کۆدەکانی سەرکەوتن، لە شەنگال و لە کۆبانێ


کۆدەکانی سەرکەوتن، لە شەنگال و لە کۆبانێ

سەرۆ قادر

کۆبانێ ڕزگار کرا. لە جەنگێکی مان و نەماندا، کورد تەنیا بە یەکگرتوویی توانی لە هەنگاوی یەکەمدا، دوو سەرکەوتن بەدەستبێنێت ١- لە شەنگال ٢- دواجار لە کۆبانێ. ئەوە حەوت مانگە هەموو لایەکمان، باس لە سەرچاوەکانی بیرۆکەی پەلاماردانی داعش بۆ سەر کوردستان دەکەین. بە پەندە کوردییەکە باسی ژانی “کوتکی ناو هەمبانە” دەکەین.
جۆگڕافیا و چارەنووسی هاوبەش، بەڵای هاوبەشی بۆ باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان تێدایە. ئەو چارەنووسە هاوبەشە، لە پەیوەندی چوار پارچەکە، بە تایبەتمەندیتر و جیاوازترە. بۆیە ئەو ژئۆپۆلۆتیکە، حزبەکانی ئەو دوو پارچەیە ناچار دەکات، ستڕاتیژیی خۆیان، لەسەر ئەو بنەمایە، دابڕێژن. ئایدیۆلۆژیا تەنیا لە شاخ و دۆڵەکاندا، دەکرێ، ئەم و ئەو حزب، جیا بکاتەوە. وەک تێیدا ژیاین، تۆڕە ستڕاتیژییەکانی دژی کوردستان، بۆ دەمکووت کردنی سەربەخۆیی باشوور و خوەسەریی ڕۆژاڤا، داعشیان بە گژدا کردین. هێزێکی وێرانکار و قڕکار کە بە هیچ یاسا و ڕێسا و بەهایەکی ئەخلاقی، پابەند نیە، ڕاسپێردرا نەک هەر سنووردار کردنی پێ درێژیی کوردان بەڵکو بە جارێک لەناومان بەرێت. دەستیان گەیشتە شەنگال ئینجا کۆبانێ، دیتمان چییان بەسەرهێنان. ئەوە پیلانێکە دژی باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان داڕێژراوە. ئەو پیلانە پاشەکشەی پێکراوە بەڵام لەناو نەچووە و ئەو ئەرکەی هەر پێماوە. ڕۆژێک دوای ڕزگار بوونی کۆبانێ، داعش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، هەروەها خالید التهانی(قسەکاری داعش) لە نووسینێکدا، ڕایگەیاند: دەگەڕێینەوە و لەناوتان دەبەین!
کورد لە هەردوو پارچە، پێویستی بە ڕوانگایەکی هاوبەش هەیە تا بە فەرمان و لێدوانی ئایدیۆلۆژیی حزبی، نەکەوێتە تەفرەقەوە. لەو کارەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، ئەزموون و دیدگایەکی نیشتمانی هەیە. دەکرێ دیدگای بارزانی، وەک بنەمایەک بۆ درووستکردنی ستڕاتیژیی ڕزگاریخوازیی کوردستان وەربگیردرێت. دیپلۆماسی بارزانی کە لەم ساڵدا، لە پرسی پاراستنی کوردستاندا، لە سەنگی محەک دراوە و سەرکەوتنی دابین کردووە، مڵکی هەموو کوردستانە و بە تەنیا حزبێک خاوەنی نیە. لەوەدا هەر حەساسییەتێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی، گورز لە سەلامەتی و مانەوەی کوردستان دەدات. بارزانی توانی هاوپەیمانێتی ئەمریکا- کورد، بە زیندوویی ڕابگرێت. ئەو هاوپەیمانییەتییەی لە کاتی تەنگانەدا، بەخێرایی فریای خۆڕاگریی کوردستان کەوت. ئەو هاوپەیمانیەتییە، خاوەن ستڕاتیژە ناوچەییەکانی ڕاچەناند و سامی پێ گرتن.
جیا لە ئامادەیی فیداکارانەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، هاوکاریی ئەمریکا و ئەوروپا، بووە هانایەکی لۆجستیکی مەزن تا بە خێرایی، هێزی پێشمەرگە خۆی بگرێتەوە و بەرەکان پتەو بکات و لەسەر چەکی نوێ ڕابێت. دابین کردنی پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و یارمەتی چەک و ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، هەندەی هەرێمی کوردستان، کەڵکی بۆ ڕۆژاڤا هەبوو. پێشمەرگەی پڕ چەک و دپلۆماسییەتی ناوچەیی بارزانی، لە ماوەیەکی کەمدا، پارسەنگی هێزی ناو کۆبانێی بۆ بەرژەوەندی ڕۆژاڤا گۆڕی. ئەم دیپلۆماسییەتە لە ڕوانگایەکی ستڕاتیژییەوە دێت. ئەگینا خۆڕاگری و قارەمانێتی ژن و پیاوەکانی شەرڤانی کۆبانێ، هاوکاری بێدرێغی کوردانی باکوور، بەتایبەتی بەشداری تێکۆشەرە گیانفیداکانیان، لایەنی بەهێزی ئەو سەرکەوتنەیە کە لە مێژووی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە. ئەو هەموو لایەنانە، پێکەوە توانیان کوردستان بپارێزن و هەنگاوی سەرکەوتووانە بهاوێژن. پێویستە ئەمە وەک ئەزموونێکی مێژوویی وەربگرین و لەسەری هەڵوەستە بکەین و لیی فێربین.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی، وەک لای هەرە بەهێزی ستڕاتیژیی پاراستنی کوردستان، ڕۆلیکی ژیاریی لە پەیوەندییە دپلۆماسییەکاندا هەیە. لە ئابلوقەی ئابووریدا کە عێڕاق بەسەریدا سەپاندووین و دوژمنایەتی داعشیش ئابلووقەکەی پێ شل نەکردن، سەرۆکی حکوومەت لە سەرپەرشتی کردنی قەیرانەکە، زیندوێتی و بەرژەوەندبینی ون نەکرد.
هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، لە باشوور و ڕۆژاڤا، بریتی نیە لە لایەکی شەڕی بەرفراوانی ناوچەیی داعش. وەک ئەو شەڕانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باکوور و ڕۆژاوای عێڕاق دەیکات. لە شەش مانگی ڕابردوودا، داعش قورسایی هێرشەکانی خۆی خستۆتە سەر کوردستان. گومان لە پیلانێکی دیراسەکراودا نەماوە کە داعش بۆ ئەنجامدانی ڕسپێردراوە. ئەوە جیا لە ماهییەتی ئەو بزووتنەوە تووندڕۆ و وێرانکارە کە هەڵگری فکر و کردەوەی القاعیدە و حزبی بەعسی عێڕاقە. داعش لە بەشە بەعسییەکەیدا، هەڵگری ئەو کینە شۆڤێنییەیە کە لە ئەنفالی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، شانسی خۆی لە وێران کردن و قڕ کردنی کورددا تاقی کردەوە. ئێستا خۆی بە هەڵگری ئاڵای لەناوبردنی کوردستان دەزانێت و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوەێت ڕێگا لە سەربەخۆیی کوردستان بگرن.
هەرێمی کوردستان، لە بەرانگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە ترسناکەدا، یەکگرتووییەکی پێویستی لەخۆی نیشان نەداوە. حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نەرمییەکی زۆر دەنوێنن تاکو بتوانن فاسیلەی نێوان ناکۆکییەکان کەم بکەنەوە. لە کۆبانێ تا خانەقین، سێ ناوچەی دەسەڵاتی حزبی هەنە. بەرەی جەنگ زۆر درێژە. دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دۆڵەمەند، لە جێی هەرێمی کوردستان کە سەربەخۆیی نیە، زۆر بە زەحمەت دەتوانێت ئەو بەرە فراوانە بپارێزێت. شوێنی لاوازی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا، لەو بەرە فراوانە دایە. بۆیە پێویستە بە هوشیاریی دۆخەکە هەڵسەنگێندرێت و لە گوڕوگەفی حزبی و ئایدیۆلۆژی دوورکەوینەوە. کوردستان لەژێر هەرەشەیەکی بەردەوام دایە. بچووکترین کەمتەرخەمی، لەوانەیە شارە گەورەکانمان بخاتە ژێر هەرەشە، ئەگەر ڕووبدات تەنیا چەند سەعاتێک، لەوانەیە کارەسات درووست ببێت. نزیک کەوتنەوەی داعش لە هەولێر(٧ی ئاب) و کەرکوک(٣٠ کانوونی دووەم)، پێمان دەڵێت؛ مردن لە بناگوێمانە. بۆیە ئەو ستڕاتیژییەی بارزانی پەیڕەوی دەکات، زۆر واقیعبینانەیە. ئەویش بریتییە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، بە هەر قیمەتێک بێت. لە هەرێمی کوردستانەوە، پشتیوانی و پاراستنی ناوچەکانی دیکە کردەنییە. تەجرەبەی کۆبانی ئەو ڕاستییەی سەلماند. دابین کردنی هاوکاری و هاوپەیمانێتی ئەمریکا، ئەوروپا، یاری لەگەڵ سیاسەتی هەرێمایەتی تورکیا، لە توخمە سەرەکییەکانی ئەو ستڕاتیژییەیە.
سارد کردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ عێڕاق، هەر دەکەوێتە ناو ئەو ستڕاتیژییەوە. ئێمە لە عێڕاق هەر جیادەبینەوە بەڵام لەم جەنگە بەرفروانەدا، دان و ستاندن لەسەر بەرژەوەندییە سوپایی و مالی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان، کارێکی زانایانەیە.
