ئایندەی کوردستان لە قەراغ ستڕاتیژیی ئەمریکا، ئێراندا


ئایندەی کوردستان لە قەراغ ستڕاتیژیی ئەمریکا، ئێراندا!

سەرۆ قادر


بارودۆخی کوردستان و پێوەندی لە گەل بەغدا

کوردستان لە بارێکی ئاڵۆزدا دەژیت. ئەو تاوێرە ترۆریستییەی (داعش)، هەموو جیهان بە هەڕەشەی سەرخۆیانی دەزانن، دەستەویەخە شەڕی کورستان دەکات. باڵانسی چەک لەنێوان داعش و پێشمەرگە، ڕاستنەکراوەتەوە. عێڕاق نەک هەر چەک بە کوردستان نادات، ناشهێڵێت لە دەرەوەڕا چەک بە ئاسانی بگاتە پێشمەرگە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پابەندی یاساکانی خۆیەتی؛ بە ئیزنی عێڕاق نەبێت چەک بۆ کوردستان نانێرێت. عێڕاق قەت بە ڕوانگای دەوڵەتێکی مەدەنی بەڕێوەنەچووە، تائیفییەتی سوننە و شێعە، بۆ نەهێشتنی یەکتر بەڕێوەی دەبەن. هەردووکیشیان نەمانی کوردییان دەوێت. ئابلوقەی ئابووری، داخڵی ساڵی دووەم بوو، عێڕاق بودجەی کوردستان نادات، دەیەوێ بیخنکێنێت. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا نایەڵێت کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت. حکوومەت و پەرلەمانی عێڕاق، وەک داعش لە دژی کوردستان خەریکی پیلان و هەڵداشتنن. ئەم دواییە وێدەچێ هەندێک بەرەی جەنگ لەسەر داعشەوە بگوێزێتەوە سەرکوردستان. حەشدی شەعبی بە ئاشکرا هەڕەشە دەکات. جیهانی ڕۆژاوا بە قسە و بە ڕاگەیاندن، تێر پشتیوانی کوردیان کرد و لێشی بەردەوامن بەڵام لە چەکی پێویست و شکاندنی ئابلوقەی ئابووری، بە تەنیا بەجێیانهێشتووین. عێڕاقیەکان پیماندەڵێن بۆ جیانابنەوە، وەک بڵێی دەزانن ڕۆژاوا، بۆ سەربەخۆیی نەک هاوکاریمان ناکات بەڵکو ڕێگاشمان لێدەگرێت. عێڕاقییەکان و دۆستە ستڕاتیژییەکەیان(ئێران)، بیردەکەنەوە؛ لە کوێندەر کرا لەوێ هەڵماندێرن.


ستراتێژیی کوردستانی

ئێمە پێویستە بەدوای گرفتەکاندا بگەڕێین. کوردستان بۆخۆی خاوەنی ستڕاتیژییەکی دیاریکراو نیە. هێزە سەرەکییەکان لە بەرژەوەندی حزبییەوە، دەڕواننە کێشە چارەنووسسازەکان. هەبوونی حەز و مەیل بۆ سەربەخۆیی، نابێتە ستڕاتیژیی و هیچ لایەنێکی جیهانی و عێراقی، حسابی لەسەر ناکات. کوردستان بە پەرت و بڵاوی، ناتوانێت بەرەنگاری نەخشە ستڕاتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتەوە. ئەو نەخشانە بۆ هێنانەدی ئامانجە ستڕاتیژییەکانی خۆیان، مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی کوردستان دەکەن. هەموو میللەتێک، پێویستی بە هێزی یەکلاکارەوە هەیە. ئەو هێزەش لە لێکتێگەیشتن و هاوکاری لاباڵە گەورەکان، دروست دەبێت. هەبوونی سەرکردەی کاریزماتیک، لەم دۆخەدا شان بە شانی دیالۆگ و لێکدی نزیک کردنەوەی ڕوانگاکان، ڕۆلی سەرەکی دەبینێت. ئیستا لە کوردستاندا، هەر لایەنە بە یاری خۆیدا هەڵدەڵێت. ئەو شێوازە، دەرهاویشتەی قەیرانی سیاسییە. بەوە میللەت و کۆمەڵگا لەت بووە. ناوەندی بڕیاری سیاسی کوردستان کە بە یاسا لەلای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، میکانیزمی تایبەتی خۆی بۆ دادەندرێت، لەژێر کاریگەری خراپی ئەم قەیرانە دایە.

