کوردستان و دەوروبەر هەوڵدان بۆ ئایندەیەکی ڕوون

کوردستان و دەوروبەر
هەوڵدان بۆ ئایندەیەکی ڕوون

سەرۆ قادر
بەڕیوەبەری ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان(IRDK)
saro.qadir@irdk.org

کوردستان ئێستا لە باردۆخێکی زۆر حەساسی سەربازی و سیاسی و ئیتنیکیدا دەژیەت، بەومانایەی کەوا هەرچوار وڵاتی دەوروبەرمان کەوتونەتە شەڕێکی قورس. لە رووی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیشەوە کێشەکانیان هەروا زیاد دەکات. ئەو تەباییەی کە دەوڵاتانی دەوروبەرمان( کە بە داگیرکەری کوردستان بەناووبانگن) پیشانی دەدەن، لە راستیدا وا لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە،. بۆ نموونە عێراق ئێستا سێ پێکهاتەی سەرەکی تێدایە و یەکتر قەبوڵ ناکەن، ئەوانیش سوننە و شیعەی عەرەب و کورد لە هەرێمی کوردستاندا.
بارودۆخی عێراق لە ڕوانگەی هەموو هێزە دەرەکییەکان و ئەو لایەنانەی چاودێری دەکەن و دەیانەوێ چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، لە کۆتایی هەرباسێکدا وەکو تاکە رێگا بۆ ئارامبونەوەی عێراق و دەورووبەری دەگەن بە دابەشکردنی عێراق. ئەوەی کە پەیوەندی بە سوریاشەوە هەیە لە چارەنوسی عێراق نێزیکە، لە سوریادا، کوردستانی ڕۆژئاوا سەرباری هەموو تێبینییەکانی کە هەیە، هەنگاوی بە پەلەی هاویشتووە و توانیوییەتی ناوچەکانی کوردستان و ئەو بەشانەشی کە تەعریب کراوە ئازاد بکات، لە هەمان کاتیشدا توانیویەتی بەشدارییەکی باشیش لە پاشەکشێ پێکردنی داعشدا بکات. هەرێمی ڕۆژئاوا یان فیدرالیزمی رۆژئاوا یان هەر ناوێک کە پەیەدە لێینابێت، ئەوە زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کورد ئێستا ئەو پارچەیە بەڕێوەدەبات.
عەلەویەکان بە پەلە خۆیان ئامادە دەکەن لە کاتی گۆڕانکاریەکانی داهاتوودا دەوڵەتی خۆیان رابگەیەنن. چارەنوسی عەرەبی سوننە و تورکمانی سوونەی ناو سوریاش ماوەتە بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان سعودیا و تورکیا، هەروەها ئەو هێزانەشی کە لە دەوروبەر بەرژەوەندیان لە هەر گۆڕانکاریەکی ناوچەکەدا هەیە، وەکو (ئیسرائیل، ئێران و ئوردون)، هەروەها کوردستانیش.
تورکیا بەو کودەتایەی دوایی دەرکەوت کە ناتوانێ وەکو دەوڵەتێکی بەهێز و دەوڵەمەند بمێنێتەوە، لە کاتێکدا چواردەوری لە شەردایە و ئاگردەبارێ، ئەویش سودێکی زۆر لە ماڵوێرانی دەوروبەر بکات. رووداوی ئەم دوایەی تورکیا جیا لە تێکچونی باری ئەمنی لە نەتیجەی پەیدابونی کێشە لە نێوان داعش و تورکیا، ئەو تەقینەوانەی لە ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا بە دەستی داعش رویاندا، خودی کودەتاکەش نیشانی دا کە لە سەرکردایەتی عەسکەری و سیاسی تورکیادا جیاوازیەکی زۆر هەیە، ڕوانگاکانیان زۆر لێکدورن، هەروەها ئایندەی تورکیا دیار نییە، دیار نییە ئاخۆ سوپا هەڵدەگەڕێتەوە یان نا، ئەلتەرناتیڤی دیکە دێنە پێش یان ئەوەتا فەرمانڕەوایی ئەردۆگان بەشێوەیەکی دیکتاتۆریانە بەسەر هەموو تورکیادا باڵ دەکێشێ. ئەوەش بۆخۆی دەرهاویشتەی دیکەی دەبێ.
