بە سیاسی کردنی کۆمەڵگا نیشانەی قەیرانە



بە سیاسی کردنی کۆمەڵگا
نیشانەی قەیرانە

سەرۆ قادر

سیاسەت مێژوویەکی درێژی لە ناو کۆمەڵگای مرۆڤدا هەیە. سیاسەت دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، واتە لە جموجۆڵی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی پڕۆسەکانییەوە، سەرهەڵدەدات. مانەوەی کۆمەڵگا، بەندە بە زانیاری خۆبەڕێوەبردن و هەوڵدان بۆ باشتر کردنی ژیانی دانیشتوان. بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی، زەروورەتێکی ژیانکردە. کۆمەڵگا هەر لە خۆیەوە بەڕێوەناچێت و توانایی دابین کردنی پێویستیەکانی مانەوەی خۆی نیە. بۆیە وەک هەموو بوارەکانی دیکەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، زەروورەتی پیشەی سیاسەتیش هاتۆتە کایەوە. واتە ئەوە زانستێکە و پێویستە بخوێندریت، وەک پیشەیەکیش، ژمارەیەکی خەڵکی شارەزا، خۆی بۆ تەرخان دەکەن.
سیاسەت لە جەوهەری خۆیدا، زانست و پیشەیەکی ئینسانییە و ڕووی لە دابین کردنی سەرچاوەکانی پاراستنی کۆمەڵگا دایە. هەڵبەت نابێ گومانمان هەبێت، ئەو پیشەیە کەسانی تایبەت بە خۆی هەیە و بزووتنەوەی لەباری خۆشیان، دروست دەکەن. سیاسەت هونەری دابین کردنی دەرفەتی پێشکەوتن بۆ هەموو بەش و پیشە و بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگایە. لەم ڕووەوە، هەموو کەس ناتوانێت ببێتە سیاسەتمەدار. هەر وەک هەموو کەس نابێتە دادوەر بۆ دابین کردنی عەدالەت.
لە پڕۆسەی سیاسی دایە، حزبەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان، دەردەکەون و دێنە مەیدانی کێ بەر کێ. کۆمەڵگا خاوەنی یەک ڕوانگا نیە، بۆیە ئاساییە چەندین ڕوانگای سیاسی ، بە حزبی سیاسی خۆیانەوە ، منافەسەی یەکدی بکەن. ئەو کردەوەیە پێویستی بە یاسای هاوچەرخ و سیستەمی دیموکڕاسی گونجاو هەیە.
هەر کاتێک، کۆمەڵگا بکەویتە قەیران، جموجۆڵ و کەشی سیاسیی چالاکتر و گەرمتر دەبێت. لە قەیرانەکاندا، دەرفەتی هەڵکشانی کەسایەتییە باش یان خراپەکان، دەڕەخسێت. کردەوەی بە سیاسەت کردن و بە حزبی کردنی کۆمەڵگا، لە قوڵبوونەوەی قەیرانەکانڕا دێت. بارودۆخی سەخت، منافەسەی لار و خوار، پێویستی بە ڕاکێشانی خەڵک هەیە. بەهێزبوونی ڕەوتی لار و لاساری سیاسی، بە حزبی کردن و زاڵ کردنی پیشەی سیاسەت لە ژیانی کۆمەڵگادا، دەکاتە ئامانجی سەرەکی.
لە قەیران و لاریدا، بە سیاسەت کردنی ژیان، کەرستەیەکی لەبارە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و برەودان بە ناڕاستی و زوڵم. سیاسەت کردن جیایە، لە بەسیاسی کردن. سیاسەتی باش و سەرکردە کاریگەرەکان، بە سیاسەت کردن ناکەنە ئامانج. بە پێچەوانەی ئەمەوە، کەسایەتییە خۆسەپێنەرەکان، بۆ بەردەوامی بەرژەوەندییەکانیان، سیاسەت دەکەنە نان و ئاو. بەمەش دانیشتوان چەواشە دەکەن و دەیانخەنە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
لەو حاڵەتەی دواییدا، وڵات لە تەنگوچەڵەمەدا پنگ دەخواتەوە و کێشەکان چارەسەر ناکرێن و خەڵک لێیان دەشێوێت. ئەو دیاردەیە، زیاتر لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکان، بەتایبەتی لە جیهانی سێیەمدا باوە. بەڵام لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، خەڵک مامەڵەیەکی واقیعییانە لەگەڵ دیاردەی سیاسەت دەکەن و بەپێی یاسا و سیستەمی دیاری کراو، ڕێگای بەشداری خۆیان دەزانن. لەویدا، سیاسەت پیشەی هەموو کەس نیە ، هەروەها لە سیاسەتدا ئیمتیازێکی هێندە قەڵەو نابیندرێ. بۆیە سیاسەتمەدارەکان، بە ئاسانی سەردەکەون و دادەبەزن.
کوردستان، وڵاتێکی پڕ لە قەیران و کێشەیە. سەربەخۆیی بەدەستنەهێناوە، بۆیە سیستەمێکی لەباری بۆ ژیانی سیاسی نیە. بۆ ڕزگاریی، هەموو کەس پێویستە بەشداری بکات، بەڵام ئەوە واناگەێنێ کە هەموو ژیان بکەوێتە ناو سیاسەت. ئەگەر دیاردەیەکی وەلۆ دروست بوو، ئەوجا کەسانی خۆهەڵپەسێن و هەلپەرست و مافیا، دێنە ناو سیاسەت و یاری بە چارەنووسی کۆمەڵگا دەکەن. ئەم حاڵەتەی ئێستای کوردستان، لەو لادانی سیاسییەوە دێت.
بە سیاسەت کردن، بە حزبی کردنی بەدواوە دێت. لەو کەشە نالەبارەدا، داهێنان و خوێندن و بەرهەم هێنان، پاشەکشە دەکات و شیرازەی کۆمەڵگا دەترازێ.