تەنگژەی عێڕاق و کوردستان و لێ دەرچوونی


تەنگژەی عێڕاق و کوردستان و
لێ دەرچوونی

سەرۆ قادر
saro.qadir@gmail.com
www.seroqadir.com
ئەو تەنگوچەڵەمانەی، عێڕاق بۆ کوردستان دەینێتەوە، وەرزی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ ی تەواو کرد. تا ئێستا عێڕاق براوەیە و گورزەکانی خۆی لە کوردستان دەوەشێنێ. ئێمە خۆمان لە تەنگژەی سیاسی دوای هەڵبژاردندا بووین، عێڕاق قۆستییەوە و شادەماری ئابووری کوردستانی لە کارخست.
بۆ لەو کاتەدا، عیڕاق جەنگی ئابووری، لە دژی کوردستان دەستپێکرد؟ ئایا ئێمە بەشێکین لە دەوڵەتێک کە بۆمان لە هەل دانیشتووە و تەمای لەناوبردمانی هەر ماوە؟
کوردستان، لە چ ڕاونگایەکەوە ستڕاتیژیی خۆی، بۆ مانەوە داڕشتووە؟ دەیەوێ عێڕاقی بێت؟ بۆ ئەو مەبەستە، چۆن بیر دەکاتەوە؟ دەکرێ بپرسین کوردستان بۆی هەیە مژاری عێڕاقی بوون دەست نیشان بکات؟
دەوڵەتی عێڕاق، بە درێژایی مێژووی خۆی، قۆناغێکی دۆستانەی لەگەڵ کوردستان نەبووە. ستڕاتیژیی عێڕاق، لەسەر بنەمای تواندنەوەی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی غەیرە عەڕەبی، داڕێژراوە. ئەوە تەنیا قسەی ڕووت نیە، بەڵکو مێژوویەکی خوێناوی بە دواوەیە. دەوڵەتێک دەستی بچێتە ڕاگواستن و وێران کردن و ئەنفال کردن و کۆمەڵ کوژی بە چەکی کۆکوژ، ئیدی لەوە زیاتر چی بکات تا بە کردەوە، نەیاریی خۆی نیشان بدات؟!
دەوڵەتی عێڕاق، هەر کەس و لاباڵ و تایفەیەک بەڕێوەی ببات، هەر لەگەڵ کوردستان ناگاتە هیچ ئەنجامێک. چونکە لە ناخی کۆمەڵگای عەرەبی عێڕاقدا، بوارێک بۆ دان هێنان، بە دەوڵەتێکی پۆلۆڕالی نەتەوەیی و دینی، نیە. ئەو سەردەمانەی، سونییەکانی عەرەب، فەرمانڕەوا بوون، ستڕاتیژییان لەسەر بنەمای، بێ دەنگ کردنی شیعە و تواندنەوەی کورد، داڕشتبوو. ئێستا کە شیعەکان فەرمانڕەوان، بۆ بێ دەنگ کردنی سوننەکانی عەرەب و نەهێشتنی کورد، کار دەکەن. دەوڵەتێک بڕیاری بڕینی بودجەی کوردستان بدات، ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت، ئەنفال دەست پێدەکاتەوە.
پێویستە ڕای گشتی کوردستان، بە ئاگایی سیاسیی هەڵەی خۆیدا بچێتەوە کە چەندین دەهەیە، دانیشتوانی کوردستان ، بە عێڕاقی بوون و واقیعی بوون، گۆش دەکات. لە راستیدا ، لە ناخی کۆمەڵگای کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەشیدا، نیازێک بۆ خۆ گونجاندن، لەگەڵ ستڕاتیژیی کۆمەڵگای عەرەبی و لاباڵە سیاسییە جیاوازەکانی نیە. کورد هەمیشە، بچووکترین سیستەمی کارگێڕی خۆی، بە ئاقاری بنەمای سەربەخۆیی نەتەوەیی پاڵ دەدات. بۆیە زوو دەکەوێتە ناکۆکی، لەگەڵ سیستەمی عەرەبی کە ئەویش بە نۆبەی خۆی، لەسەر بنەمای تەک ئیتنیکی و دژایەتی کردنی غەیرە عەڕەبان، گۆش کراوە.
بزووتنەوەی سیاسی کوردستان، ئایدیۆلۆژیای تەقییە بەکاردێنێ و هیچ کاتێک بە ڕوونی نیازەکانی کوردستانی، بۆ سەربەخۆیی دەرنەبڕیوە. ئەوەش زیاتر هانی ئایدیۆلۆجیای تووندڕۆی عەرەبی عێڕاق دەدات، بیر لە ژیان بە هاوکوفیی لەگەڵ کورد نەکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدا، ڕوانگای کولتووری عەڕەب، جەنگی هەموو جیهانی دەستپێکردووە، چونکە بە عەڕەبی-ئیسلامی کردنی، هەموو کولتوورەکانی دنیا، بە ریسالەتی جیهادی خۆی دەزانێ.