لە هەموو حاڵەتێکدا هەریەک لەوانەی کە باسم کرد لە تورکیادا روو بدەن ئەوا بە گوێرەی ئەو ئاماژانەی کەوا هەن ئەو دەستەڵاتە ناداتەوە بە تورکیا کە تەنانەت ناوخۆی تورکیاش بە باشی کۆنترۆڵ بکات، چجای دەوروبەری خۆی و هەبوونی ستراتیژی دەرەوەی تورکیا. ئێستا تورکیا لە هەبوونی ستراتیژیەت بۆ ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵات و ئەوروپا پاشەکشەی کرد بۆ پاراستنی لانی هەرە کەم، کە ئەویش بریتییە لە پاراستنی خۆی. لە پاراستنی خۆشیدا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش نییە، لە نێوان پەکەکە و هێزە کوردییەکان و حکوومەتی تورکیادا هیچ روانگایەکی هاوبەش نەماوە و پرۆسەی ئاشتیان بەستووە. بۆیە دەبێ چاوەڕێ بین کە ئابووری تورکیاش زۆر بە خێرایی کاریگەری لەم دۆخە لێکهەڵوەشاوە وەربگرێ. دەستی تورکیا لە شەڕەکانی سوریا و پەکەکە و بەشداری لە عێراقدا زۆر لاواز دەبێ.
ئێران کە شەڕکەری سەرەکییە لە بەرانبەر ئەورووپا و ئەمەریکادا، هەروەها خۆی بە دوژمنی سەرەکی سعودییە دەزانێ و سعودییەش بە هەمان شێوە. ساڵی پار باسی ئەوەمان کرد کەوا ئێران پاشەکشەی پێکرا لە شەڕەکان بەرەو سنورەکانی خۆی، لە لوبنان و سوریا و لە یەمەن، هەروەها لە عێراق پێگەی ئێران یەکجار زۆر لاواز بووە. هێزەکانی ئێرانی لەو وڵاتانەدا ئەگەر مابیشن ئەوا بە شێوەی راوێژکاری سەربازی زیاتر ماون. تەنۆلۆژیای سەربازی ئێران دەورێکی زۆر لاوازی نیشاندا، بە تایبەتی هێزی هەوایی و دەریایی ئێران نیشانی دا کە لەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە هیچ دەورێک نابینن و گرنگیشی نییە.
ئەمساڵ بە ددانپێدانانی سەرکردە سیاسی و سەربازییە گەورەکانی ئێرانی، لەسەر ئاستی وەزیری پاسداران و وەزیری جەنگ و راوێژکارە سەرەکییەکانی رەهبەری جمهوری ئیسلامی ئێران، دەڵێن کەوا شەڕ کەوتۆتە ناو خاکی ئێران بۆخۆی. ئەوان باسی شەڕ لە کوردستان و خوزستان و واتە لە ئەهواز و بەلوچستان دەکەن. تۆنی دەنگی سەرکردە سەربازیەکانی ئێران جۆرێک لە ترسی پێوە دیارە، ئەوان دەڵێن زانیاریان هەیە کە هێزێکی گەورەی نێودەوڵەتی لە پشتەوەی ئەم شەرە ناوخۆییە بچوکانەوە بن کە لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە خێرایی گەورەتر ببن. ئەوەش تەواوی ئێران بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن و دەبێ ئێمە چاودێری و لێکۆڵینەوە لەسەر دوای ئەم شەڕانە لەناو ئێران بکەین، تا بزانین بەشەکانی تری ئێران کاردانەوەیان چۆن دەبێت. ئایا ئێران خۆی دەگرێت؟ تەجرەبەی سوریا دوبارە دەکاتەوە؟ وەکو تورکیای بەسەر دێت؟ یان وەکو میسری لێدێت. جارێ دیار نییە، یان لەوانەیە نمونەیەکی دیکە پێشکێش بکات. لە هەموو حاڵتێکدا ئێران لەم پێگەیە دەرچوو کە وەکو هێزێکی نێودەوڵەتی کەس نەتوانێ پاشەکشەی پێ بکات و هیچ کەسێک یان هێزێک نەتوانێ پەل باوێتە ناو ئاسایشی ناوخۆی. ئەمە کاردانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
ئێمە لە مانگی رابدوودا بینیمان کە ئێران زۆر بە جدی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها هەرێمی کوردستانی لەگەڵ سعودییە و ئیسرائیل جوتکردووە. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە هیچ کێشەیەکی عەسکەری و سیاسی لەگەڵ ئێران نییە، هەروەها خۆشی ناگلێنێتە هیچ کێشەیەکی داهاتوو، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر گۆرانکارییەک بەسەر ئێراندا بێ ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر ئەم دەورەی کە کوردستان لە داهاتودا دەیبینێ دەبێت. هەربۆیە سەرکردایەتی کوردستان، ستراتیژیی سەرۆکی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی کوردستان ئەوەیە کە لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ژمارە یەکدا دەبێ بۆ هەر ئەلتەرناتیڤێک کە لە داهاتودا پێشنیار بکرێ لە نێوان کوردستان و عێراقدا. لە هەمان کاتدا کوردستان بەردەوام هەوڵ دەدات تێگەیشتنی لەگەڵ تورکیا و ئێران هەبێ و کێشە ناوخۆییەکانی ئەوان نەبەسترێنەوە بە دەوری هەرێمی کوردستان، یان بەو دەورەی کوردستان ئێستا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەیبینێ. وەک دەبینین ئێستا هێزەکانی نێودەوڵەتی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ کوردستان فراوانتر کردووە، هەروەها لە هەموو روویەکەوە رایانگەیاندووە کەوا یارمەتی بۆ کوردستان زیاتر دەکەن و بوونیان لە کوردستان بۆ رووبەڕوبوونەوەی داعش و رێکخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکەن.
