چاکسازی لە هەردوو لاباڵ پێویستە


چاکسازی لە هەردوو لاباڵ پێویستە
سەرۆ قادر

ئایا ئیسلامی و عەلمانییەکان پێکەوە دەژین؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە لە پرۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی بکۆڵینەوە. سەد ساڵە ئەم کێشەیە هەیە و مێژوویەکی خوێناوی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە. لە سەدەی رابردوودا هەردوو لایەن بە ئایدیۆلۆجیایەکی ئامادەکراوەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدی دەکرد و بوونی خۆیان لە نەبوونی ئەویدیکەدا دەدیتەوە. عەلمانییەکان بەسەر دوو ئایدیۆلۆجیای مارکسی و ناسیۆنالیزمدا بەش ببوون. ئیسلامیەکانیش بە خوێندنەوەی جیاجیا شەریعەتی ئیسلامیان کردبووە ئایدیۆلۆجیای بێسازشی خۆیان و بە حوکمی دینەوە کاری سیاسییان دەکرد.
ئایدیۆلۆجیا بریتییە لە سیستەمێکی باوەڕ کە لە لایەنێک دادەڕێژرێ و داوا دەکات کۆمەڵگا لەسەر ئەو باوەڕانە دابڕێژرێتەوە. ئیدی ئەوە مامۆستاکانی ئایدیۆلۆجیان لە دڵی خۆیانەوە قەناعەتەکانیان بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن و لە رێی ئەو بزووتنەوەیەی سازی دەکەن فشار بۆ کۆمەڵگا دێنن تا سەر دانەوێنێ. ئایدیۆلۆجیا سەرچاوەکەی سەرمایەداری بێت( وەک فاشیزم و نازیزم و عەسکەرتارییەتی ئیسپانیا و یۆنان و حکومەتەکانی رۆژهەڵات) یان کۆمۆنیزم بێت (وەک یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی دیکەی سۆسیالیستی و حزبە کۆمۆنیستەکانی رۆژهەڵات) یان نەتەوەپەرستی بێت (وەک تورکیا و ئێرانی شاهەنشاهی و وڵاتانی عەرەبی-ناسری) یان دینی بێت (وەک حزبە ئیسلامییەکانی جیهانی موسوڵمان و تالیبان و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێڕاقی دوای ٢٠٠٣ و میسر و تونسی بەهاری عەرەبی) فەرق ناکات چونکە بنەمای کارکردنی بریتییە لە سەپاندنی فەرمانەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگا و تاقیکردنەوەی باوەڕەکانی خۆی. ئایدیۆلۆگەکان پشت بە لێکۆڵینەوەی زانستی و واقعی کۆمەڵگا و ئەزموونی مرۆڤایەتی بۆ خۆبەڕێوەبردن نابەستن ، بۆیەش لەکاتی تەنگژەی سیستەمەکەیاندا پەنا بۆ توندوتیژی و فشار دەبەن. ئەوانە چونکە باوەڕیان بە ئازادی راستەقینەی ئینسان نیە بۆیە تەحەمولی نەیارەکانیان ناکەن و هەموو نەفەسێکی ئۆپۆزسیۆنی خەفە دەکەن و بەر بە فرەیی و بەشداری لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگا نادەن. باوەڕدارانی ئایدیۆلۆجیا لەگەڵ دیموکراسی هەڵناکەن و تەجرەبەی مێژوو سەماندوویەتی هیچ ئایدیۆلۆجیایەک نەیتوانیوە دیموکڕات بێت.
لە کۆتایی سەدەی رابردوو سیستەمی کۆمۆنیستی روخا و دیموکراسی شوێنی گرتەوە. ئەو وڵاتانەی بە هەوای ناسیۆنالیزم، رژێمی دیکتاتۆرییان سەپاندووە ئەوە چەند ساڵە یەک دوای ئەویدیکە دەروخێن و بەرەو تەجرەبەی دیموکڕاسی دەچن. ماوەتەوە ئیسلامییەکان، ئاخۆ واز لە ئایدیۆلۆجیا دێنن و سەر بۆ دیموکڕاسی شۆڕ دەکەن و وەک لاباڵی موحافیزکاری ناو کۆمەڵگا لە بەڕیوەبردنی وڵات بەشدار دەبن؟ موحافیزکاری لە دیموکڕاسیدا جێی دەبیتەوە بەڵام ئایدیۆلۆجیا لەگەڵ دیموکڕاسی هەڵناکات.
ئیسلامییەکان خەریکە بیر لە خۆگۆڕین دەکەنەوە و تەجرەبەی ئۆردوگانیزم لە تورکیا جێی سەرنجە. ئیسلامییەکانی تورکیا نەک هەر دیموکڕاتن بەڵکو ئەزموونێکی باشیان لە پێشخستنی ئابووری پێشکەش کردووە. گرفتی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیش لەو دوو خاڵەدایە: ١- دیموکڕاسی راستەقینە ٢- باوەڕ بوون بە بنەماکانی زانستی ئابووری. سیستەمی دیموکراسی بەبێ ئابوری ئازاد ناتوانێ بژێت. ئیسلامیەکان ئەم دوو چاکسازییە لە باوەڕەکانی خۆیاندا دەکەن یان نا؟
ئیسلامییەکانی جیهانی عەرەب خەریکە بە قسە باسی ئەو چاکسازییە لە باوەڕەکانیان دەکەن بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە میسر و تونس دەیبینین زیاتر حەنین و سۆزە بۆ ئایدیۆلۆجیا توندەکەی جاران و بە کردەوە ناهاتوونە مەیدان. دەبێ چاوەڕوان بین بزانین تا کوێ بڕ دەکەن.
کۆماری ئیسلامئ ئێران، وەک هەر رژێمێکی دیکەی ئایدیۆلۆجیی توندڕۆ کاردەکات و شتێکی بەنای دیموکڕاسی باوەر نیە. لە عێڕاقی دوای ٢٠٠٣ دا ئیسلامییە شیعەکان هیچ هەنگاوی چاکیان پێشکەش نەکردووە و بەرەو توندڕۆیی مەزهەبی هەنگاو دەنێن. ئەوەندەی خەریکی رێوڕەسمی عاشورا و تاسوعا و پلانی دوورخستنەوەی سوننەکان و لێدانی کوردانن، هیچ ئەوەندە خەریکی خۆگونجاندن لەگەل دیموکڕاسی و پێشخستنی ئابووری نین.

