زەروورەتێک بۆ تەبایی

زەروورەتێک بۆ تەبایی
سەرۆ قادر
کوردستان بە دۆخێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. دەرچوون بەسەرکەوتن یان شکستخواردویی، هەموو هاوڵاتییەک دەگرێتەوە. تەبایی و هاوکاری کۆمەڵایەتی، لە پێویستییە هەرە گرنگ و ژیارییەکانی، ئەم وڵاتەن. تەبایی و هاوکاری، هەمیشە پێویستن بەڵام لە تەنگانەدا، دەبنە زەروورەتی مانەوە و بەردەوامی لە ژیان. زەروورەت چەمکێکە لە واقعی ژیانەوە، خۆی فەڕز دەکات. کۆمەڵگاکان هەمیشە ملکەجی زەروورەتەکانی ژیانن. دەربازبوون لە قەیرانە خەتەرەکان، بەندە بە دەستنیشان کردنی زەروورەتەکان. ئەو دەستنیشان کردنە، بە پلەی یەکەم کاری نوخبەی ڕووناکبیران، ئینجا ئەرکی سەرکردە سیاسییەکان و تێکڕای بزووتنەوەی سیاسییە. ئەگەر زەروورەتەکان، بە پێی پێویستییەکانی ئەو قۆناغە نەدۆزرێنەوە، ئەوە کلۆڵی نوخبەی ڕووناکبیر و نەزانی سەرکردە سیاسییەکان دەسەلمێنێت.
یەکپارچەیی نیشتمانی، یەکگرتووی میللی، یەکڕوانگایی ستڕاتیژییانە بۆ پەراندنەوەی وڵات لە قەیران، پابەندبوون بە پرێنسیپەکانی ئەو چەمکانە، لە زەروورەتە حەتمییەکان دەژمێردرێن. ئەوەی ترسی لە ناخی هەموو هاوڵاتییەک دروست کردووە، بوونی کەموکوڕی و نەبوونی پابەندییە لە زۆربەی ئەوانەدا. هیچ ڕۆژگارێک هێندی ئێستا، ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارەکان، لەبەرامبەر میللەتەکەیاندا، قسەکورت نەبوون! دوای سەد ساڵ تێکۆشان، ئێمە لە قۆناغێکدا بەسەردەبەین کە نەخشە ستەمییەکان، لەبن پێخوستی پیکهەڵپڕژان و بە ئێمەدا هەڵشاخانی نەیارەکان، لەبایەخ چوون دان. ئێمە ئاستێکی نزم و لەکارنەهاتووی هوشیاری نەتەوایەتی و فێربوون لە مێژوومان، لێدەرکەوتووە. بزووتنەوەی سیاسی و سەرکردەکانی، لەناو تۆڕی ستڕاتیژە نەیارەکاندا، دابەش بوون و بەرامبەر یەکدی تابڵێی دڕدۆنگن. هەموو بەرژەوەندییەک، کەوتۆتە پێشەوەی نیشتمان: بەرژەوەندی کەسیی، حزبی، مەزهەبی، ناوچەیی، دینی. نیشتمان کە مانەوەی هەموویان بەوەوە بەندە، بووەتە فیدای هەموویان. ئەگەر ئەمە پاشکەوتن نەبێت، ئەی چ ناوێکی تری هەیە. ئێمە خەریکە لەم ڕۆژگارەدا، بە سەری چەورەوە، لاسایی باپیرانی جامانە ومشکی لەسەری، سەرەتای سەدەی رابردوومان دەکەینەوە. ئەو دەردەی نیشتمانی بە چوارپارچەیی برد!
ژماردنی ئەو زەروورەتانە، بە هیچ کلۆجێک لە جیاوازی بیرکردنەوە و حزبایەتی کەم ناکاتەوە. پێشکەوتن و داهێنانی مرۆڤ، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، پەیوەستە بە جیاوازی و فرەیی. بیرکردنەوەی سەربەخۆیانە، کاری سیاسی جیاواز، لە زەروورەتەکانن. ئەوەی زەروورەتەکان پێکەوە دەگونجێنێت، زانیاری و ئاستی باڵای هوشیاری، پابەندبوون بە بەرژەوەندی گشتییە. هیچ زەروورەتێک بە تەنیا سەرناگرێ و ناتوانێت لەسەر پێشێل کردنی هاوسەنگەکانی، گەشە بکات. هەبوونی ڕوانگایەکی نیشتمانیی کە لەخۆگری هەموو پێکهاتەکانی بێت، زەمینەی یەکەمی بەردەوامی و خۆپاراستنی هەر میللەتێکە. لە کوردستاندا پەرت و بڵاوی لە ڕوانگا، نەبوونی ڕوانگا، کۆک نەبوون لەسەر یەکپارچەیی و چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی هەیە. ئەمە دیاردەیەکی ترسناکە.
بزووتنەوەی سیاسی، لە بوژانەوەی خۆیدا، کاراکتەر و سەرکردەکانی خۆی دەگۆڕێت. ئەوەش دیاردەیەکی زۆر ئاساییە. پێویستە پەرستنی شەخسییەت و پابەند بوون بە مێژووی تایبەتی، نەبیتە ڕێگر و لەناوبەری تازە بە ڕۆڵ گەیشتووەکان. ئەو حاڵەتە ، لە ناو بزووتنەوەی سیاسیدا، گرفتی خوڵقاندووە. کاری سیاسی ئەرکە، پیرۆز نیە. کێ ڕۆل بگێڕێت و توانایی کارکردنی هەبێت، نابێ ڕێگای لێ بگیرێت.
تەواو کردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی و پوخت کردنی نەتەوەیەکی هاوچەرخ و مەدەنی، تەنیا لەسەر زەمینەی فکری زانستی و عەلمانییەت گەشەدەکات و سەردەگرێ. سیستەمی سیاسی و پەروەردەیی کوردستان، ئەم دوو مەبدەئە ژیارییەی، کردۆتە فیدای فرەیی سیاسی(پلۆرالیزم/ التعددیة). لێرەوە پێویستە فێری خۆمان بکەین، سنوور بۆ کار و بڕوای سەرکردەکان هەبێت، ئەگەر لە هاوچەرخێتی و عەلمانییەت دووربکەونەوە، بە هوشیاریی میللی ڕێگا لەبەردەم پێشکەوتنیان تەسک بکرێتەوە تا ئەو ڕادەیەی لە جووڵە دەکەون.
میللەت بە تەنیا، نە زانایی لێدەردەکەوێت و نە دەتوانێ ڕێگای خۆی بدۆزیتەوە. ئەوە نوخبەی ڕووناکبیرانن بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە، کاناڵ بۆ بیرکردنەوە و فێربوون و گۆڕانی میللەت هەڵدەبەستن. سەرکردەکان و بزووتنەوە سیاسییەکانیان، ئەگەر لەخۆگری ئەو نوخبەیە نەبن، لە پۆپۆلیزمی پاشکەوتوودا، تالیبان و داعشیان لی دروست دەبێت. هەر ئەو لێکترازانە بوو کە سەدامی لە ناسیۆنالیزم و سۆسیالیستییەوە بەرەو فاشیزم و سەلەفییەت برد. نموونەی لەم بابەتە لە رۆژهەڵاتدا، بە هەزارانن.