هەڵبژاردنەکانی تورکیا و داهاتووی دۆزی کوردستان


هەڵبژاردنەکانی تورکیا و داهاتووی دۆزی کوردستان

هەڵبژاردنی ٧ی یوزەیرانی تورکیامان بینی؛ ئۆردوغان دۆڕانی تووشی خۆی و حزب و حکومەتەکەی کرد. لە بەرامبەردا کورد بردییوە و بە پشکی خۆی چووە ناو پەڕلەمان. پرسیاری تەلیسماوی ئەوەیە: بۆچی ئۆردوغان دۆڕاندی و کورد لەبەرچی بردییەوە؟!
کەڵەکەبوونی بارودۆخی نالەباری ناوخۆی تورکیا لە ماوەی یەک سەدەدا، دەرفەتی چارەسەرکردنی، بە ئۆردوغان و هاوکارەکانی بڕا. سەرکردەیەکی محافەزەکاری دینی، بە ڕوانگای ڕەخنەگرانەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، سیانزدە ساڵ دەرفەتی پێدرا. لە سەرەتادا زۆر بە وەستایی وهێمنی، دەستی بە گۆڕانکاری کرد. ئۆردوغان هەموو کارەکانی خراپ نەبوون؛ ئەو توانی سوپای کەمالی، ئایدیۆلۆجیای نەژادپەرستانەی کەمالی، ڕوانگای تورکیا بۆ ڕۆژهەڵات بگۆڕێت. ئابووری وڵاتەکەی بوژاندەوە، کۆمەڵگای تورکیای کردەوە، کێشەی کوردستانی هێنایە ناو باسان و کردیە بەشێک لە ستڕاتیژیی خۆی.
ئەو بارودۆخە بەهانای هەرێمی کوردستان هات، تورکیا بووە دەروازەیە فراوان بۆ پەیوەندی کردنمان بە جیهان. تورکیا وازی لە سیاسەتی دەوردان و لەناو بردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هێنا. لەگەڵ پ ک ک کەوتە گفتوگۆ، لە باکوردا دەرگای لەسەر دەربڕینی خواستەکانی کورد کردەوە. وازی لە پەلاماری سوپایی هێنا، بەمەش هەموو کورد پشوویەکی هاتەوە بەر. ئەو دۆخەیە ڕێگای بۆ دروستبوونی هادەپ و بردنەوە مێژووییەکەی ڕەخساند. کەواتە پێویستە کورد لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، تەماشای پانۆڕامای سیانزدە ساڵەی ئۆردوغان بکات. ڕێک وەک ڕوانگای شۆڕشی ئەیلول بۆ عبدالکریم قاسم. کارێکی مەرگبار دەبێت ئەگەر هادەپ(پ ک ک)، خۆی لە ستڕاتیژیی تورکیایی و وەخت بەفیڕۆدان بۆ یاری سیاسییانەی ناو پەرلەمان و پازپازێنێی ئۆپۆزیسیۆنیی، ون بکات. هادەپ بە دەنگی کوردان چۆتە پەڕلەمان. ڕای گشتی کوردستان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، چەرخێکی سەد و هەشتا پلەیی لە بەرامبەر ئۆردوغان لێدا. بۆیە دەبێ هادەپ نوێنەرێکی ئەمینی ئەو چەرخدانە مێژووییەی کوردان بێت. هادەپ دەبێ کوردایەتی بکات، هەڵبەت بە تایبەتمەندییەکانی خۆیان.