پێکهاتەکانی عێراق و هاوپەیمانەکانیان

دانیشتوانی عێراق، بە کردەوە بەسەر سێ ناوچەی ئیتنیکیدا بەش بوون: شیعە، سوننە، کورد. هەڵبەت گشت پێکهاتەکانی دیکەی عێڕاق، ناوەندی بوون و بڕیاری خۆیان داوەتە پاڵ کوردستان. لە سێ ناوچە ناوبراوەکەدا، هەر بەشەیان سوپای تایبەتی خۆی هەیە، ناوچەی نفوزی خۆی دیاریکردووە. ناوچە بەرفراوانەکەی شیعە، نیوەی کوردستان، لەناو جوغزی ستڕاتیژیی ئێران دایە. ناوچەی سوننە، پەیوەندییەکی پتەوی بە ناوەندی کەنداوی عەرەبییەوە(سعودیە) هەیە. ئەوە جیا لە پەیوەندییەکی شل لەگەڵ ئەمریکا. کوردستان(نیوەکەی هەولێر) بەدوا ڕوانگایەکی نیوە سەربەخۆدا دەگەڕێ، ئەویش تا ئێستا دروست نەبووە. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا هەیە. جیا لە تورکیا، جۆرێک لە دۆستایەتی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو هەیە.
ستراتیژیی ئێران لەسەر عێڕاق، بەندە بە ئامانجە سەرەکییەکانی، ستڕاتیژیی ئەو دەوڵەتە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران زلهێزی دووەمی ڕکابەری ناو ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە کە سی و پێنج ساڵە، بەرژەوەندیی ژیاریی بۆ خۆی داناوە، دەیانپارێزێت. لە سێ دەیەی ڕابردوودا، هیچ کاتێک ئێران هێندەی ئێستا بەهێز ودەستڕۆیشتوو نەبووە. وەک خۆیان دەڵێن؛ دەستیان بەسەر چوار پایتەختی عەرەبیدا دەڕوات کە بریتین لە : بەیروت، دیمەشق، بەغدا، سەنعا. لە بەحرەین و فەلەستیندا، پێگەی ئێران زۆر بەهێزە. هەمیشە دەتوانێت کیشە بۆ سعوودیە بنێتەوە. هەرێمی کوردستانی کردووەتە دوو لەت. لەتی سلێمانی دابین کردووە، گوشاری لەسەر هەولێرە تا یەکلایی بکاتەوە.