ئەگەر لە خۆمان بپرسین؛ بۆچی بزووتنەوەکەمان، چووەتە ناو قاوغی تەقییە؟ بۆ لێ تێگەیشتنی، پێویستمان بە وورد بوونەوەی سەرلەنوێ، لە چۆنیەتی پێکهاتنی ناسیۆنالیزمی کورد هەیە. بۆ ئەو کارەش، دەبێ واقیعی، سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی کوردی، لە ناو سێکوچکەی کولتوورە باڵادەستە گەورەکانی دراوسێمان، لێبکۆڵینەوە. ناوەرۆک و شێوەی ناسیۆنالیزمی کورد، شەرمنانە و خۆ بە کەم زانە. ئەو شەرمنی و خۆ بە کەم زانینە، چۆن درووست بوو؟ تێگەیشتن لەو حاڵەتە، لەوانەیە رێ نیشاندەرمان بێت، بۆ داڕشتنەوەی، سەر لە نوێی خواستەکانمان. ئا لێرەدایە، ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمی بە تەقییە، غەدر لە کۆمەڵگای کوردستان دەکات و هیچ کاتێک داسەکنانی پێ نابەخشێ، چونکە تەعبیر لە خواستەکانی ناکات.
ئایدیۆلۆجیای بە تەقییەی نەتەوەیی ئێمە، کەشێکی لەبار نیە، بۆ هەڵکەوتن و خۆ نیشاندانی سەرکردەکانمان. وەک لە مێژووشدا هەیە، سەرکردەی پێکهاتە دینی و غەیرە دینییەکانی بە تەقییە، هەرگیز نەبوونەتە ڕابەری مەزنی جیهانی. تەقییە، سایکۆلۆجیای ترس و بێ پشتیوانی و خۆ گونجاندن و سازش دروست دەکات. هەر ئەوەش هانیان دەدات بە دوای پاساوداندا بگەڕێن. باشترین پاساویش ئەو واقیع بینیەیە کە ئێمە کردووەتمانە بنەمای بیرکردنەوەی سیسیمان!
هیچ کاتێک، کۆمەڵگای ناودەوڵەتی، لە خۆیەوە بە هانای میللەتانەوە ناچێ و سنووری مافەکانیان بۆ دیاری ناکات. ئەوە میللەتانن، دەبێ خواستی خۆیان دەرببڕن و لەسەری سوور بن. جا لە هێنانەدی دا، لەوانەیە قۆناغبەندی تێبکەوێ و لە قۆناغێکی دیاری کراودا سازش هەبێ. لێرەوە ناواقیعیەتی، جۆری رەفتاری بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی ئێمە، لە پەیوەندی بە ئەمریکا و جیهان دەردەکەوێ. ئێمە ئەگەر خۆمان، داوای سەربەخۆیی نەکەین، هیچ کاتێک لە ڕێککەوتنە ناودەوڵەتییەکاندا، حسابی میللەتێکی سەربەخۆمان بۆ ناکەن. ئەو حساب نەکردنە، هەموو مافەکانمان دەگرێتەوە.
لە لایەنی هەرێمایەتیشەوە، دوو دەهەی ئەخیرمان، نیشانی داوە، تورکیا و ئێران و سوریا، دژمانن بەڵام ئەو ئەهریمەنە نین کە نەکرێ نەخێریان پێ بگوترێ. ئەگەر ئیرادەی سەربەخۆ هەبێت، لەم بارودۆخەی ئێستای جیهاندا، هیچ دراوسێیەکمان، ناتوانێ راستەوخۆ، پەلامارمان بدات. هەڵبەت، شەرمنی و خۆ بە کەم زانینی، سایکۆلۆجیای سەرکردەیی ناو بزووتنەوەی کوردستان، پاڵی پێوەدەنێ، هەمیشە لایەکی کێشەکانی، بباتەوە تاران و ئانکارا و دیمەشق.
ئەوەی، ئێستا کوردستانی لە بەرامبەر عێڕاق لاواز کردووە، بێ ئیرادەیی و لێڵی فکرییە، نەک سەرچاوەکانی خۆ پێپاراستن و هێز. وەختێک ئیرادە نەبێت، هیچ سەرچاوەیەکی هێز بە هانای میللەتان ناگات. بێ ئیرادەیی، کۆمەڵگا دەخاتە ناو بێ بەرنامەیی و پەرت و بڵاوی دەکات. ئێستا ئیرادەی میللەتی ئێمە، پەرت بووە. ئەوە لە کاتێکدایە، زۆرترین سەرچاوەی مرۆیی و زەمینی و ووزەییمان لە ژیر دەست دایە، کەچی لە پشتەوەی پەردە، راوێژکارە چەند پلەییەکانی پایتەختەکانی دراوسێمان، مژار بۆ سەرکردەی زۆربەی حزبەکان دادەنێن. ئەو تەنگوچەڵەمەیەی ئێستا، نیشانی داین، کورد لەسەر دیاری کردنی چارەنووسی خۆی، یەک ڕا و کۆک نیە.