لەو بەرە درێژەدا، بە ستڕاتیژییەکی ئاوها نەبێت، گوشار بۆ سەر داعش، کارێکی ئاسان نیە. پاشەکشە و شکانەکانی داعش لە کۆبانێ و ناوچەکانی سەر بە خانەقین، لەو گوشارە سەربازییانەوە دێت کە پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەرەو موسڵ دەیکەن. داعش لە موسڵ دادەڕمێت بەڵام لە ناوچەکانی دیکە توانای خۆگرتنەوەی هەیە. بۆ نموونە شکانی داعش لە شەنگال، لاواز بوونی ئەو بوو لە کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان. هەموو بەرەکانی مقاوەمەتی پێشمەرگە، وەک یەکن و جێی شانازین بەڵام ئەو هێزە هەرێمایەتییانەی دەستیان لە نەخشەی سەربازیی کوردستان دایە، هەموویان یەک ئامانج نین. لەوەڕایە من دەڵێم، دۆزینەوەی پێگەی کاریگەر، لە ستڕاتیژیی پاراستنی کوردستاندا گرنگە. لێکدی تێگەیشتنێکی باش، لەنێوان سێ ناوەندە سیاسییەکەی کوردستاندا(پارتی، یەکێتی، پ ک ک) هەیە بەڵام یەک ڕوانگایی لە تێگەیشتنی ستڕاتیژییەکەدا، زۆر لاوازە.
خۆڕاگریی کۆبانێ، هاوکاریی نێوان هێزە کوردستانییەکان، هەوڵ و تەقەڵای سەرۆکی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان بۆ دابین کردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کۆبانێ، لە مێژوودا بە سەرکەوتنێکی گەورە دەژمێردرێت. هەرێمی کوردستان توانی هاوکاری سوپایی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ خۆڕاگرانی کۆبانێ دابین بکات، بەسەر سنوورەکاندا بە هێزەوە پازبدرێت و پردی ئاسمانی بۆ هاوکارییان هەڵچنی. هەرێمی کوردستان، توانی سەرەنجام تورکیا بهێنێتە ناو هاوکێشەیەک، ئەنجامەکەی کریدۆری زەمینی بۆ ڕۆیشتنی پێشمەرگە بۆ ناو کۆبانێ، دروست بوو. دوای چەند ڕۆژێک لە گەیشتنی پێشمەرگە، تەرازوی هێز لە ناو کۆبانی، بۆ بەرژەوەندی کوردستان، گۆڕدرا. ڕزگاربوونی کۆبانێ، کاردانەوەی وەک یەکدی لەلایەن تورکیا، سوریا،ئێران، عێڕاق هەبوو. هەڵبەت ئۆردوغان ئاشکراترین دەربڕینی لەو بارەدا کرد. دەکرێ بەوە وەسفی بکەین: ئەو وڵاتانە شەڕیان بۆ کوردستان دەوێت بەڵام سەرکەوتنی کورد، سەغڵەتیان دەکات. دەزانین ئەگەر بارزانی و پ ک ک هاوکاری یەکدییان نەکردبا، کۆبانێ تێدا چوو بوو. بۆیە هێنانەدی ستڕاتیژیی پاراستنی کوردستان، بەندە بە هاوکاری هەموو هێزە کوردستانییەکان، بەتایبەتی پارتی، یەکێتی، پ ک ک.
سەرۆکی کوردستان مەسعود بارزانی، ڕۆلی میحوەرییانە لە پێکەوە بەستنی هێزەکانی کوردستان دەگێڕێت. بۆیە پێویستە گرنگیی ئەو دەورە فام بکرێت و لەناو ستڕاتیژیی پاراستنی کوردستان، وەک خۆی ببیندرێت. ئێستا هیچ کەسێک ناتوانێت جێگای مەسعود بارزانی بگرێتەوە. هیچ وڵاتێکیش بەبێ سەرۆکێکی باوەڕپیکراو، لە شەڕی مان و نەمان دەرناچێت. بۆیە پێویستە سەرکەوتنە جیاجیاکان، بە سەرکەوتنی حزبیی و یەکجارەکی دانەندرێت چونکە دوژمنێکی خوێنڕێژ بەرامبەرمان وەستاوە. هەروەها لە ڕێی حکوومەتی کوردستانەوە، ئەو هاوپەیمانییە جیهانییە بپارێزرێت. ئەم حکوومەتە، ئۆرگانێکی شەرعییە کە دەتوانێت لەم دۆخەدا، داوای یارمەتی و پاراستن بۆ هەر شوێنێکی کوردستان بکات. بەرژەوەندی کوردستان وادەخوازێت، خۆمان لە ستڕاتیژیی نەیارەکان کە لە شەڕی داعشدا لەگەڵمان لە بەرەیەک دان، جیا بکەینەوە. مافەکانی مرۆڤ بەهەموو شێوەکانی بپارێزین و بە ئەمانەتەوە، هەمیشە پەناگای پێکهاتە نەتەوەیی، دینی، فەرهەنگییەکان بین. لە کۆتاییدا، پێویستە بزانین داعش بەم زووانە کۆتایی ناێت. بەرژەوەندی زۆر وڵات لە مانەوەی داعش دایە. بەڵام کاتێک ڕوخا ، ئیدی دەبیتە دەسکەوتێکی جیهانی و کورد تێیدا زۆر قازانج دەکات. قازانج تا سەربەخۆیی.