گرینگی ستراتێژیکی هەولێر

ئەگەر ئیران بتوانێت بەسەر هەولێردا زاڵ بێت، لە ڕووی جوگڕافیای سیاسی و لۆجستیکییەوە، سوننەی عێڕاق و سعوودیە پاڵ پیوەدەنێت، تورکیا بەرەو باکوور پاشەکشە پیدەکات، ڕێگای سوپایی ڕاستەوخۆ، لە نێوان تاران، دیمەشق دەبیتەوە. لە ئەگەرێکی ئاوهادا، ئێران سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدێنێت کە بە هۆیەوە دەتوانێت گوشار بخاتە سەر بەرەکانی دیکەی کێشەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە حاڵەتێکی وادا، تورکیا دادەبڕێندرێت، سعوودیەش گوشاری ڕاستەوخۆی ئێرانی(شیعە) دەکەویتە سەری. ئەوەیە کە هەولێر لەسەر زەوی، لە شەڕی ستڕاتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگییەکی زۆری هەیە.
ستڕاتیژیی ئێران، دیرۆکێکی درێژی هەیە، دیاردەیەکی تازە نیە. ئێران قوڵایی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لە دەست بەسەرداگرتنی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێتەوە. دوای ڕوخانی سیستەمی شاهەنشاهی و سەرکەوتنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ڕەگەزی مەزهەبی(تائیفی) شیعە، بووە لایەنێکی سەرەکی لە جموجۆڵی ستراتیژییانەی ئێران. دابەشبوونی پەیرەوانی شیعە، بەسەر ناوچە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕڕاست، هاندەر و بەڵگەیەکی ئیتنیکی کاریگەرە، بە دەست ئەو دەوڵەتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرمایە و وزەیەکی زۆر، بۆ پەیوەندی کردن بە هەموو پەیرەوانی عەلەوی، سەرف دەکات. دوای سێ دەیە، ئێران توانیویەتی جێ پێی خۆی، لە هەموو ناوچە عەلەوی نشینەکان قایم بکات. لە ناو عەلەویەکانیشدا شیعەکانی دابین کردووە. بەو سیاسەتە سوریای خستۆتە جوغزی خۆیەوە، لە جوغزی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەریهێنا. ئێستا بە هەمان شێوە، یەمەنیشی داگیر کرد. لە داهاتوودا، ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبێنیت، لە رێی عەلەویەکانەوە، دەست دەخاتە ناو تورکیا، هەروەها لە ڕێی شیعەکانی سعوودیەوە، دەست دەخاتە ناو سعوودیەش. هەڵبەت ئەگەر ڕووسیا نەبوایە، کۆماری ئازەربایجانی شیعە، نەیدەتوانی ئەم سەربەخۆییەی هەیەتی بیپارێزێت.

هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان، زۆرینەی سوننەیە بەڵام شیعە و مەسیحی، کاکەیی، ئێزیدی، شەبەک، تورکمان، سریان، کلد، ئاشوور، عەرەبی تێدایە. ئەم ئیتنیکیە فراوانە، مۆرکێکی تایبەتی بە کوردستان داوە. ئێران لە لای خۆیەوە، پیکهاتەی کورد بە بەشێک لە درێژبوونەوەی نەژادی ئیرانی کۆن دادەنیت، خۆشی بە خاوەنی دەزانێت. ئەو دەوڵەتە دان بە ناسیۆنالیزمی کورد نانێت. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کورد و شۆڤێنییەتی ئێرانی، بووەتە دۆڵێکی جیاکەرەوە کە هیچ پاساوێکی بۆ باوەڕە کۆنەکەی ناو ستڕاتیژییەتی ئێران نەهێشتۆتەوە. لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە، کوردستان تاکە پردێکە، ئێران دەگەیەنێتە ناو قوڵایی جوگڕافیای سیاسی عەرەب. لەم لاشەوە هەر بە کوردستاندا، دەتوانێت تورکیا تەنگاو بکات. بۆیە ئێران ناوچەی ئێمە بە هەرێمی ژیاریی خۆی دادەنێت. ئێران شەڕ لەسەر ئەم ناوچەیە دەکات و بە ناوچەی تەواوکاری شیعەنشینی عەرەبی عێڕاقی دادەنێت. بۆیە هیچ پڕۆژەیەکی بۆ داهاتووی کوردستان لەلا نیە تەنیا تواندنەوەی زۆرەملێ نەبێت.


