نرخێک بۆ نیشتمان، سەنگێک بۆ مێژوو

نرخێک بۆ نیشتمان، سەنگێک بۆ مێژوو

سەرۆ قادر
saro.qadir@gmail.com

سەردانی ڕەسمی سەرۆکی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ ئەمریکا، جێی باس و خواستی جیا جیای دانیشتوانی کوردستانە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، دیسان لە ڕوانگا و بەرژەوەندی خۆیانەوە، لێکدانەوەی بۆ دەکەن. لە ڕاستیدا زۆر بەجێیە کە ئەو هەموو ئومێدەی لەسەر هەڵچندرێت. جا ئومێدەکان بۆ هاتنەدی ئاواتە نیشتمانییەکەی کوردستان بێت یان بۆ ئامانجی بەرتەسکی کێشەی حزبایەتی بێت. هەڵبەت ماشینی چەواشەکاری، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بۆ نیازی تایبەتی خۆیان(بەتایبەتی ئێران)، لەگەڕدایە. ئەوەی من باسی دەکەم، وەڵامدانەوە بۆ هیچکامیان نیە. تەنانەت نامەوێ ئاماژە بە لاوازی ڕاگەیاندن و لەبارنەبوونی دەربڕینی، ڕادەبرەکانی خودی پارتی و سەرۆکایەتی هەرێمیش بکەم. هەڵبەت ئەو هۆکارانەی دوایی، رۆلێکی مشەیان لە بەدەستدانی ماددەی میدیایی هەیە، بۆ ناحەزەکانی بارزانی.
مەسعود بارزانی، ئەو سەردانەی، دوای سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر داعشدا، دەکات. ئەو خۆی فەرماندەی گشتی و ڕاستەوخۆی، یەکلایی کردنەوەی شەڕەکان بووە. بۆیە دەبینین ئەمریکاییەکان، وەک سەرۆکێکی نیشتمانی- سوپایی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەمریکاییەکان شێوازی تایبەتی خۆیان بۆ بایەخپێدان هەیە. ئەوان جیا لە پێشوازی سەرۆکایەتی خۆیان، بارزانییان لە ناوەندە سیاسەتسازەکانی خۆیان گێڕا و میدیا و کەسایەتییە ڕاگشتییەسازەکانی خۆیان، خستە خزمەتی. لەم کارەیاندا، هەموو دانیشتوانی ئەمریکایان، خستە ناو گوێگرتن لە ڕوانگاکانی سەرۆکی میللەتێکی مافخوراو کە سەرکردایەتی تێکشکاندنی داعشی کردووە. لە پێشوازی بارزانیدا، فەرماندە سەربازییە ناودارەکانی ئەمریکا، خانەخوێ بوون و شانازییان بەو هاوکارییە سوپاییە دەکرد کە بارزانی بەڕێوەی دەبات. ئەویتریان کۆبوونەوە ڕەسمییەکانی پشتەوەی پەردەیە، پێویستە لە زاری بارزانی و ئەمریکاییەکان بیبیستین.
مەسعود بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ ئەمریکا، شەریف پاشای لە زاکیرەی میللەتی کورددا زیندوو کردەوە بەڵام لە رۆژگار و ئاستێکی زۆر بەرزتر و زانایانەتردا.