لە راستیدا کوردستان بۆتە تاکە ناوچە یان تاکە وڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ و هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ، بۆ ئەوەی بتوانن دەورێکی کاریگەری سیاسی و سەربازیان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێ. ئەوەش بایەخێکی زیاتر لە جاران بە کوردستان دەدات، هەروەها سەربەخۆیی و دەوری کوردستان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین دەکات.
هەر ئەوەشە کە ئێستا لە تەعدیلاتی دەربڕینە یەک لە دوای یەکەکانی سەرۆکی کوردستان بۆ سیاسەتی کوردستان لە ناوچەکەدا هەستی پێ دەکەین، ئەم تەعدیلاتانە بە مانای پێشکەوتنە بەرەو پێشەوە و پاشەکشەی تێدا نییە.
لە کوردستاندا ئەوەی کە هەستی پێ دەکرێ لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی گرنگییەکی زۆری هەیە، ئێستا وا خەریکە واقیعی ژیان بەسەر هەموو حیزبەکانیدا دەسەپێنێ کەوا دەبێ لە دەرەوەی بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسی کە لە سەرکردەکاندا هەیانە، بۆ دابینکردنی چارەنووسی کوردستان لێکتێگەیشتن زۆرتر ببێ و بەیەکەوە کۆببنەوە. هەر ئەوەش وا دەکات کە دەکرێ چاوەڕوان بین لە داهاتویەکی نزیکدا و بە شێوەی جیا جیا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان دەست پێبکات. ئەگەر کارێکی ئاوها رووبدات ئەوا نیشانەی زیندوێتی بزوتنەوەی سیاسی کوردستانە. چونکە چارەنوسی هەموو پارچەکانی کوردستان و هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکە، لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسی هیچ حیزبێک و هیچ کەسێک ناتوانێ لەم بارودۆخی عەسکەری و سیاسییەی کە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕات تێیدا دەژیەت، هیچ شارێکی کوردستان لە هەرێمی کوردستان داببڕێت، هەروەها ناتوانێ هیچ ڕوانگایەکی دیکەی دەرەوە بێنێتە ناو ئەو ئەلتەرناتیڤەی کە بۆ داهاتوی کوردستان خەریکە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.­­­­­­­
هەربۆیە هەر ریسکێک بۆ شێواندنی هەرێمی کوردستان، من پێموایە لە داهاتودا جگە لە تێکشکانی ئەو کەس و لایەنەی کە خولیای ئاوهایان لەسەردا هەبێ، هیچی دیکەیان پێنابڕێ.
بۆیە ئێستا هەموو سیاسەتمەدارەکانی کوردستان و حیزبەکان و هەموو کەسایەتییە کۆمەلایەتییەکان و ئەو رۆشنبیرانەی کە توانای بیرکردنەوە و بەشداریکردنیان هەیە لە دروست کردنی روانگە بۆ داهاتووی کوردستان، دەبێ بە دوای خاڵە بەهێزەکانی ئێستای کوردستاندا بگەڕێن. ئەو خاڵە بەهێزانە روون بکەنەوە و هەموو لایەک دەست بەم خاڵ و لایەنە بەهێزانەوە بگرێت کە کوردستان لەم بارودۆخە نوێیەدا هەیەتی. لە راستیدا من پێم وایە سێ لایەن یان سێ خاڵی بەهێز دەکرێ لە پێگەی ئێستای کوردستاندا دەستنیشان بکرێ.
یەکەم: هەبوونی سوپایەکی بەهێزە بەناوی پێشمەرگە، کە ئێستا هاریکاری نێودەوڵەتی بۆ دابین کراوە.
دووەم: هەبوونی سەرۆکێکی بەرچاو ڕوون و زانایە و فەرماندەیەکی عەسکەری بەهێزە بە ناوی بارزانی، کە جێی متمانەی ناوخۆ و نێودەوڵەتییە.