لە کوردستاندا ، ئەگەر ئیسلامییەکان نموونەی تورکیا وەربگرن و بە داهێنانەوە لە کوردستان چاکسازی لە باوەڕە سیاسییەکانیاندا بکەن و دیموکڕاسییان قبوڵ بێت، بێگومان دەکرێ لە بەرێوەبردنی وڵات بەشدار بن و هیچ هەڕەشەیەکیان لێ بۆن نەکرێ. دیموکڕاسی یەک مانای هەیە ئەویش ئەو زانستەیە کە لە دنیادا سەلمێندراوە و میللەتان لەگەڵ کولتووری خۆیان دەیگونجێنن. لە دیموکڕاسیدا رەنگ و باڵی جیاواز جێگایان دەبیتەوە بەڵام نابێ بنەما سەرەکییەکانی ئەو سیستەمە پێشێل بکرێ ئەویش ئەو دوو خاڵەیە کە ئاماژەم پێداوە.
عەلمانییەکانی کوردستانیش لە تەجرەبەی دیموکڕاسیدا زۆر سەرکەوتوو نەبوون و لە ژێر کاریگەری کوشندەی ئایدیۆلۆجیای ناسیۆنالیزم دەرنەچوون. ئەوانێش دەبێ خراپییەکانی ئایدیۆلۆجیای توندڕۆیی نەتەوە پەرستی و مل کەچ کردن بۆ داب و باوەڕە تەقلیدییەکان دوور خەنەوە. دیموکڕاسی بە تەقلیدییەت و توندڕۆیی ناکرێ. سەربەخۆیی کوردستان لە دیموکڕات بوونیدایە نەک لە بەرچاوتەنگی ناسیۆنالیستی.
دەبێ چاوەڕوان بین و بە کردەوە ببینین ئایا ئیسلامیەکانی کوردستان دیموکراتی موحافیزکارن؟ باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ هەیە؟ پەنا بۆ توندڕۆیی نابەن؟ بازاری ئازادیان قبووڵە؟ دەزگا دینییەکان دەخەنە ناو دامودەزگای مەدەنییەوە و لە فتوای توند و کوفراندن دووریان دەخەنەوە؟ هەر کاتێک ئیسلامیەکان وەک لاباڵێکی باوەڕ بە دیموکڕاسی بووی کوردستان کە رێنوێنییەکانی دین لە کاناڵی دیموکراسییەوە دەخەنە پەروەردە و راهینانی تاک، خۆیان سەلماند، ئەوکاتە هیچ هەرەشەیان نابێ و ئەگەر حکومەتیش بەدەستەوە بگرن من ترسم لێنانیشێت ، چونکە کۆمەڵگا تووشی گرفت ناکەن.
بەڵام ئێستا گومانم هەیە وابکەن. هیوادارم و مەنتقی مێژوو وادەخوازێ کە خۆیان چاک بکەن و بەبێ گومان بەشدار بن.