هەموو کوردستانیان، لەخۆیانەوە، وەک دڵیان خەبەری دابێت، چاوەڕوانی یەکلایی کردنەوەی پرسی سەربەخۆیی، لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن. لە مێژووی میللەتانیشدا، چارەنووس بە سەرۆکێک دەسپێردرێت کە لە ئاستی ئەو متمانە مەزنەدا بێت. لەوەڕا من بە ئاسایی دەزانم کە هەموو سیاسەتمەدارێک یان هەموو حزبێک، خۆی نەکاتە خاوەنی کیشەی سەربەخۆیی. لە کوردستاندا ئەوە ئیش و ئەرکی مەسعود بارزانییە. سەربەخۆیی ئاواتی لەمێژینە و هەرەباڵای ئەویشە. لە خەبات لەپێناوی سەربەخۆییدا، بارزانی لەگەڵ خواستی میللەتی کوردستان لە کێبەرکێ دایە. هەڵبەت ئەوەی لە نزیکەوە بارزانی بناسێت، تێدەگات کە هیچ کاتێک، نە موغامەڕە و نە موعامەلە، بە کێشەی نیشتمانەکەی ناکات. سەرۆک پێش سەردانی بۆ ئەمریکا، نەیگوتووە دەچێ لە ئەمریکا ڕوخسەتی سەربەخۆیی وەردەگرێت. عورف و یاساکانی نێودەوڵەتیش، ڕێگایەکی لەم چەشنە نیشانی بارزانی نادات. بۆیە ئەگەر کەسانێک ئەو چاوەڕوانییەیان، لە سەفەری بارزانی هەبێت، بە سادەیی خۆیان بەشداری لە چەواشەکردنی ڕای گشتی کوردستان دەکەن.
بارودۆخی ناوچەکە و تەجرەبەی پێکەوە ژیانی، چارەگە سەدەی ئەخیر، لە نێوان کوردستان و عێڕاق، پرسی سەربەخۆیی خستووەتە ناو ڕۆژەڤەوە و لە ناو هەموو فایلە سیاسییەکان جێگای بۆ کردۆتەوە. بۆیە گومانمان نەبێت، بارزانی ئەم پرسە سارد ناکاتەوە و لە هەموو ئاستەکاندا باسی دەکات و کاری بۆ دەکات. ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش وەک جاران نین، ئێستا گوێ بۆ ئەو خواستەی میللەتی کوردستان شل دەکەن، بە ئاستی جیا جیا نیازی خۆیان دەردەبڕن. عێڕاقی دوای ٢٠٠٣، لە جیاتی دیموکڕاسی و فیدرالییەتێکی بەرفراوان، بەپەلە ڕووی لە تائیفییەتی مەزهەبی کرد، جەنگی ناوخۆیی هەڵگیرساند و دەستی داوەتە پاکتاو کردنی هاوڵاتیانی غەیرە مەزهەبی خۆی، بە بێباکی چووتە ناو ستڕاتیژیی ئێران، یەکپارچەیی خۆی پێناپارێزرێت. هێرشی داعش بۆ سەر عێڕاق و کوردستان، فەشەلی عێڕاق و سەرکەوتنی تەجرەبەی کوردستانی سەلماند. بۆیە تەجرەبەی جیهان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هانیان دەدات ڕۆلی کوردستان بەباش هەڵسەنگێنن و بیر لە یارمەتیدانی بکەنەوە. دوای جەنگی جیهانی دووەم، کەشێکی سایکۆلۆجی لەم چەشنە، بەسەر جیهانیاندا زاڵ بوو، پاڵی دەنان پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل بکەن.
هەڵوێستی ئەمریکا لە ئێستادا، بەرامبەر بە کوردستان، وەک ساڵی ٢٠٠٣ نیە. ئەوکات لە بەرسڤی پرسیاری سەربەخۆیی خوازانەی بارزانیدا، دەیانگووت: ئەگەر گورگ بتانخوات ئێمە هاوکاریتان ناکەین. ئێستا هەمان پرسیار، وەڵامی جیاوازی هەیە. هەڵبەت قەت نابێ جاوەڕوان بین، سەربەخۆیی کوردستان، لە ئەولەوییەتی ئەمریکادا بێت بەڵام دەکرێ سەرۆکی کوردستان، هەمیشە بۆ ئەوە بگەڕێت کە هەرچی زووترە، سەربەخۆیی بکەوێتە بەر بایەخی جیهانیانی دەستڕۆیشتوو، ئەوسا ببیتە ئەولەوییەتی کوردستان، واقیعییانە دەبێت. لەو کارەیدا پێویستە، هەموو کوردستانیان پشتیوانی بارزانی بن.
