دان و ستاندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ ستڕاتیژیی کوردستان

دان و ستاندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و
بێ ستڕاتیژیی کوردستان

سەرۆ قادر


رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدرێژایی مێژووی خۆی، هەمیشە ناوچەی شەڕ و کێشمەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بووە. کەلەپووری ئاشووری و کلدانییەکان، سفرەکانی تەوڕات، ئامۆژگارییەکانی ئینجیل، ئایەتەکانی قوڕئان، هەموویان لە گەرمەی کێشەکاندا خولقاون و لە توێی خۆیاندا، مێژووی ناکۆکییەکان دەگێڕنەوە. هەروا سەردەمی فەرمانڕەواییە پان و بەرینەکانی ئیسلام، بەتایبەتی رۆژگاری فەرمانرەوایی عوسمانییەکان، ئەم ناوچەیە لە جەنگ و دابڕانی لێکدیدا بووە. نەوەی ئێمە کە لەگەڵ ڕووداوەکان دەژین، باش لەو مێژووە حاڵی دەبین.

ئێستا ئەم ناوچەیە، گرفتاری بوژانەوەیەکی سەلەفی دژی پێشکەوتنە. هەروەها میراتی کۆلۆنیالیزم و کێشەی پارچەپارچە کردنی ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانی کە بە سایکس - بیکۆ ناسراوە، هۆکارێکی سەرەکییە لە برەودان بە بوژانەوە سەلەفییەکە. ئەو دوو هۆکارەن، زەمینەی بەرهەمهاتنی تیڕۆڕیان ڕەخساندووە. دابەشکردنی ناواقیعییانە و نەگونجاوانەی میراتی عوسمانی، تیڕۆڕێکی خولقاندووە کە بەربووەتە گیانی هەموو جیهان. هەڵبەت بە شێوەی سەرەکی گڕی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرداوە.
هەموو ئاماژەکان و بیروراکان، بەو ئاقارەدا دەکشێن کە هیچ هێزێک ناتوانێت، ئەو جوڵانە کۆمەلایەتییە- سیاسییە ناکۆک و دڕە(سەلەفییەتی تووندڕۆ)، لەسەر ئەو جێیە دابمرکێنێت کە سەد ساڵە سایکس- بیکۆ بڕیاری لەسەر داوە. لایەنە ناکۆکە سەرەکییەکان شیعە، سوننە، نەتەوەکانن(کورد، ئیسڕائیل،ئامازیغ، ئازەر، بەلوچ). هەردوو لایەنی شیعە و سوننە، لەوپەڕی سەلەفییەتی خۆیاندا، سەنگەریان لێکدی گرتووە. نەتەوەکان لە چوارچیوەی ئایدیۆلۆژیای دینیدا، چارەسەریان نادرێتێ، بۆیە ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم قۆناغەدا، زیاتر لە هەمیشە، لەگەڵ دیموکڕاسی و سکولاریزمدا(عەلمانییەت) گونجاون. هەربۆیە بەکردەوە،س کەوتوونە بەرەی دژی تیڕۆڕیزمی سەلەفی.
داڕماندنی ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانی، هاوکات بوو لەگەڵ دابەشبوونی جیهان بەسەر دوو بلۆکی دژ بەیەکدیی( سەرمایەداریی رۆژاوا، کۆمۆنیزمی رۆژهەڵات). جەنگی جیهانی یەکەم، دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە شێوەی سایکس-بیکۆی چەسپاند و لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، ڕەواییەکی پشت ئەستوور بە زل هێزە جیهانییەکانی، بۆ دابین کرد.
جەنگی جیهانی دووەم،لە ئەنجامی سەرهەڵدانی تووندڕەوییەکی شۆڤێنیستی، لە نێوان هێزە گەورەکانی ئەوروپا و ئاسیا، درووست بوو کە ئامانجی دابەشکردنەوەی جیهان هەبوو، لە نێوان خۆیان. بوژانەوەی فاشیستی-نازیستی-میلیتاریستی لە ئیتالیا و ئەڵمانیا و ژاپۆن، دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرت. ئەوان بێ سڵەمینەوە جەنگیان دەستپێکرد و سنوورە پیرۆزەکانیان بەزاند. ئەو هێزانە لەوکاتدا تووندوتیژترین شێوازی فەرمانڕەواییان بەکارهێنا. خوێنی یەکتریان حەڵال کرد و جەنگی کۆکوژی و قەڵاچۆ کردنی نەژادییان دەستپێکرد. هۆلۆکۆست، لەناوبردنی سەدان هەزار پۆلۆنی، چینی، کۆریایی، رووسیایی نموونەی ئەو میژووە پڕ لە زەبروزەنگەن.
لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا، کۆمۆنیزم بە فراوانتری بووە جیهانگیر. جەنگی سارد لەنێوان ڕۆژئاوای سەرمایەدار و رۆژهەڵاتی کۆمۆنیست، بۆ ماوەی چل و پێنج ساڵ بەردەوام بوو. ساڵێ ١٩٩٢، لە ئەنجامی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیێت،ئەو جەنگە بە سەرکەوتنی ڕۆژاوا کۆتایی هات. لەوێ بەملاوە، بیر لە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی جیهانی کرایەوە کە تەنیا ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرد. یەکێتی سۆڤیێت بەمەرەدی ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانی چوو. ڕووسیا کەوتە نشستی.
لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا، بە هێز دەوڵەتە تووندڕۆکان ڕوخێندران. نەخشەی جیهانی سیاسی دەسکاری کرا، ژمارەیەک دەوڵەتی نوێ درووست کران، هەندێک دەوڵەت کە مێژوویەکی دڕێژیان هەبوو، دابەش کران. لە کۆتایی جەنگی ساردیشدا، هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان ڕووخان، هەندێک دەوڵەت دابەش کران و دەوڵەتی نوێ هاتنە سەر شانۆی سیاسی. هەرێمی کوردستان وەک حکوومەتێکی ئەمری واقیع، لەوکاتدا درووست کرا.
سیستەمی نوێی جیهان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە بیست و دوو ساڵی ڕابردوودا،ئۆقرەی بە خۆیەوە نەبینی. لە دەیەی یەکەمی ئەو سیستەمەدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە ڕێکخستنەوەی میراتی کۆمۆنیزمەوە خەریک بوون. ئەوە جیا لە جەنگی کەنداوی فارس. ئەو جەنگەی بووە سەرەتا بۆ هەڵدانەوەی قەپاغی سەلەفییەتی ئیسلامی. لە دەیەی دوومی سیستەمی نوێدا، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی، ڕاکیشرانە ناو جەنگێکی بەردەوام، جەنگی سەلەفییەتی تووندڕۆ لە قەندەهاڕەوە تا هەولێر و کۆبانێ.
ئێستا ئەمریکا ستڕاتیژیی خۆی، لەسەر بنەمای قەڵاچۆکردنی تیڕۆر داڕشتووە. تیڕۆڕێک کە جوغرافیایەکی دیاریکراوی نیە. ئەوروپا و ئەمریکاش کەوتوونەتە ناو مەداری تیڕۆڕی ئیسلامی. ئەگەر لە نەوەدەکاندا، ئەمریکا شەڕی دەوڵەتە یاغییەکانی دەکرد، ئێستا دەبێ بەدوای بنکە تیڕۆڕییەکاندا، سنوورەکان ببەزێنێت. وەختی خۆی بۆ لێدانی ئەفغانستان یان عێڕاق، پیویستی بە ڕەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. ئێستا پیڕاناگات ڕەزامەندی وەربگرێت. نموونەی دیفاع لە هەولێر و کۆبانێ ئەوەی سەلماند کە ناکرێ لەسەر ڕەزامەندی ئەو دەوڵەتانە و UN ماتەڵ بێت. ئەو سنوور بەزاندنە، داعش سەپاندی. لە شەڕی دووەمی جیهانیشدا، فاشیزم و نازیزم سنوورەکانیان پێشێل کردن.
