گۆڕان: پێشینه‌ و میكانیزمی توند و تیژی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
گۆڕان:
پێشینه‌ و میكانیزمی توند و تیژی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئامانجی من له‌ نوسین و باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌، سه‌رنجڕاكێشانه‌ بۆسەر دیارده‌یه‌كی نوێ‌، ئه‌ویش دیارده‌ی توند و تیژیی فکریی سیاسییه‌. ئه‌م توند و تیژییه‌ له‌ هه‌ڵوێستی كه‌سایه‌تییه‌ حزبییه‌ ناسراوه‌كانڕا ده‌ست پێده‌كات، تا ده‌گاته‌ هه‌ڵوێستی هه‌ندێک حزبی دیاریكراو. ئه‌وكاته‌ هه‌وڵدان بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و توندڕه‌ویه‌ لە کرداردا بۆ هه‌ڵوێستی سیاسیی حزبی و ئاڵۆزكردنی هاوپه‌یمانی و په‌یوه‌ندییه‌ حزبییه‌كان له‌ناو كه‌شی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كه‌شه(دۆخه‌یه‌)‌‌ كه‌وا حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی لێ پێك دێت، به‌م دۆخه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان دام و ده‌زگا سه‌روه‌ریه‌كانی وڵات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا كه‌ كوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ دروست ده‌بێت. ئه‌م توند و تیژی و توندڕه‌وییه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو ئه‌م ستراكتوره،‌ واته‌ ناو ئه‌م هه‌یكه‌له‌ی‌ كه‌ هه‌موو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتی ئێمه‌ پێك دێنێ، سه‌ره‌نجام ده‌یخاته‌ ناو ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌وه‌.
ئه‌م توند و تیژییه‌ جیا له‌ هه‌ڵوێستی كه‌سایه‌تییه‌كان و هه‌ڵویستی حیزبی، گواسترا‌وهته‌وه‌‌ بۆ دامه‌زراندنی دام و ده‌زگه‌ی راگه‌یاندن، له‌ ڕۆژنامه‌وه‌ تا ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایت، پاشان به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت، له‌ ئینته‌رنێتیشدا دروست كردنی ماڵپه‌ره‌كان و گواستنه‌وه‌ بۆ فه‌یس بووك و تویته‌ر و یو تیوب. هه‌موو ئه‌مانه‌ كه‌ره‌سته‌ی نوێی گه‌یاندنن كه‌ زۆر به‌ خێرایی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ توندڕۆیانه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ لایه‌نگرانیان زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانن ئه‌و فه‌رمانانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ له‌ لایه‌نی حیزبیه‌وه‌ پێیان ده‌سپێرن.

قۆناخه‌كانی توندڕه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا:
* قۆناخی یه‌كه‌می توندڕه‌وی له‌ سه‌ره‌تای 2003 وه‌ زۆر به‌ روونی ده‌ركه‌وت، كه‌ قۆناخی نوێی توند و تیژییه‌ دوای شه‌ڕی ناوخۆ كه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا روویدا، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ به‌ قۆناخێك دابنێی و كۆتایی هاتبێ، قۆناخی توند و تیژی سیاسی وه‌ك دیارده‌یه‌ك له‌ 2003 وه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكاوه‌ روخێندرا، پاشان بارودۆخێكی نوێ هاته‌ ئاراوه‌ و‌ عێراق و كوردستانی خسته‌ ناو قۆناخێكی نوێ. ئه‌م قۆناخه‌ زۆر كراوه‌بوو، ده‌رفه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ جیهان زیاتر بوو، به‌ خێراییش كوردستان بوو به‌ به‌شێك له‌ جێ بایه‌خی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، جا چ ئه‌مه‌ریكا بێ یان ئه‌ورووپا.
بوژانه‌وه‌یه‌كی خێرای سیاسی و ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌وا جوڵانی كۆمه‌ڵایه‌تی و جموجۆڵی پێكهاته‌كان، هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، له‌ تاكه‌ كه‌سیه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ خێزانی و هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌ستی پێ كرد. بۆیه‌ كوردستان بوو به‌ پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی هێنانی بیروباوه‌ڕی نوێ و دیالۆگ و گۆڕینه‌وه‌ی ڕوانگا.
رێك له‌و كاته‌دا دوو باڵی زۆر توند له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان دروست بوون و بوون به‌ سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ دروست كردنی بیر و باوه‌ڕی توندڕۆیی، بۆ نواندنی هه‌ڵوێستی سیاسی توند، هه‌روه‌ها بۆ كاردانه‌وه‌ی خه‌شن و توند و تیژ له‌ كرده‌وه‌دا، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌میان: حزبی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان بوو، كه‌ له‌ناو خۆیدا چه‌ند باڵێكی لێ دروست بوو، توندترین باڵیان (ئه‌نسارولئیسلام) بوو، كه‌ به‌ خێرایی په‌نای بۆ كێوه‌كانی كوردستان برد، پاشان له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان و به‌شێك له‌ شاره‌زوور گیرسایه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێك حكوومه‌تێكی ئیسلامی هاوشێوه‌ی تالیبان و به‌ ئاشكرا ده‌یانگوت ئێمه‌ به‌شێكین له‌(ئه‌لقائیده‌)ـیان دروست كرد، هه‌وڵیاندا له‌م ساڵه‌دا توندترین شێوازی فكری بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا بیسه‌پێنن، پاشان زۆرترین شه‌ڕی عه‌سكه‌ری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، وه‌ زۆرترین په‌یوه‌ندی و ئیمكانیاتیان هه‌بێ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ به‌ (القائیده‌) له‌ ئه‌فغانستان، به‌ ئاسانی بتوانن كادیرانی خۆیان بنێرن و كادیریش له‌وێوه‌ بێنن، له‌ ڕاستیدا كوردستان بوو به‌ گوزه‌رگا و شوێنی هاتن و تێپه‌ڕینی جموجۆڵی ئه‌لقائیده‌، هه‌روه‌ها ویستیان له‌ ڕووی فكریشه‌وه‌ ته‌جره‌به‌ی تاڵیبان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستان بێنن.

