گۆڤاری سڤیل/ دوای شەنگال
وەڵامەکان:

پ ١/ ئەزموونی ئەم دواییەی کوردستان، لە پارێزگاری کردن لەخۆی، لە شەڕی داعش، نیشانیداین کە پێویستە پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی هاوچەرخ. ڕێکخستنی پێشوو کە لەسەر بنەمای پێشمەرگایەتی و حزبایەتی بوو، نەیتوانی کاردانەوەیەکی باش لەبەرامبەر دوژمن بکات. ئێمە دەوڵەتین، سوپامان پێویستە نەک گیانفیدای حزبی.
سیستەمی بەرگری کوردستان، لەم تەنگانەیەدا، سەرکەوتنی تۆمار نەکرد. هەربۆیە هانامان بۆ ئەمریکا و ئەوروپا برد. حزبایەتی، ناتوانێت دەوڵەت بپارێزێت. ئێستا وا دەیبینین. هەر هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی سوپای حزبیی، زیان گەیاندنە بە کوردستان. هەڕەشە دەرەکییە و چاوی لە ئەنفال کردنمان بڕیوە. بۆیە تەنیا سوپایەکی نیشتمانی دەرەقەتی دێت. میلیشیای حزبیی، سەردەمی نەماوە و دەمانڕوخێنێت. ئەرکی حکومەت و سەرۆکی کوردستان لە دروستکردنی سوپا و پێشخستنیدا دەردەکەوێ.

پ٢/ سەرۆکی کوردستان، زۆر بەجێ و لەکاتی خۆیدا، هانای بۆ جیهانی پێشکەوتوو برد. ئەو ئابلوقە ئابووری-سەربازییەی شکاند کە لە ئەنجامی عێڕاقی بوونمان، لە بە ملیاندا دابووین.پشتیوانی بۆ پێشمەرگە پەیدا کرد و کێشەی کوردستانی ، بە هەنگاوێکی گەورە کردە نێودەوڵەتی. ئێستا کوردستان شەڕی دیفاع لە خۆی و لە جیهانی دەکات لە بەرامبەر تیڕۆری ڕەش و بەهێزی ئیسلامی توندڕۆ.
هاتنی هێزەکانی حزبە کوردستانییەکانی پارچەکانی دیکە، کارێکی ئاساییە. هەڵبەت لە بلۆکبەندی ناو بزووتنەوەی سیاسی و کاریگەربوون بە سیاسەتی ئێرانی بەدوور نیە. هاتنی ئێرانیش زۆر مەترسیدار نیە. من گومانم لە نیشتمانپەروەری پارتی و یەکێتی نییە. بۆیە لە کۆتاییدا، هەموو هێزە هاناکان، دەبێ کوردستان چۆڵ بکەن، ئەگینا تووشی کێشە دەبن و سەرهێشە بۆ ناوچەکە دروست دەکەن.

پ٣/ جۆرێکە لە بلۆکبەندی ناو بزووتنەوەی سیاسی هەرێمی کوردستان. نیشانەی دەستی درێژی ئێرانە لە ناو بەشێك لە بزووتنەوەی سیاسی کوردستان. لەم قۆناغەدا، دەکرێ مەترسیدار نەبێت. من لە ئایندەی ئەو هاوکارییە ماترسم. هەڵبەت سیاسەتی سەرۆک بارزانی، ڕاکێشانی جیهانی بەهێز و مەدەنییە بۆ ناو کوردستان. ئەوەیان بە نێودەوڵەتی کردنە و لە قازانجی کوردستانە، بە هەموو حزب و پێکهاتەکانیەوە. سەرۆک ئاوها دەڕوانیتە نێودەوڵەتی بوونی کێشەی دەوڵەتی کوردستان. وەک دیارە، ئەگەر هاوکاری سەربازی و تکنۆلۆجیای سوپایی و چەکی ئەمریکا نەبایە، کوردستان لە ژێر فشاری سەربازیی دەوڵەتێکی تیڕۆڕیستی دەستڕەش دابوو. کەواتە ڕوانگای سەرۆک بارزانی، ستڕاتیجیترە.

پ٤/ لە کارەساتی شەنگال، یەکەمین دارمانی سیستەمی سەربازی کوردستانمان دیت. ئەوەش بۆ نەبوونی ڕوانگای واقیعییانە بۆ چۆنیەتی پاراستنی کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەنجامەکەشی ئەنفال و فەرمانی حەفتاوسێیەمینی ئێزیدییەکانمان بوو. فەرماندەکانی پارتی، سەرۆکی کوردستان و حزبەکەی خۆیان قسەکورت کرد. ئەوە تاکتیکی سیاسی نەبوو، ترسنۆکی و ئەنجامی گەندڵی بوو، لەوێ سوپای داڕماند. ئەو گەندەڵیەی چەند ساڵە باس دەکرێ، ئەمە ئەنجامەکەیەتی. بۆیە پێویستە پێیدابچینەوە.
هەڵبەت ئەو هێزانەی، بە دوور لەوەی من باسمکرد، پڕوپاگەندە لە دژی پارتی بکەن و ئێزیدییە بریندارەکان هان بدەن، کاریان دەبێتە حزبایەتی بەتەسک و بازرگانی کردن بە خوێنی ئەنفال کراوەکانی ئیخیەیاتی. ئەمەش هیچ داهاتووی نابێت و کارێکی ئەخلاقی ق باش نیە.