هەموو ئاماژەکان، بە تەجرەبە مێژووییەکانیشەوە، ئەو باوەرە تۆخ دەکەن کە پێیوایە سنوورە پیشێلکراوەکان، وەک پێشدان درووست ناکرێنەوە. ئینجا چۆن ڕێکدەخرێنەوە و چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟ جێی باس و پرسیار کردنە. پرسیار ئەوەیە: لە ستڕاتیژیی ئەمریکادا، چ نەخشەیەک هەیە؟ ئەوان تا ئێستا هیچ ڕوانگایەک نادرکێنن بەڵام لە دان و ستاندنێکی بەردەوام دان. ئەمریکا و ئەوروپا لە لایەک، ڕووسیا، ئێران، تورکیا، سعودیە، میسر لە لایەکەی دیکەن. لایەنی بەرامبەری ئەمریکا، گومانی لە کورت کردنی دەستی ئەمریکادا نیە. ئەو پێنج لایەنە سەرباری جیاوازییەکانیان، لەو بوارەدا پێکەوە هاوکاری دەکەن. کەواتە پێگەی ئەمریکا لە ڕۆژهەلاتی موسوڵماندا لاوازە. جیا لە ئیسڕائیل و هەرێمی کوردستان، هیچ وڵاتێک بە پوختی و دوور لە یاری کردن بە دیاردەی بەرفراوانی تیڕۆڕی ئیسلامی، هاوکاری ناکەن. هەموو هاوپەیمانە سونییەکانی ئەمریکا(سعودیە، قەتەر،ئیمارات، تورکیا) بە شێوەیەک لە شێوەکان، هاوکاری تیرۆر دەکەن. هەندێک لەوانە، مەڵبەندی سەرهەڵدانی فکریی و پەروەردە کردنی سەلەفییەتی تیرۆڕیستن. ئەوانی دیکە لە کێشە هەرێمییەکەدا، تیڕۆڕ بەکاردێنن. بۆ نموونە وڵاتێکی وەک قەتەر کە پشتی بە پایگا ئەمریکاییەکانی ناو دەوڵەتەکەی گەرمە، نەک هەر یارمەتی تیڕۆڕ دەدات بەڵکو لە بەرەی شیعە و سوننەدا، ئەو کارتە بەکاردێنێت.
میراتی سایکس- بیکۆ، ئێستا خۆی لە سەرەمەرگدایە. بەشێکی ئەو بشێوییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێوە سەرچاوە هەڵدەگرێت. ئەگەر لە دابەشکردنی کوردستان ڕامێنین، بە شێوەیەکی هەندە دڵڕەقانە، پارچە پارچە کراوە، سەد ساڵە بواری هیچ سەرکەوتنێک بە تێکۆشانی گەلی کورد ، بەرەو ڕزگاری نادات. ئێستا لە تەنگژەی سەرەمەرگیی ئەو میراتەدا، بەشیوەیەکی تراژیک، سەرنج و هاوکاری دنیا ڕادەکێشێت. لە بەشی باشووری کوردستان، دوای ئەنفال کران و ڕاگواستنی گوند و شارەکان و کۆڕەوی ملیۆنەهایی، ئینجا بەهانایەوە هاتن. هەروەها لە کارەساتی شەنگال و کۆبانێ دا، کۆکوژی و وێران کردن، هەموو جیهانییانی بۆ لای خۆی پەلکێش کرد، ئەوجا بە هانایان هاتن. لە هەر سێ بە هاناهاتنەکەدا، ئەمریکا و ئەوروپا ناچار بوون، سنوورە پیرۆزەکانی سایکس-بیکۆ ببەزێنن.
