بیرکردنەوە بۆ مۆدیلێکی کارگێریی لە شانگال و هەنگاوی یەکەمی چارەسەریی بۆ کێشەکانی.


بیرکردنەوە بۆ مۆدیلێکی کارگێریی لە شانگال و
هەنگاوی یەکەمی چارەسەریی بۆ کێشەکانی.

لە کوردستاندا، هەر کاتێک سەرکردە سیاسییەکان یان حکوومەت، بیەوەێت بایەخ بە ناوچەیەکی مەحڕووم بدات، بەڵێنی بە پارێزگابوونی پێ دەدات. ئەو کردەوە لە ناوەرۆکدا سیاسییە، لە کران و نەکرانی بەڵێنەکەش، زۆر دیققەتی تێدا ناکرێت. سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان، لە ڕوانگا و تەجرەبەی کاری حزبییەوە، دەڕواننە کاری ئیداری وڵات. بۆ نموونە سەرکردەیەک، دەتوانێت بە ئاسانی لیژنەیەکی ناوچەی حزبەکەی خۆی، بکاتە لق یان مەڵبەند یان مەکۆ.. هەڵبەت هەر کاتێک پێویست بکات، تەشکیلاتە حزبییەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە و هیچ زیانێکیش بە ژیانی دانیشتوان ناگەێنێت. بۆ؟ چونکە هەر لە بنچینەوە، ڕێکخستنە حزبییەکان، هیچ پەیوەندییان بە ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەوە نیە.
ڕێکخستنی ئیداری لە هەر وڵاتێکدا، بە دیراسە و لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندی وڵات و ناوچەکان دەکرێت. ئەو ڕێکخستنانە، کاریگەرییان بەسەر درووستبوونی، سیستەمی ئابووری، پەروەردە، بەرژەوەندی ناوچەکە، مافی پێکهاتەیی دینی- نەتەوەیی، هەڵکەوتی جوگڕافیایی تایبەت.. هەیە. ئەو دابەشبوونە ئیدارییانە بە قانوون دەکرێن، لە دەسەڵاتی سەرۆکی دەوڵەت و پەرلەمانە.
ئێمە لە کوردستان سەربەخۆنین، بۆیە ڕوانگایەکی کامڵ و واقعیمان لەسەر دامەزراندنی سیستەمی ئیداریمان نیە. بەرژەوەندی کوردستان ملکەچی بەرژەوەندی ئیداریی عێڕاقە. دەسەڵاتی قانوونیش هەر لە دەستی ئەوان دایە. بۆیە پێشنیار دەکرێت سەرۆکی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان، بەڵینی قەوارەی ئیداریی ناوچەکان نەدەن. لەبەر ئەوەی دوایی ناتوانن جێ بە جیی بکەن و دەکەونە کێشە لەگەڵ عێڕاق.هەروەها هیچ دیراسەیەکی واقیعییانە و لەسەر بنەمای زانستی، بۆ داهاتووی سیستەمی ئیداریی کوردستان نەکراوە. لەلایەکی دیکەوە، ڕکابەرێی نێوان پارتی و یەکێتی، نەبوونی ڕوانگا و بەرژەوەندی هاوبەش، بۆ دابەشکردنەوەی سنووری ئیداری ناوچە باس لێ کراوەکان، لەمپەر بۆ هەر نیازەکە درووست دەکات.
لێرەدا بە تایبەتی باسی شاری شەنگال دەکەین. شەنگال و دەڤەری دەوروبەری، دەکەونە ناو ناوچە کێشە لەسەرەکان و بە مادەی ١٤٠ کە بە پێی داوای هەرێمی کوردستان، نابێ دەسکاری بکرێت تا مادەکە جێ بە جێ دەکرێت. لە ڕووی جوگرافیشەوە، شەنگال نەبەستراوەتەوە بە هیچ شوێنێکی کوردستان.
ئەگەر بیرۆکەی کردنەوەی کریدۆرێک لە نێوان شەنگال و هەرێمی کوردستان هەبێت، کارێکی زۆر پێویستە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە ئاسانتر لە زەروورەتی پاراستنی کوردی ئێزیدی لە شەنگال تێدەگات. بەڵام دەبێ لەبیرمان بێت، کۆچ پێکردنی دانیشتوانی عەرەب لە ناوچەی کریدۆر، بە خێرایی دەتەقێتەوە و جیهانی عەرەب هاوکارییان دەکەن. وەک کێشەیەکی ئینسانیش بەسەر کوردستاندا دەشکێتەوە. بۆیە دیققەت و دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ناوچەکەی دەوێت کە عەرەبن. وەک دیارە، مێژووی کۆچی خێڵە عەرەبییەکان بۆ ناوچەی نێوان شەنگال و شێخان، بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە دەگەڕیتەوە، ئەوەش مێژوویەکی دریژە و بە ئاسانی ناسڕێتەوە.