لە پڕۆگرامی حزبە کاریگەرەکاندا، جیاوازییەکی کوشندە هەیە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان، گەشەپێدانی ئابووری (کە تێزی نێچیرڤان بارزانییە) و پاراستنی باڵادەستی خۆی کردووەتە ئامانج. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ناوخۆیدا ناکۆکە و بە دەست لەت بوون گرفتارە. بزووتنەوەی گۆڕان، کۆکردنەوەی لایەنگر و پاشماوەکانی یەکێتی نیشتمانی کردووەتە ستڕاتیژی خۆی و زۆر گرنگی بە پرسە سەروەرییەکان نادات. هەردوو حزبە ئیسلامییەکان(یەکگرتوو و کۆمەڵ) تازە بیر لە دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی دەکەنەوە و ڕوانگای نەتەوەیی خۆیان تەعدیل دەکەن. PKK بە وجودی چەکداری و کاریگەری سیاسییانەی خۆی، لە نێوان حزبەکانی باشوور، پازپازێن دەکات و هەمیشە تەرەفێکی گیروگرفتە.
وەک دیارە، هیچ پرۆگرامێکی هاوبەش نیە. ئەوە خاڵی لاوازی کوردستانە، لە پەیوەندی لەگەڵ عێڕاق و دەوروبەریدا. پێموایە رۆلی سەرۆکایەتی فریادڕەس، لە کۆکردنەوەی ئیرادە و فکری هاوبەشی، تێکڕای بزووتنەوەکە، دەردەکەوێ.
سەرباری ئەوەش، پێویستە نوخبەی ڕووناکبیری کوردستان، هاوکاری بزووتنەوەی سیاسی بکات و لە ساغ کردنەوەی ستڕاتیژیی سەربەخۆییدا، بەشداری بکات. دوور وەستانی ڕووناکبیران، فکری سیاسی کوردستان، لە سەرچاوەکانی خۆی بێبەش دەکات.
ئاماژەکان وا نیشان دەدەن، وەرزی گفتوگۆ، بۆ یەکدی قبووڵ کردنی عێڕاق و کوردستان، کۆتایی هاتبێ. سەرۆکی وەزیرانی عێڕاق، نوری مالیکی، کە بە هێزترین سیاسەتمەداری عێڕاقی دوای ٢٠٠٣یە، بەردەوام کێشەکانی لەگەڵ کوردستان ئاڵۆزتر و زیاتر دەکات و بە ئاشکرا کینە بەرامبەر بە کورد تاو دەدات. دوا نموونەی ئاخافتنی سەرۆکی عێڕاقی عەرەبی، بەکارهێنانی خیتابی خوێن لەبەرامبەر خوێنە. بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی، لە بەرامبەر ئەو داخ لە دڵییەی مالیکی، پێشنیاری پێکەوە دانیشتن بۆ کۆتایی پێهێنان بەو هاوبەشییە دەکات کە عێڕاق، بەردەوام پێشێلی دەکات.
کورد، جیا لە مژاری سەربەخۆییەکی هێمنانە، هیچی دیکەی لە پێش نەماوە. بۆیە پێویستە کۆتایی بە سیاسەتی تەقییە بهێندرێ و بە ڕوونی، ئەو ستڕاتیژییە نوێیە، بخرێتە بەردەمی عێڕاق و ئەمریکا و هەموو لایەنە پەیوەندارە جیهانی و هەرێمییەکان. هەڵبەت بە گیانێکی سەردەمیانە، وەک هەمیشە بە تەساموح و لێکحاڵی بوون. کاتێک ستڕاتیژی سەربەخۆیی، ببێتە ئامانج، بەو مانایە نابێ کە پەلە لە جیابوونەوە بکرێ. دەشێ، پلانێکی پشوو درێژ بۆ ئەو ئامانجە دابندرێ و لەگەڵ عێڕاق و کۆمەڵگای ناودەوڵەتی، باسی قۆناغبەندی و زەمانی پێویست بۆ ئامادەکاری بکرێ. هیچ سەربەخۆییەک بەبێ هاوکاری نێودەلەتی ناکرێ. زەمانی ئەوە هاتووە، پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، باسی بەردەوامی ئێمە بێت.