پێویستە نموونەیەکی دیکە لە ڕەقی و لەبەرچاونەگرتنی کورد( وەک پیکهاتەیەکی سەربەخۆ)، لە کێشانی سنووری نێوان تورکیا، سوریا، عێڕاق بێنمەوە. شەنگال لەسەر کوردستانی باشوورە کەچی هیچ سنوورێکی لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان نیە. دەبوا لەکاتدا وەک بەشێکی رۆژاڤای کوردستان دابندرێت. کۆبانێ، دەبوا لەسەر کوردستانی باکوور بێت کەچی لەسەر ڕۆژاڤایە و هیچ سنوورێکی لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستانی رۆژاڤا نیە. عەفرین هەر وەکو کۆبانێ، دەبوا لەسەر باکوور بێت کەچی سەربە ڕۆژاڤایە. ئەویش هیچ سنوورێکی لەگەڵ ناچەکانی دیکەی رۆژاڤا نیە. ئەم سێ ”دووڕگە“ کوردییە، بە سنووری ئاسایی خۆیان بێت، درێژبوونەوەی کوردستانن. بەڵام بە سنووری سایکس-بیکۆ، بوونەتە دووڕگە. وەختێک پەلارمار دران، ڕێگای بەهاناوەچوونیان نەبوو. هەر ئەوەش کردنییە جێی سەرنجی جیهانیان. داستانە تڕاژیکییەکانی چیای شەنگاڵ، بەرخۆدانی شاری کۆبانێ، وەک بەشێک لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانی جیهان، لە مێژوودا دەمێنێتەوە. ئەو تڕاژیدیایە، دەرەنجامی میراتی سایکس-بیکۆیە. ئەوانە ڕوونترین بەڵگەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنوورە ئازاردەرانە.
تەقینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای جەنگی دینییە. تووندڕۆیی ئیسڵامی، شەڕی لە دژی هەموو دینەکانی ناوچەکە و جیهان دەستپێکردووە. جەنگی بەردەوامی حەماس و حزب اللە، لە دژی ئیسڕائیل، جەنگی داعش لە دژی دینەکانی ئێزیدیی و مەسیحی و کاکەیی(عەلەوی)، جەنگی تووندڕۆکانی سوننە و شیعە دژی یەکتری، ئەو ڕاستییە دەردەخەن.
نەتەوەکانی بێبەش بریتین لە کورد، ئەمازیغ، بەلوچ، ئازەر. ئەوانە بەشێوەی جیاجیا، داوای دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان دەکەن. ئەو نەتەوانە، نیوە بە نیوە لە نێوان جیهانی سوننە و شیعە دابەش بوون. دەوڵەتی ئیسڕائیل وەک دین و نەتەوە دژایەتی دەکرێ. ئەو نەتەوانە، ئەو بەشەی پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە لە سایکس-بیکۆدا کرانە قوربانی. لە دابەشکردنی کۆڵۆنیالیزمدا، هیچ حسابێک بۆ ئەو نەتەوانە نەکرا. تەنانەت یاسا نێودەوڵەتییەکانیش، وەک بەربەستی لەبن نەهاتوو، لە دژیان بەکاردەهێندرێت.
ستڕاتیژیی کۆن ڕاگەیەندراوی ئەمریکا، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتەکان، دابینکردنی سەرچاوەکانی ووزە، کرانەوەی دیموکڕاتییانەیە. لەسەر ئەو بنەمایانە، دیفاعی لە سعوودیە و دەوڵەتەکانی کەنداوی فارس دەکرد، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کرانەوەی دیموکڕاتییانە. کەچی لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەختی لەسەر کرانەوە دەکرد. دە ساڵ بەر لە ئێستا، نەخشەی ڕێگا بۆ کرانەوەی دیموکڕاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاگەیاندرا. ئەنجامی ئەو ناکۆکییە لە مامڵەت لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا، تەبدیل بوونی سعوودیە و کەنداو بوو، بۆ بەرهەمهێنانی سەلەفییەتێکی کوێر کە هیچ پێشکەوتنێک لە ناوچەکە و دواجار لە جیهان، قبووڵ ناکات. لە سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵات و سامانی کەنداوی فارس، خرایە خزمەت درووست کردنی، ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە و بزووتنەوەی سەلەفی. ئەو بزووتنەوە و قوتابخانانە، نەک هەر کۆمەڵی ناوخۆی کەنداویان سەلەفییانە پەروەردە کرد بەڵکو ستراتیژیی دیراسە کراویان هەبوو، بۆ پەروەردە کردنی کادری تۆندڕۆ لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی. هەمان سیاسەتیان بۆ کۆچبەرانی موسوڵمان، لە ئەوروپا و ئەمریکا هەبوو.
