دەبێت کە لە ژێر زەبری بەردەوامی شیعەکانی عێڕاق(ئێران) و سوریا دایە. کەنداویەکان دەیانەوێت نەوتی خۆیان لە ڕێگای بۆڕی، بە دەوڵەتی داهاتووی سوننە و کوردستاندا بگەیەننە دەریای ناوەڕاست. هەر لەوێشەوە ئاوی شیرین بە لولە بهێننە کەنداو و شوێنەکانی دیکە. هەردووک مەبەستە ئابووریەکە، قازانجێکی زۆری بۆ عەرەبانی کەنداو تێدایە. گواستنەوەی نەوت بە کەشتی و بە ڕێگای دووردا، خەرج و هەڕەشەی زۆری لەسەرە. هەروەها ئەو ئاوە شیرینەی لە ئێرانەوە بە گەمی دەیگوازرێتەوە، گرانە ئینجا دابینیش نیە.
ستڕاتیژیی ئیسڕائیل، لێدانی سەرچاوەکانی توندڕۆیی و هەڕەشەکردنە لەسەر خۆی. ئەو دەوڵەتە، ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بە سەرکەوتنی ستڕاتیژیی ئەو دەوڵەتە دەزانێت کە ڕایگەیاندوە ئیسڕائیل فرەدەداتە ناو دەریا. ئێران چوار دەوری ئیسڕائیلی گرتووە، هەر کاتێک بیەوێت شەڕ دەخاتە ناوی. بۆیە ئیسڕائیل بۆ هاوکاری کردنی عەرەب لە دژی ئێران، ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە. ئیسڕائیل هەروەها هەبوونی دەوڵەتێکی بەهێزی کوردی، بە هاوکاری بەتوانای خۆی دەزانێت. لۆبی یەهودی لە هەموو جیهان، بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردی کار دەکات. ئەوە هێزێکی گەورەیە و دەستی لە ئەمریکا و ئەوروپادا درێژە. ئیسڕائیل جیا لە ئێران، لە ستڕاتیژیی تورکیا پەستە، بۆیە دروست کردنی دەوڵەتی کوردی گەورە ، نەک هەر بۆ بەربەست کردنی ئێران بەڵکو بۆ پەڕ و باڵ کردنی تورکیاش، بە پێویست دەزانێت.
تورکیا ستڕاتیژییەکی شڵەژاوی هەیە. سەرباری ئەوەش دژی هەبوونی دەوڵەتی کوردی لە باشوور نیە. هەڵبەت لە دەوڵەتی گەورەی کوردستان دەترسێت، بۆیە بەهێچ شێوەیەک باسی پارچەکانی دیکەی کوردستان ناکات. هەڵبەت تورکیا هەست دەکات چارەنووسی پارچەکانی کوردستان، زۆر لێکدی نزیک بۆتەوە. نموونەی کۆبانێ(ڕۆژاڤا) و هەرێمی کوردستان، باشتر لەو پەیوەندییە ئاڵۆزانەمان حاڵی دەکات. تورکیا خۆی، دەستی لە کاری چارەسەرکردنی دۆزی کورد دایە. بۆیە ناتوانێت دژی هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان، یان پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی سەربەخۆیی بوەستێت. تەجرەبەی تورکیا لەگەڵ کۆبانی، ئازارێکە لە مێژوودا لەبیری ناچێتەوە. ئاک پارتی هەموو دەنگەکانی کوردستانی دۆڕاند، هەموو شارە کوردستانییەکان بە کوردی ئەستەمبۆڵ و ئانکاراوە، ڕژانە سەر شەقامەکان و دیفاعیان لە هاونەتەوەییەکانی خۆیان کرد. هەرێمی کوردستان بە سوپا و بە ناو خاکی تورکیادا، خۆی گەیاندە هاریکاریی پارێزەرانی کۆبانێ. پێشمەرگە شەڕی لە کۆبانێ یەکلایی کردەوە. تورکیا ناچار بوو ئەو پێچەل پێچییە قبوڵ بکات.
کەواتە دەکرێ دۆخەکە ئاوها وەسف بکەم؛ دوای سەد ساڵ دژایەتی دەوڵەتانی عەرەبی، تورکیا، ئێستا لە بەرژەوەندییان دایە کورد بکەوێتە ناو هاوکێشەکان. ئیسڕائیل نەک هەر دەوڵەتی کوردستان پشتیوانی دەکات بەڵکو پێشنیاری ئەوتۆ دەهاوێژێ کە کورد دەتوانێ بکەوێتە پەیوەندییەکی کۆنفیدرالی لەگەڵ ئیسرائیل. واتە کۆنفیدڕاتیفییەکی بەهێز لە دوو دەوڵەتی کوردستان و ئیسڕائیل دروست ببێت. کەواتە داشی بەختی کوردان باش سوار بووە. بۆیە پێویستە کاری فکری و سیاسی لەناو کەشی سیاسی کوردستان، چالاک و بەهێز بکرێت. بە زوویی ڕای گشتی گەورەی کوردستانی دروست بکرێت. ئەوەش کاتێک دەبێت کە بە ڕوونی لە ئەگەرەکان بگەین. ئەو ڕوانگایەی بەڕێز مەسعود بارزانی زۆر واقیعیانەیە کە دەڵێت؛ دەبێ کورد بەهێزەوە دیفاع لە بەرژەوەندییەکانی بکات و لە ناوخۆیدا یەک بێت.
ئەوەی من باسی دەکەم، یۆتۆپیا نیە، مسۆگەریش نیە بەڵکو دان و ستاندنی بەرژەوەندییەکان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەم قۆناغە بەسەر دەچێت. کورد دەبێ توانایی بیرکردنەوە و سیاسەت کردن بەخۆی بدات، لە گرێی خۆبەکەم زانین ڕزگاری ببێت. سەرکردەکانی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان، لە هەر چوار پارچە، دەبێ بکەونە گفتوگۆ، ئامانجیان داڕشتنی ستڕاتیژییەکی نەتەوەیی بێت کە سەربەخۆیی و دوایی یەکگرتنەوە، ئامانجی بێت.