دووه‌میان: باڵی ریفۆرمی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، ئه‌وكات نه‌وشیروان جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی بوو، له‌ كرده‌وه‌دا رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ده‌برد، له‌ هه‌مانكاتیشدا مام جه‌لال هه‌موو كاتی خۆی بۆ به‌غدا ته‌رخان كردبوو و له‌ به‌غداش مایه‌وه‌. له‌ كرده‌وه‌دا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عه‌سكه‌ری و رێكخراوه‌یی و فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌وته‌ ده‌ستی نه‌وشیروان مسته‌فا.
نه‌وشیروان مسته‌فا مێژووی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی كوردستاندا هه‌یه‌، له‌ شه‌سته‌كاندا له‌گه‌ڵ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی بووه‌، له‌ ناو میدیا و له‌ كرده‌وه‌شدا له‌ كادیره‌ توندڕۆكان بووه‌، له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی پیشمه‌رگایه‌تیشدا له‌ دوای 1976 به‌ كرده‌وه‌ جێگری مام جه‌لال بووه‌ و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی یه‌كێتی بووه‌، سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه‌، كه‌ ئه‌وكات رێكخراوێكی ماركسستی به‌ مه‌یل به‌ره‌و ماویزم، واته‌ توندڕۆ بوو له‌ چاو رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی ماركسیستی له‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا.
نوشیروان مسته‌فا هه‌میشه‌ بڕوای به‌ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی عه‌سكه‌ری و كوشتنی نه‌یاره‌كانی خۆی و هاوكاره‌كانیشی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیدا نه‌بووبن هه‌بووه‌، ئه‌وه‌شی له‌ناو خودی حیزبه‌كه‌ی خۆیدا كردووه‌، هه‌موو ئه‌و شه‌رانه‌شی كه‌ زۆرترین كوشت و بڕی له‌ كوردستاندا تێدا بووه‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی نه‌وشرواندا بووه‌.
دوای 2003 جارێكی تر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌و هه‌موو توانا عه‌سكه‌ری و فكری و رێكخستنی كه‌ هه‌یبوو كه‌وته‌ ده‌ستی نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌و كاته‌وه‌ به‌ خێرایی نه‌وشیروان كه‌وته‌ دامه‌زراندنی ده‌زگای نوێ بۆ ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی توندڕه‌وانه‌ی خۆی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان. ئه‌وه‌بوو په‌نای برد بۆ دروست كردنی هه‌ندێك له‌ ڕۆژنامه‌ به‌ناوی ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی، له‌وان (هاووڵاتی، ئاوێنه‌) دوای ئه‌وه‌ش ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و داموده‌زگه‌ی دیكه‌ی به‌دوادا هات كه‌ له‌ ئێستادا ناو سلێمانیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌كرێ دیاری بكه‌ی كه‌ كام ده‌زگای ڕاگه‌یاندن له‌ سلێمانی هه‌یه‌ سه‌ربه‌ دام و ده‌زگاكانی گۆڕان یان خودی نه‌وشیروان نه‌بێت، یان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ كادیره‌كانی ئه‌وانی تێدایه‌ و سودی لێوه‌رده‌گرن.
یه‌كه‌مین هه‌نگاوی نه‌وشیروان ئه‌وه‌بوو كه‌ له ‌ناو یه‌كێتی نیشتمانیدا پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ڕیفۆڕم پێشنیار بكات، له‌ راستیدا سودوه‌رگرتن له‌ چه‌مكی پێشكه‌وتووخوازانه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام توندڕۆكانی غه‌یره‌ دینی له‌ بزوتنه‌وه‌ی سیاسیدا به‌كاری دێنن، وه‌كو (دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕیفۆرم، چه‌مكه‌كانی شۆڕشگێڕی) یان ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌مدا هه‌ن.
نه‌وشیروان هه‌وڵیدا به‌ خێرایی كۆمه‌ڵێ كادیری نوێ له‌ناو سلێمانی و له‌ناو یه‌كێتی ده‌سته‌ چین بكاو كاریان له‌سه‌ر بكات، بۆئه‌وه‌ی به‌پێی مه‌یلی خۆی و بێ موناقه‌شه‌ بیر و باوه‌ڕی ئه‌و بڵاوبكه‌نه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌ خێرایی درزێك كه‌وته‌ نێوان نه‌وشیروان و سه‌ركرده‌كانی هاوته‌مه‌نی ئه‌و له‌ناو یه‌كێتیدا، به‌ تایبه‌تیش له‌ نێوان نه‌وشیروان و مام جه‌لال خیلافێكی روون دروست بوو كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌م ناكۆكیه‌دا ‌ژیا، له‌ ڕاستیدا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی وه‌كو حیزبی دووه‌می به‌هێزی كوردستان توشی دووفاقی (انفصام) كرد.
له‌ لایه‌ك ئه‌و یه‌كێتییه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال ده‌یویست وه‌كو حیزبێكی به‌شدار له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان و عێراق به‌ره‌و هاوپه‌یمانێتی و دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حیزبی و نیشتمانی به‌رێت، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانیدا، ده‌یویست ئه‌و ڕابردووه‌ پڕ له‌ ناكۆكی و خوێناوییه‌ كۆتایی پێ بێنێت و بكه‌وێته‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ك كه‌ ده‌كرێ له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بپارێزرێت.
باڵی ریفۆرمی نه‌وشیروان مسته‌فا رێك به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕوانگایانه‌بوون كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی داوای ده‌كرد، یه‌كه‌مین هه‌نگاوی نه‌وشیروان به‌ پۆلێن كردنی سه‌ركرده‌ و كادره‌كانی یه‌كێتی ده‌ست پێكرد، كه‌ چه‌ندیان شۆڕشگێڕ و پاكن و چه‌ندیشیان تا 2003 سه‌ر به‌ ڕژێمی به‌عس بوونه‌ و تۆمه‌تی سیخوڕی كردنی خستنه‌ پاڵ. ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی له‌ 2003دا به‌ ئاشكرا بوو به‌ مینبه‌ری نه‌و‌شیروان مسته‌فا بۆ ته‌سفیه‌ی حسابات له‌گه‌ڵ هه‌ر سیاسی و كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ كوردستان، به‌ تایبه‌تی له‌ سلێمان، له‌ سلێمانیش له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ نه‌وشیروان كه‌یفی پێی نه‌هاتبێت و به‌ هاوكاری خۆی نه‌زانیبێ.
