چۆن لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی تێدەگەین؟


چۆن لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی تێدەگەین؟

بەرپرسیارێتی نیشتمانی، بریتییە لە زانیاری و ڕاهێنانێکی پەروەردەیی، تاک لە پڕۆسەی گەورە بوونی تەمەنی لە خێزان و کۆمەڵگا و قوتابخانە تا زانکۆ وەریدەگرێت. هەستی نیشتمانپەروەرێتی لە کەساندا دەخەمڵێندرێت. ئەگینا خۆی نە سیحرە و نەکارێکی غەیبییە.
ئەو نیشتمان و کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین، پێویستە بیناسین، بزانین پێویستییەکانی پاراستنی سەلامەتی و پێشکەوتنی کامانەن. بەپێی توانایی خۆمان، لەو بوارەی کە تێیدا شارەزاین، بە ئەرکی خۆمان هەڵسین. چونکە بەرژەوەندی و مانەوە و پێشکەوتنی تاک بەو نیشتمان و کۆمەڵگایەوە بەندە کە لێیدا گەورە دەبێت. کەس ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو دووانە، خۆ بدۆزێتەوە و بەرژەوەندییەکانی دابین بکات یان تواناکانی خۆی بەگەڕ بخات. هەروەها بە تێپەڕینی ساڵان، هەموو هەست و دنیابینی و لێکدانەوەی خۆشی و جوانی تاک، بە جوگڕافیا و کەسەکانی ئەوێ دەبەسترێتەوە. بە کولتووری ئەوێ، دەتوانێت پشوو هەڵکێشێت و خۆی لەناو خەڵکی بدۆزێتەوە. نیشتمانپەروەری لەوە زیاتر نیە. لێ ئەوە کەم نیە چونکە هەموو ژیانی ئەو کەسەیە.
ئەو پێشەکییەم بۆ ئەوە بوو تا بتوانم بە ڕەخنەوە، لەو دەنگە زۆرانە بدوێم کە بەبێ ڕوانگا، بەبێ زانیاری، بە پەرچەکرداری کوێرانە، لاتاو لە ئەرکی نیشتمانی دەدەن و پشت لە توانا و ئەرکی خۆیان دەکەن. نەزانی و بێ هەڵوێستی خۆیان بە کرداری کەسانی لێپرسراوی دەست و دڵ ناپاک (گەندەڵی دارایی و سیاسی) دەشۆنەوە!
ئەوە دیاردەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کوردستان، گرفتاری بوون.

بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی وڵات پییانوایە، دیفاع کردن لە نیشتمان، بەشداریکردن بۆ چاککردنی دۆخی سیاسی، پێشخستنی سیستەمی کارگێڕیی، ئەرکی نوخبەی سیاسییە. ئەو نوخبەیە لە بەرامبەر گلەیی ئەواندایە، بە پاوانکار و گەندەڵ تێیدەگەن. لە شەڕی داعش دژی کوردستان، ئەو دەنگەمان دەبیست؛ کێ دەیخوات با دیفاعیش بکات!
باری نالەباری سیاسی، سیستەمی کارگێڕیی خراپ، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر شێوازی بەشداریی کردنی هاوڵاتییان دەبێت. هەر بۆیە بەشێک لەو قسەیەی ناڕازییان بەجێیە. ئەوەی مەترسیدارە گۆڕینی ڕەخنەیە بۆ هەڵوێستی نەرێنی و دوور وەستان لە چارەنووسی وڵات. منیش دەزانم ئەو کێشانە بە ئامۆژگاری کردن، چارەسەر نابێت.
حوکمڕانی خراپ، سیستەمێکی پەروەردە و بارهێنانی ناتەواو درووست دەکات. میکانیزمێکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتییان درووست ناکات. لە ئەنجامدا نەوەیەکی شپڕزە و شڵەژاو بەرهەمدێنێت. ئەوەیان کارێکە پێویستە بە لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەی واقیعییانە، چارەسەر بکرێت. ئەمە بووەتە دیاردەیەکی هەمەگیر، هەڕەشە لە تەبایی و بەشداریی کۆمەڵایەتی، لە هەموو بوارەکاندا دەکات.
ئینجا لایەکی دیکەی کێشەکە ئێمە خۆمانین. بەبێ هەبوونی دەوڵەت، بابە و باب لە شۆڕش بەردەوام بووین. هەر ئەو تێگەیشتنە سادەیە کافییە؛ نابێ وڵات بدەینە دەست داگیرکاران، نابێ کارەساتی کۆیلەیی دووبارە ببێتەوە، نابێ ئەنفال قبووڵ بکەینەوە. پێویستە ئەو نیشتمانە بپارێزین کە گلەییمان لە نوخبەی سیاسی هەیە و دەبێ چاکسازی بکرێت. ئەوە تێگەیشتنی ڕاست و ئایندەسازە. بۆیە پێویستە هاولاتییان، بەتایبەتی گەنجان، لەو دۆزەدا یەکلایی ببنەوە و ڕێی ڕاست هەڵبژێرن. ئەویش ڕێگای هەست بە بەرپرسیاریی نیشتمانی کردن و خۆبەخاوەن زانینیەتی.