پ٥/ داهاتووی کوردستان، تەنیا سەربەخۆیی دابینی دەکات و دەیپارێزێت. ئەزموونی حکومەتی مالیکی و هێرشی داعش، دوو ڕووی یەک دراون. ئەویش شۆڤێنیزمی عەرەبییە. پڕۆسەی سەربەخۆیی بەردەوامە و بارزانی ساردی نەکردۆتەوە. لەدوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش، ئەمریکا و ئەوروپا و ڕای گشتی عەرەبی تێگەیشتوو، بە ئاسانتر هاوسۆزی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت.
ئەم قسەیەم واناگەێنێ کە نابێ ئێستا لە حکوومەتی عیبادی دا بەشدار بین. پێویستە کوردستان تا پڕۆسەی جیابوونەوە تەواو دەبێت، بەرژەوەندییەکانی خۆی لەناو عێڕاق بپارێزێت. ئەوەش لە بەشداریکردنی کابینەکاندا خۆی دەبینێتەوە. هەڵبەت لە ڕواڵەتدا پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە بەڵام کردەنییە. ئێمە بە دەنگی بەرز لە حکومەتی عێڕاق بەسدار دەبین تا کاتی جیابوونەوەمان. دابین کردنی بودجە ، هاوکاری ئاوارەکان، قەرەبوکردنەوە، کێشەی نەوت لە خواستە بەڕشتەکانی کوردستانن.

پ٦/ ڕوخانی مالیکی، سەرکەوتوویی ڕوانگای کوردستانی سەلماند. کەسەکان لەکاتی گۆڕانیاندا، ناچارن مل بدەنە هەندێک گۆڕانکاری. ئەو هەندێکانە، بۆ کوردستان ئاسانکارین. عیبادی لێی چاوەڕوان دەکرێ ئەو هەندێکانە بکات. بەڵام لە کۆتاییدا هەر بەرەنگارمان دەبێتەوە. کەی، چۆن؟ با چاوەڕوان بین. نابێ زۆر چاوەڕوانیمان لە هیچ حکومەتێکی عێڕاق هەبێت. پێویستە تەنیا چاوەڕوان بین ماڵئاواییەکەمان لێ قبوڵ بکەن.

پ٧/ پ ک ک بە ڕەسمی ئەو دەنگۆیەی ڕەت کردەوە. بەڵام لە کردەوەدا، هەوڵێکی لەم جۆرەیان لێدەبیندرێ. چیای شەنگال نابێتە قەندیل. دەڤەری شەنگالیش ناتوانرێ بخرێتە سەر سنووری سوریا. لە هەموو حاڵەتێکدا، جارێ زووە پێشگۆیی بکرێت.

پ٨/ هەر هاندانێکی کوردانی ئێزیدی، یاری کردنە بە :١- هەستی برینداری بەشێک لە میللەتەکەمان ٢- یارمەتیدانی ئەو لاباڵەی لەژێر کاریگەری تەعریب دایە. کەواتە حزبایەتی زبر، ئەنجامی زبرتری بۆ بزووتنەوەی سیاسی تێدا دەبێت.

پ٩/ کاریگەری کارەساتی شەنگال لەسەر سەرۆک بارزانی، بە ڕوونی دیارە. من پێموایە، هەوڵدەدات کێشەی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی بەو کارەساتە ببەستێتەوە. ئەو خۆی لە کێشەی بجووک ، لەم قۆناغە نادات. سەرکەوتنی بارزانی لە دەرپەڕاندنی مالیکی و هێنانی ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆ ناو کێشەی کوردستان.
پ١٠/ بۆ سوپای هاوچەرخ و وڵاتپارێز، ئیرادە و پڕۆژە سەرۆکایەتی سیاسی گرنگەی. ئەوە پەیوەستە بە چاکسازی جددی و دیراسەکراو ، لە سیستەمی حوکمڕانی و ڕوانگای بنیادنانی دەوڵەت، تەنزیم کردنەوەی کۆمەڵگا. وەک هەموو بوارەکانی دیکە، تەجرەبەی دنیای پێشکەوتوو بەهانامان دێت. بە تایبەتی دوای شەڕی داعش، فشارێکی ئەوروپی و ئەمریکاییش بۆ چاکسازی سیستەمی پارێزگاریمان، لەوانەیە دروست بێت. ئەمریکا نەیتوانی هاوکاری سوپای عێڕاقی گەندەڵ بکات. کەواتە پێویستە ئێمە لە گەندەڵی دوورکەوینەوە تا دروست بینەوە.