به‌ گوێره‌ی ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه‌ نه‌وشیروان له‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیدا هه‌یبوو ده‌ستی ده‌گه‌یشت به‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه‌ له‌ به‌غدا ده‌ست ده‌كه‌وتن، له‌ ڕاستیدا جۆری بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ نامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ گیره‌شێوێنیانه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی ئه‌وكاتدا بڵاوده‌كرانه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا بۆ شكاندنی كه‌سانی ناحه‌زی نه‌وشیروان بوو، هه‌ر بۆیه‌ش پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌و ماناو ئامانجه‌ی له‌ده‌ستدا كه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌بێ كام سه‌ركرده‌ له‌ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژدا له‌ ژیانی سیاسی خۆیدا هاوكاری عێراقی كردووه‌ یان نه‌یكردووه‌.
هه‌ر له‌ 2003دا نه‌وشیروان مسته‌فا به‌خێرایی په‌نای بۆ سودوه‌رگرتن له‌ ئینته‌رنێت برد، ئه‌وه‌بوو ژماره‌یه‌ك ماڵپه‌ریان دروست كرد كه‌ له‌ دواییدا له‌سه‌ر ماڵپه‌ری (كوردستان پۆست) گیرسایه‌وه‌، له‌ راستیدا كوردستان پۆستی كرده‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی داشۆرین، كه‌ دوو مه‌كته‌بی هه‌بوو و پاره‌یه‌كی زۆریشی بۆ ته‌رخان كرد، یه‌كێكیان له‌ سوید، كه‌ له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی سوید ته‌نیا روپۆش بوو بۆ كوردستان پۆست، مه‌كته‌بی دیكه‌ی له‌ناو یه‌كێتی و له‌ ته‌نیشت باره‌گای نه‌وشیروان مسته‌فا بوو له‌ سلیمانی. دوای ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان له‌ یه‌كێتی جیابووه‌وه‌ به‌ ئاشكرا له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ژوور یان به‌شی ئۆفیسی كوردستان پۆست دیاربوو، ئه‌و كه‌سانه‌ی كاریان تێدا ده‌كرد دیاربوون، زۆریشی له‌سه‌ر نوسراو بڵاوكرایه‌وه‌.
له‌ كوردستاندا ره‌سمێك هه‌بوو كه‌ ببوو به‌ باو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌كان ده‌بێ له‌كاتی نوسیندا رێزی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ركه‌سێك له‌به‌رچاو بگرن، هه‌ندێكی له‌وه‌دا كه‌وتبووه‌ ناو چوارچێوه‌ی قانونه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، بۆیه‌ نه‌ده‌كرا له‌ ڕۆژنامه‌كان ئه‌و قسانه‌ و ئه‌و داشۆرینه‌ بنوسرێ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یویست، بۆیه‌ بواری ئینته‌رنێتی به‌كارهێنا وه‌ك له‌ ماڵپه‌ری كوردستان پۆستدا هیچ سنورێك بۆ په‌لاماردان و داشۆرین و وه‌به‌رهێنانی جنێوی گه‌ره‌ك و بازاڕ نه‌مایه‌وه‌. ئه‌مه‌ وایكرد كه‌ كوردستان پۆست ببێته‌ ماڵپه‌رێكی پڕ له‌ هه‌ڕه‌ش و ترس و تۆقێنه‌ر بۆسه‌ر هه‌ركه‌سێك، كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان له‌ نزیك یان له‌ دوور كه‌یفی پێی نه‌هات.
چونكه‌ كوردستان له‌ سه‌ره‌تای قۆناخێكی نوێدا بوو و قۆناخی كۆنی ته‌واو به‌جێ نه‌هێشتبوو، قۆناخی كۆنیش قۆناخی ته‌قلیدییه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدیشدا به‌كارهێنانی ناو و ناتۆره‌ و جنێودان و سوكایه‌تی و بوختان، له‌ پله‌وپایه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ په‌لامار ده‌درێ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ناو خه‌ڵك باس ده‌كرێ، له‌ كۆتاییدا ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌ویته‌ ژیر گوشار و فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌وانه‌یه‌ باری ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كه‌سه‌ تێك بچێت. نه‌وشیروان ئه‌مه‌ی دیراسه‌ كردبوو و له‌وكاتدا ده‌یزانی چۆن ده‌كرێ ئه‌وانه‌ی كه‌ كه‌یفی پێ نایه‌ن بیانخاته‌ ژێر ئه‌م فشاره‌ ده‌روونییه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌كی زۆری به‌كارده‌هێنا و به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی كه‌ له‌ده‌ستی دابوو له‌ سلێمانی و هه‌ندێ ناوچه‌ی تردا ده‌گه‌ڕان به‌ دوای كۆكردنه‌وه‌ی جۆری جنێوه‌كان و مانای جنێوه‌كان، وه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌روونی ده‌بێ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، یان چ كێشه‌یه‌ك دروست ده‌كات، ئه‌مانه‌یان نوسییه‌وه‌ و هێنایان له‌ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌ نه‌وشیروان له‌ قۆناخی پێش دروست بوونی گۆڕاندا كۆیان كردنه‌وه‌ و كادیری تایبه‌تییان بۆ دامه‌زراندن. له‌م رووه‌شه‌وه‌ نه‌وشیروان كه‌سانی تایبه‌ت به‌م بواره‌ی كۆكرده‌وه‌، هه‌ر له‌ سلێمانییه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌ورووپا، كه‌سانێك كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌كه‌ونه‌ داشۆرینی خه‌ڵكی تر و پڕوپاگه‌نده‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و چه‌كی ده‌روونی بۆ ڕووخاندنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر به‌كاردێنن.
له‌ 2003 به‌ولاوه‌ ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی و پاشان ئاوێنه‌، دوای ئه‌وه‌ش جار نا جار گۆڤار بۆ چه‌ند مانگێك یان بۆ ساڵێك ده‌رده‌كران كه‌ ژماره‌یان زۆره‌ له‌ سلێمانی دوایی قه‌پات ده‌كران.
به‌م پێیه‌ لاباڵی دووه‌می توند و تیژیی سیاسی و فكری له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كه‌ لاباڵی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ له‌ راستیدا (ئه‌نسارولئیسلامی) به‌جێ هێشت، لێره‌ من ده‌وه‌ستم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌نسارولئیسلام.