ستراتێژیی رۆژئاوا
ستڕاتیژیی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا، ئەوروپا، لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بریتییە لە پاراستنی سەرچاوەکانی ووزە، پێشگرتن لە دەوڵەتە تووندرۆکان، قەلاچۆ کردنی تیرۆڕ. لەو سیاسەتەیاندا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، جموجۆڵ دەکەن و دەیپارێزن. تا پێش بەهاری عەرەبی( کە تووندڕۆیی لێ کەوتەوە)، ئەو ستڕاتیژییە گفتی پشتیوانی کردنی لە بزووتنەوە میللییە دیموکڕاتخوازەکان دەدا. لێ ئێستا پاشەکشەیەکی تەواویان لەو گفتەدا کردووە. لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار سوپاکانی ئەمریکا و ئەوروپا، هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام هیچ نەخشەیەکی سیاسییان نەگۆریوە و هیچ سیستەمێکی دیموکڕاتی لێوە دروست نەبووە.
ئەمریکا و ئەوروپا، بە ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئێرانن. هەڵبەت بەرەنگاری تووندڕۆیی سوننەشن. بۆیە گۆرانی زوو زوو بەسەر سیاسەتیاندا دێت. لە هەر وڵاتێک تووندڕۆکانی سوننە یان شیعە بێنە دەسەڵات، بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا دەخەنە مەترسییەوە. ئەو هۆکارە زەمینەی، جار جار لەسەر ئەرزی واقیع، دان و ستاندنی لەنێوان وڵاتانی پشتیوانی تووندڕۆیی سوننە و ئیرانی شیعە، دروست کردووە. لەو دان و ستانە وردانە دایە، هەندێک جار ناوچەی جیاجیا، دەکەونە بەر پەلامار یان دەکرینە قوربانی. نموونەی یەمەن لە پەلاماری حوسییەکان، کوردستان لە پەلاماری داعش، لەو جۆرەن. هەڵبەت نزیکایەتی سیاسی و سوپایی ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکا، هەر لەو ئاڵۆزییە سیاسییەوە دێت.