زۆر کەس لێم دەپرسێت، ئایا ئەو حکوومەتەی هەمانە بە هی خۆمانی بزانین؟ دوایی زنجیرێکی دوور و درێژ لە نەزانی و کەموکوڕییەکانی حکوومەت ڕیز دەکات.
من لە سەرەتای ئەم نووسینە باسی هوشیاری و بەرپرسێتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیم کرد. هوشیاری بە زانیاری درووست دەبێت. مرۆڤی هوشیار هەمیشە لەبەرامبەر کێشە ئینسانی و نیشتمانییەکان، خۆی بە بەرپرسیار دادەنێت. هاوڵاتی هوشیار دەبێ بزانێت توانایی گەل، ووزەی لەبن نەهاتووی کۆمەڵگا، خۆڕاگریی نیشتمان، بە هەبوونی دەوڵەت و حکوومەت دەکرێت. ئەوە حکوومەتە(لە کوردستان حکوومەت دەوڵەتیشە) کەناڵی کۆکردنەوەی ووزە و توانای میللەت ڕادەگرێت. بەبێ حکوومەت هیچ بوارێکی نیشتمانی و میللی، لەسەر پێ ناوەستێت. ئیرادەی میللی، بڕیاری کۆمەڵگا، لە هەبوونی حکوومەتدا خۆی دەنوێنێت. جا با ئەو حکوومەتە، کەموکوڕیشی هەبن.
بۆیە، وەڵامی من ئەوەیە؛ بەڵی دەبێ حکوومەت بە هی خۆمان بزانین، پشتیوانی لێ بکەین، ڕەخنەی لێ بگرین، لێپرسراوی نەشارەزا و نەزان ئاشکرا بکەین، گەندەڵی قبووڵ نەکەین بەڵام نەشیڕوخێنین. ئەگەر حکوومەت بڕووخێت، بەغدا و داعش خاکمان لە تورەکان دەکەن و ئەنفالمان دەکەنەوە. ئەوسا هیچ میکانیزمێکیشمان بۆ دیفاع لەخۆ کردن نامێنێت.
حکوومەت دەبێ چاکتر بکرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، یەکپارچەیی نیشتمانی پاراستووە، هاوکاری پارچەکانی دیکەی کوردستانی کردووە، سیاسەتێکی دەرەکی سەرکەوتووی بینا کردووە. نموونەش هاوکاری کوردستانی رۆژاڤا، کوردستانی باکوور، کوردستانی رۆژهەڵات، بەشداری کردن لە مقاوەمەتی کۆبانێ، هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا، ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەستدرێژیی تورکیا و ئێران.
کەواتە نابێ گومان لە هەبوون و پشتیوانیکردنی حکوومەتەکەمان بکەین.