ئه‌نسارولئیسلام دوای هاتنی ئه‌مه‌ریكا له‌ 2003 به‌ فه‌رمی به‌ره‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی و كوردستانیان له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ناوبران، ژماره‌یه‌كی زۆریان په‌نایان بۆ ئێران و بۆ پاشماوه‌كانی تالیبان له‌ ئه‌فغانستان برد، به‌شێكیشیان به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌لی باپیر و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه‌وتنه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ره‌نجام مۆڵه‌تیان وه‌رگرت و ئه‌م قه‌ناغی توند و تیژییه‌ی ئه‌نسارولئیسلامی قاعیده‌ییان به‌جێ هێشت.
ئیسلامی توندڕۆی ئه‌لقائیده‌یی له‌ راستیدا توانی به‌رده‌وامی به‌ بیروڕاكانی خۆی له‌ جوغزێكی فراواندا بدات، ده‌یانتوانی له‌ ئینته‌رنێت و ڕۆژنامه‌كان بنوسن و له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان ده‌ربچن، دوایی ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌تی خۆیان كرده‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر له‌ پاشماوه‌كانی ئه‌نسار تا لایه‌نگرانی تاڵیبان و زه‌ڕقاوی، هه‌ر‌وه‌ها سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ ڕوانگه‌ی جیا جیای توندڕه‌وانه‌ی خۆیان كه‌ هه‌یانبوو، له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی خۆیان به‌رده‌وام بوون، كاریگه‌ری ئه‌وان له‌سه‌ر خه‌ڵك وه‌ك جه‌ماوه‌ر كه‌م بوو، به‌ڵام توانیان رێگه‌ بۆ ڕێكخراوه‌كانی خۆیان له‌ ناو گه‌نجاندا بكه‌نه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌نج بخه‌نه‌ ناو رێكخراوه‌كانی توند و تیژی خۆیان، كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له‌ كاتی هاتنی داعشدا ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ ڕۆیشتن بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ داعش و دژی نیشتمانی خۆیان شه‌ڕ بكه‌ن، ئه‌و گه‌نجانه‌بوون كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری په‌روه‌رده‌ی فكری ئه‌و ته‌یفه‌ یان ئه‌و جغزه‌ فراوانه‌ی ئیسلامییه‌كانی كوردستان بوون.
دێمه‌وه‌ سه‌ر باڵی ریفۆرمی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه‌ له‌ ڕاستیدا نه‌وشیروان مسته‌فا دروستی كردبوو.
كاری نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ 2003 تا 2008 بریتی بوو له‌ هه‌ژاندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی حیزبه‌كه‌ له‌ ده‌ستی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ربینێت و بیانخاته‌ ناو بێژینگی خۆی، سه‌ره‌نجام ژماره‌یه‌ك له‌و ئه‌ندامانه‌ی كه نه‌وشیروان‌ پێی وایه‌ به‌ كه‌ڵكی ئه‌م قۆناخه‌ نایه‌ن به‌ لاوه‌ بنێ و ده‌ریان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر خودی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكات به‌و حیزبه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت.
حیزبێكی توند له‌ ڕووی فكرییه‌وه‌ و نا مسته‌قڕ، به‌ پاس پاسێن واته‌ هه‌ر ڕۆژه‌و فكرێك پێشنیار ده‌كات، به‌ڵام له‌ حه‌قیقه‌تدا هیچ ڕوانگه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا كاتێك ئیداره‌ی سلێمانی و گه‌رمیان له‌ ده‌ستی یه‌كێتیدا بوو كه‌ له‌ راستیدا نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، مه‌به‌ستم له‌ 2003 تا 2008. له‌م شه‌ش ساڵه‌دا ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌یه‌كی ئیداری فكری سیاسی دیاریكراو لای نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌با، یه‌كێتی ده‌یتوانی ئه‌م ڕوانگایه‌ په‌ره‌ پێ بدات و جێ به‌ جێی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام ده‌ركه‌وێ كه‌ ئه‌لته‌رناتیڤی نه‌وشیروان له‌ناو یه‌كێتیدا چییه‌، تا ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه‌ بكه‌وێته‌ گفتوگۆ و مونافه‌سه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كاندا بكات، ئه‌وكات پارتی و یه‌كێتی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوون له‌ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق.
له‌ راستیدا تا 2008 هه‌موو ئیمكاناتی یه‌كێتی له‌ ده‌ستی نه‌وشیرواندا بوو، به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت له‌ ده‌ستی نه‌وشیرواندا بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرترین تۆوی گه‌نده‌ڵی له‌ناو دام و ده‌زگه‌كانی حكوومه‌تدا بڵاوبۆوه‌، زۆرترین شێوازی گه‌نده‌ڵی ئیداری و مالی ده‌ستی پێكرد، هه‌موو شێوه‌كانی دیكه‌ یان ده‌رهاویشته‌كانی گه‌نده‌ڵی كه‌ بریتییه‌ له‌ مه‌حسوبیه‌تی سیاسی و مه‌نسوبیه‌تی خێزانی و لایه‌نگرییه‌تی حیزبی و بابه‌تی پشتگیری بۆ ئه‌م و ئه‌و، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ئیداره‌ی سلێمانی به‌ زۆر و رونترین شێوه‌ ده‌بیندران، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ ئیداره‌ی سلێمانی و گه‌رمیان زۆرترین گرفتی ئیداری و مالی و پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت.
له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان بودجه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ عێراق وه‌رده‌گرت، نیوه‌ی ئه‌م بودجه‌یه‌ ڕژایه‌ ناو ئه‌و ئیداره‌ی كه‌ نه‌وشیروان سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، واته‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا نه‌وشیروان به‌ بودجه‌ و‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زۆره‌وه‌ نیوه‌ی كوردستانی به‌ڕێوه‌ ده‌برد.
ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌ی بوونی ده‌سته‌ڵاتی نه‌وشیروان له ‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا به‌ كرده‌وه‌ بینیمان، بێ پرۆگرامی، بێ ڕوانگه‌یی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، لێدانی خه‌ڵك، زۆربوونی تیرۆر، ناهه‌مبه‌سته‌یی و پێكه‌وه‌نه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌، زۆربوونی فشاری ده‌رونی و گومانی خه‌ڵك له‌ چاره‌نوسی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌دا یه‌كجار زۆرتر بوو به‌ براورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی كه‌ركووك و هه‌ولیر و دهۆك.
ئه‌مه‌ش ته‌بیعه‌تی كه‌سانی توندڕۆیه‌، كه‌سی توندڕۆ هه‌ندێ جار ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراویان هه‌یه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نن، دوایی له‌گه‌ڵ‌ جیبه‌جێ كردنی فرمانه‌كانیان به‌ پێی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ پێوه‌ری ئایدیۆلۆژیان هه‌موو ڕۆژێ به‌ پێی فرمانی سه‌ركرده‌ ده‌گۆڕدرێ، بۆیه‌ زۆر به‌ ئاسانی هاوكاره‌كان ده‌كه‌ونه‌ ژێر په‌لامار و ده‌كوژرێن و ده‌رده‌كرێن، وه‌ چین و توێژی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی زه‌ره‌ر و زیانی زۆر ده‌كه‌ن، به‌ گشتی خه‌ڵك ده‌كه‌وێته‌ ناو پشێوی و سه‌رلێشێواویه‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌وه‌مان له‌ ماوه‌ی 75 ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیزم له‌ وڵاتانی جیاجیای كۆمۆنیستیدا بینی، به‌ تایه‌تی له‌ناو كۆمه‌نیسته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، چونكه‌ له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ره‌جه‌ی دكتاتۆریان به‌راورد ناكرێ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ورووپایی، وه‌كو ئه‌لبانیا كه‌ نزیكترین وڵاتی ئه‌ورووپییه‌ كه‌ تێكه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ موسڵمان، دوایی كه‌مبۆدیا كه‌ پۆلپۆت به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، ڤێتنام، یان یه‌مه‌ن و سۆماڵ كه‌ شوعیه‌كان له‌ قۆناخێكی دیاریكراودا به‌ كوده‌تا هاتنه‌ سه‌ر كار و به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
هه‌موو ئه‌وانه‌ سه‌ره‌تا ئایدیۆلۆژیای تایبه‌تی كۆمۆنیزمیان هه‌بوو، پاشان له‌ لایه‌ن (ماو تسی تۆنگ) رێبه‌ری چینی گه‌وره‌ ده‌ستكاری كراو شێوه‌ی تایبه‌تی توندڕه‌وانه‌ی لێ دروست كرا، ئه‌و ئایدیۆلۆژیا توندڕه‌وه‌ی كه‌ ماو دایهێنابوو زۆربه‌ی حیزبه‌ كۆمۆنیستییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات په‌یڕه‌ویان لێ ده‌كرد، ئه‌مانه‌ نمونه‌ی توندڕه‌وین.
نه‌وشیروان مسته‌فا تا ساڵی 1988 سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بوو و هه‌ڵگری ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌بووه‌ له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان. له‌ سالی 1988 له‌ كۆنفرانسێك كۆمه‌ڵه‌ی لێك هه‌ڵوه‌شاند و دوای ئه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و هیچ كاتێك بڕوای به‌ كۆمۆنیزم نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌ پڕۆژه‌ی ڕیفۆرمی خۆی له‌ 2003 به‌ دواوه‌ له‌ ناو یه‌كێتی هیچ ئاسارێكی دیاریكراوی كۆمۆنیزمی پێوه‌ دیار نه‌بوو، به‌ڵام له‌ ڕووی كرده‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و شێوازانه‌ی به‌كارده‌هێنا كه‌ توندڕۆكانی كۆمۆنیستی له‌ وڵاتانی تر به‌كاریان ده‌هێنا.
ئه‌م كاره‌ وایكرد كه‌ له‌ 2003وه‌ جموجۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی زۆر بێت، له‌گه‌ڵ بوژانه‌وه‌ی ئابووریش توێژ و چینی جیاجیا سه‌ریان هه‌ڵده‌دا كه‌ له‌ بازاڕدا ده‌وریان ده‌رده‌كه‌وت و پاره‌ زۆربوو، خه‌ڵك ده‌یتوانی فه‌رق و جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی ببینێ، له‌ پرۆسه‌ی فه‌ساددا لایه‌نگران و سه‌ركرده‌كانی حیزبی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی به‌ شێوه‌ی جیاجیا ده‌ستیان به‌سه‌ر سامانی گشتیدا گرت، كه‌ ئه‌م دیارده‌مان له‌ ناوچه‌ی هه‌ولێر و دهۆكیش بینیوه‌، له‌ كه‌ركووكیش هه‌بوو. به‌ڵام ئێمه‌ نمونه‌ی باسه‌كه‌مان بۆ تێگه‌یشتن له‌ توندڕه‌وی سیاسی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی هێناوه‌ته‌وه‌.
له‌ ئه‌نجامی هه‌بوونی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵی و ئه‌و بێبه‌شییه‌ی كه‌وا خه‌ڵك له‌ نه‌تیجه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیای گه‌یاندن ده‌یبینی، بۆیه‌ گه‌نجانی وڵات زۆر به‌ ئاسانی ده‌یانتوانی ئاگایان له‌ ژیانی دونیا هه‌بێت و زانیاری نوێیان پێ بگات، شێوازی ژیانی دنیا ببینن و به‌راوردی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ژیانی خۆیان و هه‌وڵی بۆ بده‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا جموجۆڵی گه‌نجان له‌ ناوچه‌ی سلێمانی یه‌كجار زۆر بوو.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دیمۆگرافیش باس بكه‌م كه‌ هاوكارێكی به‌ڕێزم (حوسێن كوردنه‌ژاد) له‌ 2003وه‌ خۆی پێوه‌ ماندوو كردووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ پێی باری دیمۆگرافی واته‌ (باری دانیشتوان و ئاستی ته‌مه‌نی جیله‌كان له‌ ناوچه‌ی سلێمانیدا)، له‌ 2000وه‌ تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ رێژه‌ی گه‌نجان له‌و ناوچه‌یه‌دا یه‌كجار زۆره‌، بۆیه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گه‌نج له‌ هه‌ر وڵاتێك و ناوچه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌و كاردۆزینه‌وه‌ی باشی له‌گه‌ڵدا نه‌بێ، واته‌ حكوومه‌ت باش ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌بات، ئه‌وكات جموجۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان ده‌ست پێده‌كات، هه‌روه‌ها شێوه‌كانی دیكه‌ی توندڕه‌وی و كۆچیش به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ كۆتاییدا ده‌ست پێده‌كات.
نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌م جموجۆڵی گه‌نجانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی دام و ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی خۆی گرێیدان به‌ ڕوانگه‌كانی خۆی و ده‌ستی كرد به‌ هاندانیان، واته‌ له‌ لایه‌ك ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌برد، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هانی گه‌نجه‌كانی ناڕازی ده‌دا تا په‌لاماری دام و ده‌زگاكان بده‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ دام و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و دام و ده‌زگه‌ی تایبه‌تی خۆی به‌كاردێنا.
پاشان ته‌عریفێكی تایبه‌تی خسته‌ ناو ڕای گشتی كه‌ گوایه‌ هه‌موو زانیاری لای گه‌نجه‌، هه‌موو تواناییه‌كان لای گه‌نجن، وه‌ ده‌بێت ڕێگه‌ به‌ گه‌نج بدرێ وڵات به‌ڕێوه‌به‌رێ، له‌ كاتێكدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌نج ئاوها ته‌عریف ناكرێ. گه‌نجان ده‌بێ په‌روه‌رده‌ بكرێن، ده‌بێ كاریان بدرێتێ و داخلی سیسته‌مێكی هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێن.
له‌ نه‌تیجه‌ی به‌كارهێنانی جیلی نوێی ناڕازی و هه‌بوونی دام و ده‌زگه‌ی ڕاگه‌یاندن، ڕاگه‌یاندنی ئه‌لكترۆنیش كه‌ هیچ كۆنترۆڵێكی به‌سه‌روه‌ نه‌بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌وڵی دا هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی گه‌نجی كه‌ به‌رده‌وام خۆپیشاندان و په‌لاماردانیان ده‌وێ دروست بكات، ئه‌مه‌شیان ده‌ست پێكرد له‌ په‌لاماردانی به‌نزینخانه‌كان و هه‌ندێ فرۆشگای تازه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كران، وه‌ ڕۆژانه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان نیشان ده‌دران و یه‌كێتی ده‌كه‌وته‌ ئیحراجیه‌كی زۆره‌وه‌، له‌ بیرمانه‌ له‌ 2003 تا 2008 كاتێك كه‌ پشێوی له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ یان له‌ناو شاری سلێمانی دروست ده‌بوو، ئه‌و به‌شه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌وا به‌ هێمنی بیریان ده‌كرده‌وه‌ و سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی مام جه‌لال بوون زۆر ئیحراج ده‌بوون و نه‌یانده‌زانی چی به‌ خه‌ڵك بڵێن، له‌ كاتێكدا ئاگایان لێبوو كه‌ یه‌كێتی له‌ناو خۆیدا دابه‌ش بووه‌ و ئه‌م بار گرژییه‌ ئه‌وانن دروستی ده‌كه‌ن.
لایه‌نی دوومیان نه‌وشیروان هاوكاره‌كانی بوون كه‌ به‌ ئاشكرا خه‌ڵكیان هانده‌دا و په‌كیان به‌وه‌ نه‌ده‌كه‌وت له‌ راگه‌یاندندا ڕێگه‌ به‌ كه‌سانی توندڕۆ و توڕه‌ بده‌ن قسه‌ بكات و دیمه‌نه‌كان بگوازنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كیش بیگوازنه‌وه‌ و ته‌عریفی بكه‌ن كه‌ خه‌ڵك زیاتر هان بدات بۆ توند و تیژی. سه‌رنجام له‌ كه‌متر له‌ دوو ساڵدا شێوازێكی نوێی توند و تیژی دروست بوو، كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی فكریدا جیاوازبوو له‌ توند و تیژی ئه‌نسارولئیسلامی حكوومه‌تی ئالقائیده‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌م شێوازه‌ نوێیه‌ی به‌ناو ریفۆرمه‌ی نه‌وشیروان فه‌وزه‌ویه‌ت بوو، واته‌ هاندانی خه‌ڵك به‌ بێ به‌رنامه‌ و به‌بێ ئایدیۆلۆژیا بۆ تێكدانی سه‌رو سامانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ داران و هه‌بوون، له‌وه‌شدا سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی ناو یه‌كێتی و سه‌ركرده‌كانی پارتی تۆمه‌تبار بكرێن و په‌لامار بدرێن به‌وه‌ی كه‌وا ئه‌وانن دزی له‌ سامانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌نجام، له‌به‌ر نه‌بونی حكوومه‌تێكی باش له‌ ناوچه‌ی سلێمانی نه‌یتوانی كه‌ ئه‌و سامانه‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ سلێمانی به‌كاری بێنێت. سه‌رباری هه‌بوونی كه‌م و كوڕی له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان، مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كه‌م و كوڕی ته‌نیا له‌ ناوچه‌ی سلێمانی هه‌بووبێ، به‌ڵام له‌ ئیداره‌ی سلێمانی زۆر به‌ ڕوونی دیاربوو، بۆ نمونه‌ ئه‌و ماوهی‌ شه‌ش ساڵه‌ی كه‌ نه‌وشیروان سه‌ركردایه‌تی حكوومه‌تی به‌ كرده‌وه‌ له‌ سلێمانی ده‌ركرد بواری نه‌دا ناوچه‌ مه‌حرومه‌كانی وه‌ك گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ باش ئاوه‌دان بكرینه‌وه‌، بایه‌خیان پێ بدرێ و په‌روه‌ده‌یه‌كی باشیان بۆ دابین بكرێ، هه‌ست بكه‌ن كه‌ كه‌مێك قه‌ره‌بووی ئه‌و فیداكاری و قوربانییه‌ كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا به‌ریان كه‌وتووه‌. بۆیه‌ ئه‌م توڕه‌ییه‌ له‌ گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه ڕوویدا‌ چونكه‌ ئه‌م جیاوازی و له‌بیركردنه‌یان ده‌بینی، له‌وێشه‌وه‌ نه‌وشیروان ئه‌م توڕه‌بونانه‌ی قۆسته‌وه‌ و هه‌وڵیدا سه‌ركرده‌كانیان وه‌ربگرێ یان سه‌ركرده‌ی نوێیان بۆ دروست بكات تا بیانخاته‌ ناو ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی كه‌ ئه‌و دروستی ده‌كات، بزوتنه‌وه‌یه‌ك‌ كه‌ قه‌باره‌ی دیار نییه‌، ته‌عریفی دیار نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ شیعاره‌كانی بریتییه‌ له‌وه‌ی هه‌موو كه‌س خراپه‌، هه‌موو سیسته‌مێك خراپه‌، هه‌موو كه‌س گه‌نده‌ڵه‌ و هه‌موو شتێك ده‌بێ بڕوخێندرێ، كه‌س پاك نییه‌ ته‌نیا كاك نه‌وشیروان نه‌بێ.