گرینگی ژیئۆپۆلیتیکی هەرێم

جوگرافیای سیاسی و سەربازیی کوردستان، لە شەڕی نێوان ئێران(شیعە)، سوننە(سعودیە، تورکیا)، ئەمریکاـ ئەوروپا، بووتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی ستڕاتیژیی ئەمریکاـ ئەوروپا. لە ڕاستیدا لەم ڕۆژگارەدا، ئەوە گرنگیی ستڕاتیژییە کوردستان دەپارێزێت نەک سامانی نەوت. لە ساڵی ڕابردوودا، لە جەنگی نەوت لە نێوان کوردستان و عێڕاق، جیهانی ڕۆژاوا پشتی عێڕاقیان گرت. بەمەش سیاسەتی پشتبەستن بە داهاتی نەوت، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا. دوای چەند مانگێک کە داعش هێرشی کردە سەر کوردستان، هەڕەشە لە هەولێر نزیک کەوتەوە، ئەمریکا و ئەوروپا ڕاستەوخۆ دیفاعیان لێی کرد چونکە بە ناوچەیەکی ژیاریی بۆ ستڕاتیژیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلای خۆیان حسابی دەکەن. وێدەچێ ئەو ناوچە ستڕاتیژییە، کوردستانی ڕۆژاڤاش بگرێتەوە. بەشداری ئەمریکا لە پاراستنی کۆبانێ کە هەرێمی کوردستان پێی هەڵسا، ئێران و تورکیا و سعوودیەی تووشی شۆک کرد. لە شەڕی نێوان ستڕاتیژییەکاندا، زمانێکی سەربازیی تایبەتی هەیە کە یەکتری پێ حاڵی دەکەن. ئەمریکا ئەو زمانەی بەکارهێنا. بۆیە ئێستا ئیران و تورکیا دەزانن کوردستان، بە باشوور و ڕۆژاڤایەوە، ناوچەی ستڕاتیژیی ئەمریکا و ئەوروپایە. بۆیە داگیرکردنی کارێکی ئاسان نیە. هەڵبەت ئەو قسەیەم دەستێوەردان و کارکردن لەسەر حزبە دەستڕۆیشتووەکان، ڕەت ناکاتەوە. بۆیە کوردستان دەرفەتێکی بە نرخ و ژیانبەخشی لەدەستدایە، دەتوانێت بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەکاریبهێنێت. کوردستان دەستی کراوەیە تا ستڕاتیژیی خۆی داڕێژیت و کاری لەسەر بکات. تا ئەوکاتەی بەغدا لەبن فەرمانی تاران دایە، داشی کورد سوارە و پێگەی بەهێزە، دەتوانێت کار بۆ ئامانجەکانی بکات. هەر کاتێک بەغدا بگەڕێتەوە ژێر فەرمانی واشنتۆن، ئەوکات لە گرنگی سیاسی کوردستان کەمدەبێتەوە و دەکەوێتەوە ژێر گوشار.
تورکیا لە دەوڵەتێکی ڕووەو دیموکڕاسی و کێشەدامرکێنەوە، بووە دەوڵەتێکی تووندرۆ و ڕیسککار. ئێستا لە گۆشەگیریدا دەژیت. ستڕاتیژیی ئەو وڵاتە شکستی هێنا. هەر وەک ماوەیەک لەمەوبەر ئۆردوغان گووتی؛ ئەگەر گۆشەگیری ئێمە لەبەر ئیمانی ئێمە بێت، شانازی پێوەدەکەم. ئەمە قسەیەکە هەمیشە تووندڕۆکان دەیکەن، پاساوی شکست بە ئایدیۆلۆژیا دێننەوە. هەڵبەت پاراستنی پەیوەندی نێوان تورکیا و کوردستان، بۆ ئاسانکاری و مانەوەی کوردستان، ژیارییە و ناشێ بە کەم حساب بکرێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان چوار هێز کە بریتین لە ئەمریکا، ئێران، سعوودیە، تورکیا. هەرسێک هێزە رۆژهەڵاتییەکە، بە بەرژەوەندی جیاجیا، تووندڕۆن و دژی دیموکڕاسین. ئەمریکاش بە شێوەی جیا جیا، بەرەنگاری هەرسێکیان دەبیتەوە. لەو ناوەدا شەڕی سەرەکی لەگەڵ ئێرانە. بە پلەی دووەم شەڕی لەگەڵ تووندرۆیی سوننەیە. داعش لەو ناوچەیەدا، لەسەر زەمینەیەکی کولتووری، دینی، مەزهەبی، سیاسی، جیهانی، سەریهەڵداوە و هەرەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دۆستەکانی دەکات. دۆستی سەرەکی ئەمریکا و ئەوروپا لەو شەڕەدا، تەنیا کوردن. ئەم دۆستایەتییە هەمووی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە و هیچ نیازێکی دیکەی تێدا نیە.

کارتی بەردەستی کورد و ستراتێژیی کوردستانی

خاڵە بەهێزەکانی کورد، لەمانەی خوارەوەدا، جێگیر دەکرێن:
١- گرنگیی ستڕاتیژیی کوردستان
٢- یەکگرتنی هێزەکان
٣- سازکردنی دامودەزگای دەوڵەت
٤- هەوڵ دان بۆ سەربەخۆیی
بۆیە پێویستە کوردستان، وەک هەلێک بیقۆزیتەوە و بۆ سەربەخۆیی بەکاریبێنێت. ئەو هۆکارەی هێزی کورد دەپارێزێت، یەکدەنگی و یەک ڕوانگاییە بۆ داهاتوو. پێویستە بەرژەوەندی حزبی و ئایدیۆلۆژیی و ناوچەیی، لە تویی یەکگرتنی کوردستاندا دابین بکرێت، ئەگینا دەبیتە خۆراکی دەستێوەردانی ستراتیژییە ناحەزەکانی کوردستان و سەرنجام قووت دەدرێن. لێرەوە پابەندبوون بە دامودەزگا قانوونییەکانی کوردستان، یەکخستنی هێزی پیشمەرگە تا ئاستی سوپای کوردستان، دروستکردنی ڕوانگای هاوبەش لە نێوان حزب و پێکهاتەکان، لێکدی حاڵیبوونی پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پ ک ک گرنگییەکی ژیاریی هەیە.