دەوڵەتی سعوودیە، بەرنامەی بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکانی دیکەی وڵاتانی ئیسلامی هەبوو. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، دەرگای لەسەر ئیخوانەکان کردەوە. کەنداو، بەتایبەتی سعوودیە بووە پەناگای سەرەکی ئیخوان. لە پاکستان و ئەفغانستان، مقاوەمەتی ئیسلامییان درووست کرد. سەرەنجامی ئەو سیاسەتە، درووستبوونی تالیبان و ئەلقاعیدە و بوکو حەرام و داعش و ئەلنوسرە بوو. لە سێ دەیەی ڕابردوودا، سەلەفییەتی تووندڕۆ و تەکفیریی، دینی ئیسلامی لە مزگەوت و زیارەتگاکان ڕا هێنایە ناو شەقامەکان و کردییە دینێکی سیاسی نەگونجاو. ئەنجامی ئەو پەروەردەیە، درووستبوونی هەزاران کادری تووندڕۆ بوو. ئەوانە هەزارەها گەنجیان بۆ چەمکی نوێی جیهاد تا ڕادەی ئینتحاریی، ئامادە کرد. دینێک درووست بوو کە مردن ئامانجییەتی.
بەروبوومی نەخشەی ڕێگای ئەمریکا، بۆ کرانەوەی دیموکڕاتییانە، ئەو ڕووداوانەن کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا، لە وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا. ڕژێمە دیکتاتۆرە ناسیۆنالیستەکان، کەوتنە ژێر گوشار. جوڵانی کۆمەڵایەتی دەستیپێکرد. تا ئەوکات چالاکی فکریی و سیاسی لەو دەوڵەتانە ، قەدەغە بوو. بۆیە لەگەڵ درز پێ هەڵگرتنی ڕژێمەکان، فکری سەلەفی تووندرۆ بە خێرایی پەرەی سەند. کۆمەڵی عەرەبی هیچ ئاشنایی لەگەڵ فکری دیموکڕاسی نەبوو. لە ئەنجامیدا، هەڵبژاردن و ئازادی، بووە غەنیمەتێک بۆ تۆندڕۆکانی ئیسلامی. لە هیچ وڵاتێکی عەرەبی، دیموکڕاسی نەهاتە پێشەوە. تەنیا لەم دواییەدا، گۆڕانکارییەک لە تونس ڕوویداوە.
ئێستا هیچ پڕۆژەیەک، بە ناوی نەخشەی ڕێگا و کرانەوەی دیموکڕاسی، نەماوە. هەموو لایەک، باسی قورتار کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چنگ بەڵای تووندڕۆیی ئیسلامی دەکەن. ئەو تووندڕۆییە، ئێستا بووەتە تیڕۆڕی ڕاستەوخۆ. ئەمریکا و ئەوروپا، بۆ نموونەی دیموکڕاسی و کرانەوە، تەنیا باسی ئیسڕائیل و کوردستان دەکەن. لە بەرەی مقابیلدا، هەرسێک لایەنی موسوڵمان؛ سعوودیە، ئێران، تورکیا، ئەو دوو نموونەیە بە باش نازانن.
پێویستە بپرسین؛ ئەو سێ لایەنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، چ ستڕاتیژییان هەیە؟ ئەوەی ڕاگەیەندراوە و لە سیاسەتی پێجاوپێچدا دەبیندرێت، ئاوها وەسف دەکرێت: تورکیا بە دوای گێرانەوەی بەشێک لە میرات و شانازییەکانی عوسمانیەوەیە. چاوی لە سەرکردایەتی کردنی جیهانی سوننەیە. سامانی ئەو ناوچەیە، بە جوغزی بەرژەوەندییە ستڕاتیژییەکانی خۆی دەزانێت. بۆ ئەو مەبەستەش، سیاسەتێکی پێچاوپێچ و ئاڵۆز و ناکۆکی گرتۆتەبەر. تورکیا دوورخستنەوەی ئەمریکا، ئێران، سعوودیە و میسر، بە زامنکاری بەرژەوەندییەکانی خۆی دادەنێت.