ئه‌مه‌ شیعاری بێ شكڵ و بێ ناو و بێ قه‌باره‌كه‌ی نه‌وشیروان بوو كه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا دروستی كرد. ئامانجیشی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فایله‌كان له‌ناو یه‌كێتیدا ڕێخۆشكردن بوو بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌خسیه‌تی كارزماتیكی خۆی و سه‌ره‌نجام پاڵ به‌ جه‌لال تاڵه‌بانیشه‌وه‌ بنێ.
هاندان بۆ توندوتیژی و خۆپیشاندان و سوتاندنی دام و ده‌زگه‌ ئابورییه‌كانی خه‌ڵك كه‌ له‌ به‌نزینخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، كۆتا كاری نه‌وشیروان نه‌بوو، به‌ڵكو كاری تایبه‌تی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو له‌و شه‌ش ساڵه‌دا هیچ پاره‌ و سامانێك بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخان نه‌كرێ و زۆرترین هانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ش بدرێ، ئێمه‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌مان له‌ 2003وه‌ تا 2010 له‌به‌رچاوه‌ كه‌ چۆن ساڵانه‌ له‌یادی بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه‌دا گه‌نجانی ئه‌و شاره‌ په‌لاماری دام و ده‌زگه‌ی حیزبی و ده‌زگاكانی ئابووری و حكومیان ده‌دا، له‌ كۆتاییشدا هاندران كه‌ په‌لاماری مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ن، كه‌ ڕه‌مز و نمای به‌شخوراوی و كاره‌سات و فیداكاری میلله‌تی كورده‌ سوتاندیان، مانایه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌یه‌ له‌ هاندانی گه‌نجان بۆ سوتاندنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌، مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی ڕووحی زۆری به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌وه‌ هه‌بوو، كاتێك به‌ به‌رچاوی كامیراكانه‌وه‌ گه‌نجان سوتاندیان، به‌م كرده‌وه‌یه‌ جیلێكی دروست كرد كه‌ ئه‌م جیله‌ هیچ شتێكی ئه‌م وڵاته‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ و بایه‌خی پێ نادات، هیچ ته‌عریفێكی بۆ خواسته‌كانی خۆی نییه‌، هیچ بیروباوه‌ڕێكی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ و ئاماده‌ش نییه‌ وه‌ری بگرێ و له‌ راستیشدا نه‌یدراوه‌تێ و په‌روه‌رده‌ش نه‌كراوه‌، ته‌نیا ئامانج ڕق و كینه‌یه‌، ئه‌م ڕق و كینه‌یه‌یش له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئه‌نفال كراوه‌ زۆر به‌ قوڵی هه‌بوو.
نه‌وشیروان مه‌حرومترین شار و ناوچه‌ی كوردستان و بریندارترین شاریش كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ به‌كارهێنا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نمونه‌ كارگاییه‌كه‌ی خۆی بۆ دروست كردنی كه‌سانی توندڕۆی تێدا به‌رهه‌م بهینێ. له‌ راستیدا روخاندن و سوتاندنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆتایی ئه‌و پرۆڤه‌یه‌ بوو كه‌ نه‌وشیروان به‌ جیلی ناڕازی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی كرد، بۆ ئامانجی دواتری خۆی ئاماده‌ی ده‌كردن.
من ئه‌مه‌یان به‌ نمونه‌یه‌كی تر دێنمه‌وه‌، له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا، كاتێك كه‌ توند و تیژی و كوشتنی مرۆڤ بوو به‌ كارێكی ئاسایی، ئێمه‌ دیارده‌ی ریكخراوه‌كه‌ی شێخ زانامان له‌به‌ر چاوه‌، شێخ زانا لاینگرانی خۆی له‌ گه‌نجه‌كان به‌ هێنانی مه‌ڕ و بزنه‌وه كه‌ لایه‌نگره‌كانی سه‌ریان ببڕن و كه‌وڵیان بكه‌ن‌ ده‌ست پێ كرد، ئه‌مانه‌شی به‌و مه‌به‌سته‌ پێ ده‌كردن وه‌ك خۆی دوای ده‌ستگیركردنی ددانی پێدا نا كه‌ له‌ ئاینده‌دا خه‌ڵكی سیاسی و ناڕه‌زا بدزن و بیهێنن و به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌ری ببڕن و پارچه‌ پارچه‌ی بكه‌ن و فڕێی بده‌ن. ئه‌م كاره‌یان به‌ دزینی منداڵ ده‌ست پێكرد، منداڵیان وه‌كو مه‌ڕ سه‌رده‌بڕی، به‌ دزینی گه‌نجی ته‌مه‌ن دیاریكراو و سه‌رتایی، پاشان به‌ دزینی پیره‌مێرد و پیره‌ژن، سه‌ره‌نجام كوشتنی خه‌ڵكی دیكه‌. شیخ زانا كاتێك ئه‌م پڕۆڤه‌یه‌ی به‌ گه‌نجه‌كانی خۆی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌یبوو له‌ كۆتاییدا كوشت و كوشتارێكی داعش ئاسایان پێ ده‌ست پێ بكات له‌ كوردستاندا. ئێمه‌ كه‌ ئێستا شێوازه‌كانی داعش، كوشتنی داعش، ره‌فتاره‌كانی داعش ده‌بینین و فتواكانی ئه‌خلاقی و دینی داعش ده‌بینین، تێده‌گه‌ین كه‌ شێخ زانا دیارده‌یك بوو له‌و دیاردانه‌ی كه‌ داعشی ئێستای لێ دروست بووه‌، بۆ نمونه‌ شێخ زانا لایه‌نگرانی خۆی ده‌برده‌ سه‌یران و له‌به‌رده‌می كامێرا كرده‌ی سێكسی له‌گه‌ڵ یه‌كتر پێ ده‌كردن، پاشان فتوای بۆ ده‌دان كه‌ له‌ ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕاسته و په‌سه‌نده‌‌، ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌وا كه‌سانی ڕووخاو له‌بن ده‌ستی خۆی دروست بكات كه‌ له‌ هیچ فه‌رمانپێكردنه‌ك بۆ هیچ تاوان و خه‌راپه‌كارییه‌ك نه‌سڵه‌مێنه‌وه‌، لێره‌ ده‌وه‌ستم.