جیا لە ئاستەنگەکانی ئاماژە پێکراو، گریمانە شەنگال بوو بە پارێزگا. ئەو کات چۆن پەیوەندی ڕاستەوخۆی بۆ درووست دەکرێت؟ بۆ ئەوەی شەنگال ئاسانتر بە کوردستانەوە ببەسترێتەوە، ئەگەر بخرێتە ناو گریمانەی پارێزگای دەشتی نەینەوا، ئەوە لە ڕێگا چارەی بەستنەوەی بە خاکی هەرێمی کوردستان، نزیک دەکەوینەوە. بە مەرجێک پارێزگای دەشتی نەینەوا، سەر بە هەرێمی کوردستان بێت. شەنگال دەتوانێت سەنگی کورد لە ناو پارێزگای دەشتی نەینەوا زۆر قورس بکات. ئەوکات شانسی شەنگال یان شێخان بۆ بوون بە پارێزگا، زۆرتر دەبێت. ئەگینا دانیشتوان و خودی شار و دەڤەری شەنگال، بە تەنیا بۆ پارێزگایی، کەموکوڕیی زۆرتێداتە کە چارەسەکردنیان ئاسان نیە. پێوەرەکانی بە پارێزگا بوون، چ جیهانی و چ خۆیی، لە شەنگالدا نابیندرێت.
هەڵبەت حکوومەتی کوردستان دەتوانێت، بە قانونێکی تایبەتی، لەسەر بودجەی خۆی، پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدان کردنەوە وگەشەپێدانی شەنگال، ئامادە بکات و بکەوێتە جێ بە جێ کردنی. بۆ ئەو پڕۆژەیە پێویستە سەمینارێکی تایبەتی، لە کەسانی شارەزا، ببەسترێت. دەکرێت ئەو کارە بۆ ناوچەکانی دیکەش بکرێت کە داوای بە پارێزگابوون دەکەن. هەر یەکە بە پێی نیاز و خوستەکانی گەشە پێکردنی ناوچەکە، پلەی بایەخ پێدانی دیاری دەکرێت. وەک هەنگاوی یەکەم، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان، ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە(هاوپێچە).
شەنگال پێویستی بە پەلەی هەیە بە: بایەخپێدانی تەندرووستی دەروونی خەڵکەکە، پێڕاگەیشتنی ژیانی مادی، متمانە دروستکردنەوە، دابین کردنی ئاسایش، بەشداری پێکردنی خەڵکی ناوچەکە(ئێزیدی) لە بەڕێوەبردن و پاراستندا. بەپێی ڕاپۆرتی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان، ئێزیدییەکان لەناو خۆیاندا، هیچ متمانەیان بە موسوڵمانی کورد نەماوە. لە دەربڕیندا تەقییە دەکەن. پێویستە بە دیققەت و دیراسەوە کار بۆ درووست کردنی متمانە و تێکەڵاوی بکرێت. بۆ ئەوەش پێویستە پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەری بۆ تێگەیاندن و تەساموحی دانیشتوانی کوردستان ئامادە بکرێت و کاری جددی لەسەر بکرێت، بخریتە ناو پەروەردە. کوردانی ئێزیدی وەک خۆیان دەڵێن، مێژوویەکی پڕ لە ئازاریان لە دەست کوردانی موسوڵمان هەیە. ئەو برینە مێژووییەیان ئێستا جارێکی دیکە کولاوەتەوە. خەیاڵی ئێزیدییەکا لە نێوان گەڕانەوە بۆ شەنگال یان کۆچ کردن بۆ ئەوروپا، دابەش بووە. بەپێی دیراسەی وورد، ئێزیدییەکان بەهیچ شیوەیەک بیر لە مانەوە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان ناکەنەوە چونکە وادەزانن بە تۆبزی دەیانکەن بە موسوڵمان. تەنانەت مانەوەی ئێزیدییەکان لە چیای شەنگال و نەهاتنی هەموویان بۆ ناوچەکانی دهۆک یان ڕۆژاوای کوردستان، بە زۆری پەیوەندی بەو ترسەوە هەبووە. هەروەها لە ناخەوە دەترسن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
بۆیە پێسنیاردەکرێ:
١- بە فراوانی ئێزیدییەکان چەکدار بکرێن و متمانەی پشتیوانییان پێ بدرێت.
٢- بەڕێوەبردنی ئیداری و سیاسی ناوچەکەیان بدرێتە دەستی کاربەدەستە ئێزیدییەکان. بۆ نموونە لق و ناوچەکانی حزبی لە خۆیان بن.
٣- سەرمایەی تەرخان کراوی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئاوەدانکردنەوە، بە هاوکاری و چاودێری ئەوان، سەرف بکرێت. پلانێکی خێرا بۆ ئاوەنکردنەوە هەبێت. وەک دروست کردنی گەرەکی نوێ،درووست کردنەوەی مەزارەکانیان.
٤- لەڕووی تەندرووستی دەروونییەوە، پزیشکی دەرەوە و ناوەوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتیدا، کار لەسەر تیمار کردن و چارەسەریی قوربانییەکان بکەن. وەک ڕاهێنانەوەی دەروونی و لەبەرچواندنی ژنە حامیلەکراوەکانی دەستی داعش( ئەوەی بیەوێت).
٥- زیاد کردنی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و وەزیر لە حکوومەتدا، لە کەسانی باوەڕپێکراوی ئێزیدییەکان. بۆ ئەوەش لە فکری کەسانی کارتۆنی دوورکەوینەوە.
ئەو هەنگاوانە، زەمینەی قەرەبوو کردنەوە و گێڕانەوەی متمانە، لەناو ئێزیدییەکان بەرز دەکاتەوە. پاش ئەوە پێویستە حکوومەت لە دیراسە کردن و چارەسەر کردنی کێشەکانیان بەردەوام بێت. بۆ ئەوەش میکانیزمی شیاو دابمەزرێنیت.