سێیەم: هەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە سەرباری هەموو ئاستەنگەکان توانیویەتی وەکو حکومەتێک بمێنێتەوە، ئێستا خەریکە وردە وردە دەتوانێ پێویستییە داراییەکانی هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە ئەندازەی هەرە کەمیش بێت دابین بکات و نەهێڵێ شیرازەی ئیداری و پەیوەندییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لێک هەڵبوەشێت. لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دەستی داوەتە بیرکردنەوە لە چاکسازی کردن لە ئەدای حکوومەت و لە سیستەمی ئیداری و ماڵیدا، کە من پێموایە لە داهاتودا و ئەگەر ئەو داهاتووە زۆر نێزیکیش نەبێ، بەو رێنوێنیانەی کەوا سەرۆک بارزانی تەئکیدی لەسەر دەکاتەوە و ئەو هاریکارییە نێودەڵەتیەی هەیە، نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو چاکسازیەکی باش بەرێ. بەڵام ئەوە پێویستی بە بەشداری و هاریکاری هەموو لایەنەکان هەیە.
لەبەر ئەم سێ هۆکارەی کە باسم کردن (پێشمەرگە، سەرۆک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان) پێویستە حیزبەکانی کوردستان هاوکاریان بکەن، ئەو هاوکاریەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی بێت نەک لەسەر بنەمای ئەوەی حیزبەکە بەشدار دەبێت لە حکوومەت یان سود و قازانجی ئەو حیزب و فڵان کەس لە دارایی کوردستان چەند دەبێت.
من پێم وایە هەموو حیزبەکان بەبێ جیاوازی، لە هەرە بچوک تا گەورەکان بەرپرسیارێتیان هەیە لەبەردەم شناسایی کردنی ئەم سێ لایەنەی کە باسم کردن، هاوکاری کردنیان و بەشداری کردن لە دروست کردنی یەک پارچەیی ناوخۆیی.
ئەگەر من کورتی بکەمەوە و بە پوختی بمەوێ ئارمانجی خۆم دەرببڕم، پێم وایە داهاتوی عێراق، داهاتوی تورکیا و ئێران، داهاتوویەکە کە ناتوانێ وەکو خۆی بمێنێتەوە، دەوری جوگرافیان، واتە دابەشبونیان یان مانەوەیان، دەوری سەربازیان و ئەو ستراتیژیەی کەوا هەیانبوو یان لەگەڵی تێکەڵ ببوون، هەموو ئەوانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئەم گۆڕانکاریانە وایان لێدەکات کە بە واقیع بینییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێز بکەن کەوا بە کردەیی دەستی پێ کردووە و لە رووی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێ، لەناو خۆشیدا زۆر بە ئیرادە و بە هێزەوە خۆی بەڕێوە دەبات، ئەویش کوردستانە.
کوردستان سەرباری هەموو کێشەکانی لە ناوخۆ و لە رووی سەربازیشەوە لە دەرەوەش هەیەتی، بەڵام بە خێرایی وا گەشە دەکات، بە خێرایی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زیاد دەبێ، هەروەها بە خێراییش خەریکە ئاسۆی ئەم نەخشە سیاسییەی کە دەوڵەتی داهاتووی ئێمەی لەسەر بنیات دەندرێ رۆژ بە رۆژ دەردەکەوێ و دروست دەبێ. جگە لە لەیەکتێگەیشتنی حیزبەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەیشتنی حیزبەکانی سێ پارچەکەی دیکەش بە تایبەتی حیزبە سەرەکییەکان لە رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵات لە یەکتری و لە هەستکردن بە دەوری ئەوانیش لە داهاتودا زۆر گرنگە. ئەمە هەمان گرنگی روانگەی نیشتمان ​پەروەرانەی حیزبەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.
گەر حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، لە روانگەی بەرژەوەندی نیشتمانی هاوکاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوا حیزبەکانی سێ پارچەکەی تر لە روانگەی دەوری کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوری ئەم کوردستانە بە هێزە لە گۆڕانکاری لە داهاتوی ئەوانیشدا هەڵبسەنگێنن و هاوکاری بکەن و لە نزیکەوە لێکتێگەیشتن هەبێت. ئەمە پێویستییە هەرە ژیارییەکانی ئێستای کوردستانن. نیشتمانپەروەریی لە هەڵکشانی سیاسیەکاندایە بەرەو پاراستنی دەسکەوتەکانی وڵاتەکەیان. نەک نەخشەکێشان بۆ شکاندنی ئێسقانی یەکدی.