کۆبانێ تەنیا بە هەمووان دەپارێزرێت

کۆبانێ تەنیا بە هەمووان دەپارێزرێت

کۆبانێ لە گەمارۆدا ماوەتەوە و قارەمانانە دیفاع دەکات. لە ماوەی ٤٨ سەعاتی ڕابردوودا، زۆر ڕاستیمان بۆ دەرکەوتن؛ سوریا، عیڕاق، ئێران، تورکیا بە هانای کارەساتی کۆبانێ نەگەیشتوون، ناشگەن. جۆگرافیای سیاسی ناوچەکە بە جۆرێک ئارایش دراوە کە تەنیا کورد دەتوانن بە هانای یەکدی بگەن. ئەو چوار پارچەیە، چارەنووسیان پێکەوە بەستراوە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ بەدیل دۆزینەوە، هەناسە ساردی بەدواوەیە.
میللەتی کورد، هاوڵاتیانی کوردستان، لە نیشتمان و تاراوگەییدا، وا گوێی جیهانیان کەڕ دەکەن، چاویان پێ دەکەنەوە، کارەساتیان پی دەبینن. تاکە دەوڵەت کە دەبێ و دەتوانێت بە هانای کۆبانێ (بە ڕۆژاڤاشەوە) بگات، باشووری کوردستانە. حکوومەتی کوردستان، نەک هەر خۆییە بەڵکو هاوپەیمانی سیاسی و سوپایی ئەمریکا و ئەوروپا و گشت ڕۆژاوایە. بۆیە برایانی ڕۆژاڤا، کێشەی خۆیان بێننە ناو دەوڵەتی خۆیان، پرس و ڕایان و دەرگاکان بە هاوکاری سەرۆکی کوردستان بکەنەوە، نە منەتی تێدایە و نە کاتیش بە فیڕۆ دەچی و نە خوێنمان زیاتر لێ دەچۆڕێت.
چارەنووس یەکە، ڕکەی لەگەڵ ناکرێت.
شەڕی ئایدیۆلۆجی و ڕکەی حزبایەتی، عینادی شەخسی لە تێکۆشان و سیاسەتدا ئایندەیان نیە.
تەنیا تەوازوع، ڕاستگۆیی، دڵسۆزیی و واقیعبینی سەرکەوتن بەداوی خۆیدا دێنێت.