سعوودیە( بە هاوکاری میسر) دەیەوێت سەرکردایەتی جیهانی ئیسلام بکات، لە دیزاینی جیاوازدا کۆمەڵی خۆی و وڵاتانی موسوڵمان، لە تەقلیدییەتی سەلەفیدا بهێڵیتەوە. جەنگێکی عەقیدەیی تووندی لە دژی ئێرانی شیعە راگەیاندووە. هەروەها دەیەوێ سامانی نەوتی خۆی و جیرانەکانی بپارێزێت. بۆ ئەو ئامانجە، دەیەوێ لە بەرهەمهێنان و پشتیوانی کردنی، بزووتنەوە تۆندڕۆکان(بە تیڕۆڕیستەکانیشەوە) بەردەوام بێت. سعوودیە لە ئایدیۆلۆژیای سەلەفیدا، بەدیلی بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی، لە توێشە دایە.
پڕۆژەی میسر، گەڕانەوەیە بۆ پێگەی جارانی؛ دەوڵەتێکی عەسکەرتاریی، نیوە مەدەنی، دەمڕاستی ناسیۆنالیزمی پاشکەوتوو و دیکتاتۆریی عەرەبی. هەڵبەت بە هاوکاری و پشتیوانی سعوودیە. میسر خۆی بە پاسەوانی سنووری ئێستای وڵاتانی عەرەبی دەزانێت.
تورکیا و سعوودیە و میسر، میراتێکی میژوویی پڕ حەساسییەتیان لە نێواندایە. بۆیە ناتوانن پێکەوە کۆببنەوە. ئەو گۆشەگیرییەی تورکیا تیایدا دەژیت، بەشێکی بۆ ئەو حەساسییەتە دەگەڕێتەوە. بەشەکەی تری گۆشەگیرییەکە، پەیوەندی بە ستڕاتیژیی ناکۆک و ناڕاستگۆیانەی ئەو وڵاتەوە هەیە.
ئێران سەردار و بیرداری جیهانی شیعەیە. تا ئێستا پابەندە بە هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی- شیعی. هەنگاوی یەکەمی ستڕاتیژییەکەی، پەرەپێدانی کەوانەی شیعەیە(هلال تشیع). ئێران ستڕاتیژییەکی فراوانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لەوێدا خۆی بە خاوەن بەرژەوەندی لە هەر گۆڕانکارییەکدا دەزانێت. لە فەلەستین تا کوردستان، بەرەو ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست. ئێران بەرەنگاربوونەوەی سعوودیە و تورکیا بە بەشی هەرە گرنگی ستڕاتیژیی خۆی دەزانێت. لەم دواییەدا دژایەتی ئەمریکا، کاڵتر بووەتەوە و ئێران لە دان و ستاندنی ڕاستەوخۆ دایە لەگەڵ ئەمریکا.
ئیسرائیل هاوپەیمانی نەگۆڕی ڕۆژاوایە. پاراستنی خۆی لەبەرەنگاربوونەوەی ستڕاتیژیی عەرەب، ئێران ، تورکیادا دەبینێت. دۆستایەتی خۆی بۆ کورد ناشارێتەوە. ئەو وڵاتە هێزێکی سوپایی گەورە نیە، جیا لە پاراستنی خۆی، ناتوانێت ڕاستەوخۆ هیچ جموجۆڵێک، لە دەرەوەی وڵاتەکەیدا بکات. کاریگەری ئیسڕائیل، لەو لۆبییە بەهێزانەدایە کە لە ئەمریکا و ئەوروپادا هەیەتی.
ئێستا دوای چوار ساڵ، دەبینین بەهاری عەرەبی، بە زاڵبوونی تووندڕۆیی سەلەفییەتی ئیسلامی، کۆتایی هات. دەرگای بۆ بڵاوبوونەوەی تیڕۆڕ کردەوە. لاباڵی دیموکڕاتییانەی ناو وڵاتە عەرەبییەکانی، لەبار برد. ئەلتەرناتیڤی دیموکڕاسی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا لە چوار کۆمەڵدا(دەوڵەت) باس دەکرێت؛ ئیسڕائیل، تورکیا، کوردستان، تونس. هەڵبەت دیموکڕاسی تورکیا لەبەردەم تاقیکردنەوە دایە.
