ململانێی تووند و گۆڕانکاری خێرا


ململانێی تووند و گۆڕانکاری خێرا
سەرۆ قادر

سەرۆکی کوردستان، لەسەر چیای شەنگالەوە، سەرکەوتنی کوردستانی، بەسەر هێزی ڕەشی داعشدا ڕاگەیاند. شەنگال رەمزی دووەمی، ستەملێکراوی و خۆڕاگری کوردستانە. خۆراگری لە دوو هێرشی تواندنەوە و ئەنفال کراندا. ڕەمزی پێشوو، هەڵەبجەیە. سەرکەوتنی شەنگال، وێڕای خۆراگری میللەت و قارەمانێتی پێشمەرگە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکە.
نزیک بە سەد ساڵ، بەسەر درووستبوونی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەدا، تێدەپەڕێت کەچی هەر داسەکنان و ئارامی بەخۆیەوە نەدیت.سەعدی شیرازی گووتەنی؛”سنگ اول گر نهد معمار کج تا ثریا میرود دیوار کج” (ئەگەر معمار بەردی بناغە بە خواری دابنێت، تا سورەییاش بەرزبێتەوە، دیوار هەر خوار دەبێت). ئەگەر لە دوا وێستگەی کێشەکان ڕا، دەست بە لێکدانەوە بکەین، ئەوە نەخشە ڕێگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، سەرەتای لێکترازانی ناوچەکەی، خەتکێش کرد. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا ڕایگەیاند، لایەنگری گۆڕانکارییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوای حەوت ساڵ، گۆرانکارییەکان لە تونسەوە دەستیپێکرد. داستانی بەهاری عەرەبی، پەڕەی یەکەمی خۆی، بە لادانی زین العابدین بن علی، هەڵدایەوە. ئێستا شتێک بەناوی بەهاری عەرەبی نەماوە. جیهانی عەرەب لەجیاتی دیموکراسی، تووندڕۆیی ئیسلامی بەرهەمهێنا کە ئەنجامە پوختەکەی داعشە.
لە کۆتایی بەهاری عەرەبیدا، لە تەنیشت ئەمریکا و ئەوروپا، هێزی دیکە سەنگەریان گرت. ئێران، سعوودیە(کەنداو)، ڕووسیا، تورکیا. ئەو چوار هێزە لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی تووندوتیژیدا، بە رێژە و ڕۆلی جیاجیا، بەشدارن. لە کۆتایی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، بە هاندانی پشووی بەرەنگاریی دژی ئەمریکایی، پاشەکشەی سوپاییان بەسەر ئەو دەوڵەتەدا سەپاند. لە سێ ساڵی ڕابردوودا، دیاردەی داعش وەک پەتا بە گیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرکرا. داعش چییە؟ لە کوێوە هات؟ پرسیاری هەموو ناوچەکەیە.
ئێران هەر لە سەرەتاوە، وەک ڕکابەری ئەمریکا، پڕۆژەی هیلالی شیعە و ڕۆلی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و زۆر بەهێزەوە هاتە مەیدان. ڕووسیا بۆ ستڕاتیژیی فراوانخوازانەی خۆی، لەگەڵ ئێران کەوتنە هاوپەیمانیی. سعوودیە بە پاراستنی هاوسەنگی کەنداو، دوایی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست مەشغوڵ کرا. ئەو وڵاتە ووزە و سەرمایەیەکی زەبەلاحی، بۆ بەرهەمهێنانی فکری تووندوتیژی و کۆنتڕۆل کردنی ڕێکخراوە تووندڕۆکان، تەرخان کردووە. قەتەر بە هاوکاری تورکیا و ئێران، بووە پشتیوانێکی منجڕی اخوان المسلمین. سعوودیە ئیخوانەکانی تەنگەتاو کردن. لە هەموو ووڵاتان، دەسەڵات و ئاسانکارییان لێ ستێندرایەوە. تورکیا ستڕاتیژیی ڕاوە ماسی ناو ئاوی لێڵی، گرتۆتەپێش. لەو بارودۆخەدا، رەزامەندییەک بۆ گەلەکۆیی درووستکرا و هێرش کرایە سەر کوردستان. ڕووداوەکانی مانگی ئاب-ئاگۆستی ئەم ساڵ، لەو کەشەدا ڕوویاندا. هاوپەیمانێتی ئەمریکا-کوردستان، پێشی بەو سیناریۆ خوێناوییە گرت کە لە سووریا دەستیپێکردبوو، لە کوردستاندا دەگەیشتە ئامانجی بۆ دیاریکراوی خۆی.