سەرۆک بارزانی زۆر گشتگیرانە و بە تەجرەبەوە، باسی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات. ئەو دەڵێ پێویستە لەگەڵ عێڕاقییەکان گفتوگۆی لەسەر بکەین و ئەزموونی هەردوو لامان لە سەد ساڵی رابردوو، گەنگەشە بکرێت. پێویستە پشوومان درێژ بێت و چاو لە عەرەب سوور نەکەینەوە. وڵاتانی دەوروبەرمان بخەینە ناو کێشەکە و باوەڕیان پێ بێنین کە کوردستانی سەربەخۆ لە خزمەتی بەرژەوەندی هەمووان دەبێت. کەواتە دوای جیهانیان، جیرانەکانیشمان تەرەفی گفتوگۆن. پڕۆسەکە ئاهاییە بۆیە پەلەی تیدا نیە، هەروەک سارد کردنەوەشی رەوا نیە. سەرۆک خاوەنی ئەم ڕوانگایەیە. ئەمەش ڕوانگایەکی وواقیعبینانەیە چونکە بەرژەوەندی جیهانی، لە ئاسایش و ئەنێرژیدا دابین دەکات. ڕێگای هاوکاری و پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب، کۆتایی پێناهێنێت. بۆیە دەبێ چاوەروان بین، ئەنجامی ئەم سیاسەتە نەرمە، چ مامەڵەیەکی جیهانی و ناوچەیی بۆ کوردستان دەستەبەر دەکات. کورد بۆ دواوە ناگەڕیتەوە، جیهانیش ئەوەی لێ ناخوازێت، عێراقیش ناتوانێت پاڵی پێوە بنێت. لێرەدا پێویستەکوردستان، بەردەوام لە دان و ستاندن، پاشەکشە و پێشکەوتندا بێت، زوو زوو کەموکوڕییەکانی خۆی چارەسەر بکات، یارمەتی کەشی نێودەوڵەتی گونجاو بدات، ئەگەر بەم زووانەش دان بە سەربەخۆییماندا نەهێنن، قۆناغ بە قۆناغ، یارمەتیمان بدەن سەربەخۆیی خۆبەرێوەبردنمان، لە تێکەڵاوبوونی زیاتر بە سیاسەت و بازاڕی جیهانی، دابین بکرێت. مۆدیلێکی نزیک لە تایوان، ئەو خۆبەڕێوەبردنە دەستەبەر دەکات.
هەر کەسێک لە کوردستاندا، وابزانێت عێراقییەکان بە شێوەی خۆیان، بیر لە سەربەخۆیی کوردستان ناکەنەوە، دیارە بێئاگان. هەموو ناوەندە سیاسی و مەزهەبییەکان، بە ڕووی سەربەخۆییدا باسی کوردستان دەکەن بەڵام چەند و چۆن؟ جێی باسە. کەواتە تەجرەبەی مێژوویی لەلای عێڕاقییەکانیش، کاریگەریی خۆی کردووە و هەوڵدەدەن، کێشەکە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە. هەر ئێستا عێڕاق وەک وڵاتێکی جیران تەماشای کوردستان دەکات. کەواتە ئەو ئەزموونەی لە سودانی عەرەب، بەرامبەر باشووری مەسیحی درووست بوو، دوور نیە لە عێڕاقی شیعەدا بەرامبەر بە کوردستان درووست بێتەوە.
من پێموایە، ئەو متمانە زۆرەی بارزانی بۆ میللەتی خۆی بەڕەوای دەبینێت، هیچ کەسێک بۆ نیازی حزبی سووکی نەکات. نرخێک بۆ نیشتمان و سەنگێک بۆ ئەزموونی یەک سەدە لە مێژوو بهێلدریتەوە.