کوردستان لەو قەیران و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانە، لە کام بەرە وەستاوە؟ ستڕاتیژییەکەی چییە؟ وڵاتەکەمان کەوتە ناو چەقی شەڕ و پێکدادانەکان، زۆرترین زیانی مرۆیی و ماددی پێ کەوتووە. ئێستا لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگار بوونەوەی تێرۆڕدایە. پشتیوانییەکی شایانی باسی لیدەکرێت. لە هەموو بارێکدا، مەنتق وادەخوازێت کورد لەگەڵ گۆڕانکاری دابێت. بۆ هەندێش پێویستە ڕوانگا و ستڕاتیژیی ڕوونی خۆی هەبێت. کوردستان، دەوڵەت نیە. یاسا نێودەوڵەتییەکان تا ئێستاش، بە ناڕەوا ڕیی لێدەگرن لەگەل کۆمەڵی نێودەوڵەتی تێکەڵ نەبێت. سێ بەرەی بەهێزی رۆژهەڵاتی ئیسلامی(ئێران، تورکیا، عەرەب)، ڕێگا لە یەکگرتن و سەربەخۆییەکەی دەگرن. کوردستان توانایی لەبەرچاو نەگرتنی ئەوانەی نیە. بۆیە بە کردەوە دۆستایەتییان دەکات.
هێزە سیاسییەکانی کوردستان، چ لە هەرێمی باشوور یان سێ پارچەکەی دیکە، جگە لە پارتی دیموکڕاتی کوردستان(سەرۆک بارزانی)، ڕوویان لە سەربەخۆیی نیە. بۆیە دەکرێ بڵێین کورد ستڕاتیژیی بۆ سەربەخۆیی نیە. لە ناو هەرێمی کوردستاندا، یەک ڕوانگایی بۆ ئایندە نیە. لە باکوور و رۆژاڤادا، ستڕاتیژیی نیوەچڵ بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و سوریا هەیە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بارودۆخێکی نالەبار و لاوازدایە. بۆیە جیا لە پەرت و بڵاوییان، ڕوانگایەکی ڕوونیان بۆ داهاتوو درووست نەکردووە.
ئەو دۆخە ناجێگیرەی کوردستان، بەسەر ئەدای حکوومەتی کوردستان بۆ یەکپارچەیی و خۆ پاراستن، ڕەنگی داوەتەوە. بەشێک لە بزووتنەوەی سیاسی کاریگەر، ڕووی لە مانەوە لەگەل عێڕاق دایە، خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێران گونجاندووە. لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، سێ هێزی سەرەکی، پێویستە ڕوانگایان یەکبخەن و ستڕاتیژیی کوردستان، دیاری بکەن. ئەوانەش پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان(PKK)یە.
ئەمریکا و ئیران، هەروەها ئەوانە و تورکیا و سعوودیە، بەردەوام لەگەڵ یەکدی لە دان و ستاندن دان. لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان، لە کێشە و دم بە دمە دان. ئەگەر کوردستانیش نەبێتە لایەنێکی بەهێز و ڕوانگای خۆی ڕوون نەکاتەوە، دەکریتە پارسەنگ و قوربانی بەرژەوەندییەکانی دیکە. لە ستڕاتیژیی دەوڵەتاندا، شتێک بەناوی خێر و وەفا و پشتیوانی ئەخلاقییانە، بوونی نیە. ئێستا چارەنووسی باشوور و باکوور و ڕۆژاڤای کوردستان، پێکەوە گرێدراوە. بۆیە ئاستی بەرزی هوشیاریی سیاسی و ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی پێویستە، نەک حەساسییەت و تۆڵە کردنەوە و خۆبەستنەوە بە لایەنەکانی ڕکابەرمان. بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، مامڵەت کردن لەگەڵ کوردستانێکی یەک دەنگ ئاسانترە و دەکرێ حسابیان بۆ بکەن. کورد پێویستە بە هیزەوە لە دان و ستاندنەکان، ئاگادار و بەشدار بێت. ئەگینا بە دەستی بەتاڵ، بە ماڵی وێران و بەردەوامی دابەشکران، دەکەوێتەوە پەڕاویز. ئیستا کورد دەتوانێت ڕێگا لەو چارەنووسی بگرێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی بینووسێتەوە.