ئێران و ڕووسیا تەنگیان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵچنی. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سعوودیە ڕایگەیاند کە هیچ گۆرانێک بەبێ ئەوان، نابێ ڕووبدات! بۆ ئەوەش شان و باهۆی ئابووری(نەوت) و هاوپەیمانی مێژوویی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا، هێنایەوە پێشەوە. قەیرانی نەوت، سیناریۆی بەرزەفت کردنی جموجۆڵی ئێران، ڕووسیا، تورکیا بوو. نرخی نەوت تا نیوە دابەزی، بەڵام سعوودیە نەیهێشت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێت. بەمەش هەر سێ هێزە ڕکابەرەکەی، دەتەنگژە خست. قەتەری تەمبێ کرد و هەموو پەیوەندییەکانی پێ گۆڕی. دەستی بە باڵی میسرەوە گرتووە و وەک هێزێکی سوپایی، هێنایەوە مەیدان. ئەمریکا لە هەموو هەنگاوەکاندا هاوپەیمانی سعوودیەیە. ئێستا ئێران تووشی قەیرانێکی دارایی قووڵتر لە جاران بووە. تەنانەت ناتوانێت، هاوکارییەکانی بۆ سوریا و حزب اللە دابین بکات. ڕووسیا ئابوورییەکەی نیوە بە نیوە شکاوە، حکوومەتەکەی لە ژێر فشاری ئۆپۆزیسیۆندا ناڵەیەتی. ئابووری تورکیا، لە سەرەتای قەیرانێکی گەورەدایە. ئەم گۆڕانە خێرایە، جوولە بە هاوپەیمانییەکانیش دەکات. ئەو سێ هێزە، خراونەتە ناو تەڵەیەکی ئابووری کوشندە. ناتوانن وەک جاران ستڕاتیژیی خۆیان لێخوڕن.
ئەگەر سعوودیە بە هەموو توانای دارایی و دینی و سیاسییەوە، هاوپەیمانی شەڕەکاری دیپلۆماسیی ئەمریکا بێت، ئەوە کوردستان لە مەیدانی جەنگدا، تاکە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەوروپایە، بە هێزەوە نەخشەی سوپایی لە ناوچەکە دەگۆڕێت. ئەمریکاییەکان بە دەنگی بەرز، ددانی پیدا دەنێن. جا بۆیە کاتێک سیناریۆی ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ بەرزەفت کردنی سێ هێزەکە بەکاردێت، لەم لایەوە، هێزی ئاسمانی ئەمریکا، بە هەموو توانای خۆی، پشتیوانی هێزی پێشمەرگەیە. لە یەکانگیر بوونی ئەو ستڕاتیژییە ئاڵۆزانەدا، سەرکەوتنە سوپاییەکانی شەنگال هاتنەدی.
ئێستا ئەمریکا، ڕووسیای خستۆتە ناو تەڵەیەکی ئابووری سەخت. هێزی ئابووری ئێران، دادی هاوپەیمانەکانی نادات، پڕوکانەوەی پێوەدیارە. تورکیا، یەک بە دوای یەکدا، ڕێگاکانی لێدەگیرێت و باهۆزی ئابووری هەستپێدەکات. کوردستان بە هاوکاری ئەمریکا، پاشەکشەی بە داعش کرد، لەگەڵ عێڕاق ڕێککەوتنێکی مەیدانی کردووە، ئەگەر گرفتی تێنەکەوێت، ئاسانکارییەکی ئابووری باشی بە نسیب دەبێت. کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی، زانایانە نەبەردەکانی شەنگال-کۆبانێ-شەنگالی بەڕێوەبرد. داعش درووستکراوە و پاڵی پێوەدەندرێت. کارتێکە- وەک هەندێک دەڵێن- خەریکە دەسوێت.
دەکرێ شانازی بەو ڕۆلەوە بکەین کە کوردستان لە ناوچەکەدا هەیەتی. ڕۆلێکی گۆڕانکار و کاریگەرە. یەکپارچەیی هێزە سیاسییەکان و پشتیوانی کۆمەڵگاکەمان، زیاتر لە جاران پێویستە. شانازی بە پیشمەرگە، بە هاوکاری خەڵک، بە سێبووری بنەماڵەی شەهیدان، ئاوارەکان و قوربانییەکانیان، بە یەکپارچەیی سەرکردایەتی سیاسی، بە سەرۆکی کوردستان، بە حکوومەتی کوردستان بکەین. میللەتێک قامەتی خۆی بەرز ڕاگرتووە، ئیتر داناچەمێت.