هەزار ژمارەی گوڵان دوای بیست ساڵ ئەزموونێکی پڕ لە شانازیی س


هەزار ژمارەی گوڵان
دوای بیست ساڵ
ئەزموونێکی پڕ لە شانازیی
سەرۆ قادر

بیست و هەندێک ساڵ بەر لە ئێستا،یەکەمین ژمارەی گۆڤاری گوڵانمان دەرکرد. ئێستا بە بۆنای ژمارەی (1000)ی گۆڤارەکە، ئەم دێڕانە دەنووسم. ژمارەیەکی کەم رۆژنامەنووس و ئەدیبی ناوداری وڵاتەکەمان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، تێیدا بەشدار بوون. بارودۆخ لەوکاتدا، وەکو ئێستا شەڕاوی بوو. هەڵبەت بە جیاوازی نێوان شەڕی ئەوکاتی ناوخۆ و شەڕی داسەپاوی تووندڕۆی ئیسڵامی- هەرێمایەتی ئێستا.
بە پشتیوانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی گوڵان دامەزرا. لە دوای ڕاپەڕینی ڕزگاریی، ئەوە یەکەمین تەجرەبەی ڕاگەیاندنی فرەکەناڵ(گرووپ) بوو، کوردستان بەخۆیەوە دیت. دەزگاکە بە گۆڤاری گوڵان دەستیپێکرد بەڵام لە ناوخۆیدا لە، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامەی ڕۆژانە، گۆڤارێکی عەرەبی، گۆڤارێکی کرمانجی/لاتینی، گۆڤاری ئەدەبی ڕامان، دەزگای بڵاکردنەوەی کتێب، مالپەڕێکی ئەنتەرنێتی بەهێزی،پێکدەهات. گوڵان ئۆرگانی حزب نەبوو بەڵکو دەزگایەکی لایەنداری پارتی دیموکڕاتی کوردستان بوو. ئەمە بیرۆکەی دامەزراندنی بوو.
گوڵان تەنیا دوو ژمارەی لێ دەرچوو بوو کە شەڕی ناوخۆ دەستیپێکرد. بۆیە تەجرەبەکە لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا، بەردەوام بوو، پەرەیسەند. لەوکاتدا بۆچوونێکی بەهێز درووست بوو گوایە ئەو دەزگایە بەنیازی شەڕەکە درووست بووبێت. ئەو بۆچوونە لە ڕاستی زۆر دوور بوو. هیچ پەیوەندییەک لەو نێوانەدا نەبوو. لە بارودۆخی ئەوکاتدا، ئەگەر شەڕی ناوخۆ نەبووباش،دیسان کارێکی زۆر زەحمەتی دەویست تا شێوازێکی نوێی ڕاگەیاندن، دێتە ناو کولتووری سیاسی. ئێمە ئەو زەحمەتییەمان بە هەست و جەستە، تاقی کردەوە. جەنگی ناوخۆ، نەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لە ناو پارتیشدا، کێشەی بۆ گوڵان درووست دەکرد. تەجرەبەکە بەردەوام بوو، لە زۆر لاوە دەستی پشتیوانی دەدرایە پاڵ. سەرەنجام دوای هەشت ساڵ، گوڵان بە کردەوە کۆتایی پێهات(هەرچەند بەناو تا ساڵی ٢٠٠٤ بەردەوام بوو).
دوای بیست ساڵ، ئێستا شاهیدی بۆ گوڵان دەدرێت کە بۆ کوردستان، تەجرەبەیەکی نیشتمانی فرەخوازی فرە کاناڵ بووە. ئەزموونەکە بووە موڵکی هەموو کوردستان. هەربۆیەش لەگەڵ کۆتایی هاتنی گوڵان، تەجرەبەکانی جیلی دووەم هاتنە مەیدان. نەیارەکانی دەزگای گوڵان، تەجرەبەکەیان وەرگرت و بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەری بەردەوام بوون. ئەوەش شاهیدی ئەو رۆلە مێژووییەیە کە گوڵان لە رۆژنامەنووسی کوردستاندا، بینیویەتی.
گۆڤاری گوڵان، تاکە یادگاری ئەو پڕۆژە نیشتمانییە نوێخوازەیە کە ناوی دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی گوڵان بوو. ئەو گۆڤارە، ڕێچکەی بۆ ڕێبازی ڕاگەیاندنی ناو دەزگاکە دەکێشا و ڕاشیدەگرت. هەر لە سەرەتاوە، نیاز وابوو گۆڤارەکە لە ئاستێکی دیاریکراو نەیەتە خوارتر.ئەویش بایەخدان بوو بە فکری سیاسی کوردستان. ئێستا لە دوای بیست ساڵ، گۆڤارەکە لەسەر ڕێبازی خۆی بەردەوامە و بە سەکۆیەکی فکریی باوەڕپیکراو، دادەندرێت. من ئەو شاهیدییە بە شانازییەوە دەنووسم.
