چۆن رای گشتی و ئاگاییه‌كی باش، له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا دروست ده‌بێت؟
چۆن رای گشتی و ئاگاییه‌كی باش، له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا دروست ده‌بێت؟
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ كاربكه‌ین كه‌ بۆ ژیانی میلله‌ته‌كه‌مان زۆر زۆر پێویسته‌، ئه‌وا رۆشنبیرانی كوردستان ده‌بێ كار له‌سه‌ر ئاگاییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی باشی كه‌ بنه‌ماكانی ئه‌و ئاگاییه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی واقعبینانه‌ی ئێستای وڵاته‌كه‌ماندابێ بكه‌ن.
ئاگایی باش، باوه‌ڕ به‌خۆبونێكی باش له‌ لای میلله‌ت دروست ده‌كات و ئاماده‌ی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بنده‌ستی و فه‌رمانبه‌سه‌رداكردنی وڵاته‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا‌ له‌ هیچ لایه‌نێك قه‌بوڵ نه‌كات.
سیاسه‌ت زه‌روره‌تی ئه‌م قۆناخه‌یه‌، به‌بێ سیاسه‌ت بزوتنه‌وه‌ی سیاسی پێش ناكه‌وێ، رۆشنبیران هه‌ڵه‌ن گه‌ر دژی سیاسه‌ت، یان بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت كاری رۆشنگه‌ری ئه‌نجام بده‌ن.
ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ساخ به‌ڕێوه‌ ده‌چن، هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌بێ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و حیزب و به‌بێ سه‌ركرده‌ی سیاسی له‌ دنیادا نابیندرێن.
پێویسته‌ رۆشنبیران یارمه‌تی حیزبه‌كانی كوردستان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی باڵا به‌ روانگه‌ی جیاجیای خۆیان كار بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان بۆ هه‌مان بنه‌ما له‌ یه‌كدی نزیك ببنه‌وه‌. باشترین زه‌مینه‌ بۆ له‌یه‌كتری نزیكبوونه‌وه‌ی حیزبه‌كان له‌م قۆناخه‌ی ئێستادا كاركردنه‌ له‌سه‌ر روانگایه‌كی راست و دروست كه‌ ته‌عبیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات بكات و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی به‌رێت.
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ نابێ حیزبه‌كان به‌سه‌ر میحوه‌ره‌كانی شه‌ردا دابه‌ش ببن، چونكه‌ ئه‌وه‌ كوردستان به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌بات، له‌ رێگه‌چاره‌ی هاوبه‌ش بۆ داهاتووی كوردستان دوریان ده‌خاته‌وه‌، داهاتووی كوردستان له‌م پشێویه‌ی كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه‌ داهاتوویه‌كی گه‌شه‌.
كوردستان ده‌توانێ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بێنێ، به‌ڵام به‌بێ بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ساخ، به‌بێ واقیع بینی و به‌بێ لێكتر نزیكبونه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان كورد توشی سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆر ده‌بێ، هه‌ڵبه‌ت هه‌بوونی سه‌رۆكێكی به‌رچاوروونی به‌ جورئه‌ت و واقیع بینی وه‌ك بارزانی، هه‌روه‌ها هه‌بوونی سوپایه‌كی یه‌كگرتووی وه‌كو پێشمه‌رگه‌ به‌و قاره‌مانێتییه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ بۆخۆی زامنه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و زامنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا خاكی كوردستان یه‌كبخاته‌وه‌. ​
وه‌كو له‌ مێژوودا هه‌یه‌، ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ دروست ده‌كرێن، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر كۆده‌نگی له‌ناو حیزبه‌كاندا هه‌بێ ئیعتبار و باوه‌ڕی میلله‌تی كورد له‌ دونیا به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ و كاریگه‌ریه‌كی زیاتری ده‌بی بۆ هاوكاری كردنی میلله‌ته‌كه‌مان.
ئه‌مه‌ ئه‌ركی رۆشنبیرانه‌.