بەردەوامی گۆڤاری گوڵان، لەو ڕێبازە رۆژنامەنووسییەدایە کە بیست ساڵە لەسەری دەڕوات. هەموو هەفتەیەک دەرچووە، لە زۆر قۆناغدا، پێش بەو شێوازەی گوڵان گیراوە و لە ئاستی دەهێندرایە خوارەوە. ئەوەی جێی دڵخۆشییە، گوڵان لەسەر بنەمایەک دامەزراوە و ڕاهاتووە کە دەسکاری کردنی دەبێتە گرفت بۆ ڕۆلی گۆڤارەکە، فشار بۆ سەرکردایەتی سیاسی دێت. بۆیە لەو بۆنایەدا جەخت لەسەر پشتیوانی بەردەوامی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم تا دەستبەرداری ئەو ئەزموونە نەبن کە دوو دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە و بە یەکەمین گۆڤاری سیاسی دەژمێردرێت، نەوەستاوە. متمانە و ئیعتباری مێژویی، لە کاری رۆژنامەنووسیدا بایەخێکی زۆری هەیە.
دەزگای گوڵان، قوتابخانەیەکی بەرهەمداری ڕۆژنامەنووسی بووە، جیلێکی نوێی لە ڕۆژنامەنووسان پێگەیاند. جێ پەنجەی ئەو جیلە، لە ڕاگەیاندنی ئەمڕۆدا بە ئاشکرا دیارە.
تەجرەبەی گوڵان، بەری ڕەنجی ژمارەیەکی زۆر نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسی کوردستانە. کۆتایی هاتنی کاری ژمارەیەکی زۆر لەو کەسایەتییانە لە گوڵاندا، بووە دەستپێکی تەجرەبەی دیکەی ڕۆشنبیریی و ڕۆژنامەنووسی و سیاسی نوێ. ئەو دەزگایە قۆناغێکی پڕشنگداری، لەناو پارتی دیموکڕاتی کوردستان و تێکڕای وڵاتەکەمان تۆمار کرد. تەجرەبەیەکی نوێی هێنایە کایە. جیلێکی دیکەی ڕۆژنامەنووسانی پێگەیاند. شێوازێکی مۆدێڕنی لە کاری راگەیاندن بەسەر کوردستاندا سەپاند.
لەم بۆنایەدا، سڵاو بۆ هاوکارەکانی ڕۆژانی تەنگانە و گوزەری سەختییەکان دەنێرم. ئەوانەی کۆچیان کردووە کڕنووشیان بۆ دەبەم. دەستی جیلی نوێ دەگوشم و شانازییان پێدەکەم؛ لە سەرنووسەر تا دوا پەیامنێریان.
گوڵان بە دەرچوونی هەفتانەی بەردەوام، ئێستا گەیشتە ژمارە1000، بەوەش پێویستێتی گۆڤارەکە و سەنگینی ڕێبازەکەی دەریدەخات، ئەم گۆڤارە بەتردەوام دەبێت، بووەتە پێویستییەکی نیشتمانی. گوڵان تاکە گۆڤاری کوردستانە، دوو دەیە بەردەوامە و ئێستاش بڕستی لە هەموو کاتێك زیاترە. من بەمەیان زۆر خۆشحاڵم.









































ناوی هەندێک لە نووسەر و رۆژنامەنووسە سەرەتاکانی گوڵان:

سەرۆ قادر
بەدران ئەحمەد
فەیسەڵ دەباغ
ئازاد عەبدولواحید
مەحموود زامدار
سەلام عەبدوڵڵا
کەمال نووری مەعرووف
ئاسۆ کەریم
میکائیل ئیبڕاهیم
محەمەد مەلا ئەسعەد
سەڵاح حەسەن
سالار عوسمان
عەبدولغەنی عەلی یەحیا
شێرزاد حەسەن
ڕەئوف حەسەن
ناسر حەسەن
ڕزگار ئاکرەیی
هێمن حەسەن
ڤینۆس بابان
تریفە...
محەمەد ساڵەیی
محەمەد قادر
ئیبڕاهیم حەکیم(هونەرمەند)
سەلام کۆیی (هونەرمەند)
حەمکۆ(هونەرمەند)
عبدالرزاق علی
بێوار عبدالرحمان
میرئال زیلانی
چیمەن ساڵح
سامی شۆڕش

هەڵبەت ناوی ئەو گەنجە زۆر و فیداکارانە نانووسرێت کە شەو و ڕۆژ کاریان لە دەزگاکەدا دەکرد.