هه‌مان شێوازی دروست كردنی كادیر له‌ بوارێكی دیكه‌ی توند و تیژی كۆمه‌ڵایه‌تیدا نه‌وشروان ده‌یویست دروستیان بكات، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ باسم كرد له‌ 2003وه‌ خۆپیشاندانه‌كان و به‌ردباران كردن و جنێودان و ناووناتۆره‌ دروست كردن، پاشان سوتاندنی به‌نزینخانه‌ و چێشت خانه‌كان، دوای ئه‌وانه‌ش سوتاندنی مۆنۆمینتی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌م قۆناخه‌ی پڕۆڤه‌ی لای نه‌وشیروان دروست كرد، ئیتر ئێستا ئه‌و ژماره‌یه‌ك كادیری هه‌یه‌ كه‌ له‌ هیچ تاوانێك ناسڵه‌منه‌وه‌ و ئاماده‌كراون بۆ توندوتیژی سیاسی.
دوای ئه‌وه‌ له‌ 2008 یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو به‌ دوو پارچه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی پێكرد، نه‌وشیروان مسته‌فاش به‌ ئاشكرا حزبێكی ڕاگه‌یاند كه‌ ئێستا مایه‌ی پشێوی و كێشه‌یه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و ئیداری و فكری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
قۆناخێكی دیكه‌ی دوای دروست بوونی گۆڕان، به‌كارهێنانی میدیایه‌ وه‌ك چه‌كی تۆقاندن و روخاندنی كۆمه‌ڵگه‌، ئازادی راگه‌یان وه‌ك ئه‌و ته‌عریفه‌ی بۆ گه‌نجان كراوه‌ موباله‌غه‌ كردن و سنور نه‌هێشتن بۆ جموجۆڵی گه‌نج، له‌ راگه‌یاندنیشدا نه‌وشیروان هه‌مان كاری كرد، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و كادیرانه‌ی كه‌ خۆی دروستی كردبوون شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكی گوتن و نووسین بوون به‌ شێوه‌ی زۆر ساده،‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌‌ خه‌ڵك بگه‌یه‌نن كه‌ راگه‌یاندن یان میدیا هیچ سنورێكی بۆ ده‌ربڕین نییه‌، كه‌سێكیش كه‌ ده‌نوسێ له‌ هه‌موو شتێك پارێزراوه‌. به‌مه‌ش پشێویه‌كیان له‌ناو راگه‌یاندنی كوردستاندا دروست كرد كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م توندڕه‌وانه‌ی له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌یدا یان له‌ شاره‌كانی دیكه‌ هه‌بوون ده‌یگرتنه‌وه‌ و له‌ دازگاكانی راگه‌یاندن دایده‌نان و ده‌یكردن به‌ بڵندگۆی دروست كردنی ئه‌م جموجۆڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سیاسییه‌ تونده‌ی كه‌وا هه‌یه‌.
ئێمه‌ له‌به‌رچاومانه‌ له‌ دوازده‌ ساڵی ڕابردوو میدیا له‌ كوردستان زۆرترین ئازاری كۆمه‌ڵگاكه‌ خۆی دا، وه‌ زۆر ترین پشێوی تێدا نایه‌وه‌‌، هه‌ربۆیه‌ش ئێستا زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌كرێ ئه‌م چه‌مكانه‌ له‌ناو جیلی نوێی خوێنده‌واردا چه‌سپاون لاببرێن، ئه‌ویش چه‌مكی ئازادی بێ به‌ندوبار و په‌لاماردان، به‌كارهێنانی سوكایه‌تی و په‌لاماردانی ژیانی شه‌خسی، له‌ هه‌مانكاتدا دروست كردنی فشاری ده‌روونی روخێنه‌ر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و له‌سه‌ر كه‌سه‌كه‌ش. له‌ راستیدا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت میدیا یه‌كێك له‌ گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌، چونكه‌‌ ده‌وری خۆی نابینێ.
نه‌وشیروان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی سیاسی بووه‌ مونافیسی پارتی و یه‌كێتی و حیزبه‌كانی تر و میدیای به‌م شێوه‌یه‌ به‌كارهێنا، حیزبه‌كانی دیكه‌یش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ناچار به لاسایی و‌ كۆپیكردنی شێوازی نه‌وشیروان بوون، كه‌ له‌ راستیدا زه‌ره‌ری پێیان ده‌گه‌یاند. ده‌كرێ له‌م رووه‌شه‌وه‌ نمونه‌ زۆر بێنینه‌وه:
له‌ناو میدیادا نه‌وشیروان دوای ته‌وابوونی قۆناخی ریفۆرم كه‌ قۆناخی فێركاری و دروست كردنی لایه‌نگرانی خۆی بوو و ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، ژماره‌یه‌ك شه‌خسیه‌تی دروستكراوی ده‌ستی خۆی وه‌ك مفكر یان بیردۆز یان ڕۆشنبیری گه‌وره‌ یان ڕۆژنامه‌نووسی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر به‌ خه‌ڵك ده‌ناساندن، كه‌ له‌ راستیدا خه‌ڵكانی ساده‌ی زۆربڵێی نه‌خوێنده‌واربوون، نه‌وشیروان له‌سه‌ر شێوازی حیزبه‌ توندڕۆكانی مێژووی بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی توندڕۆییدا پێویستی به‌وه‌ بوو كه‌ چه‌ند بیردۆزێك واته‌ چه‌ند تیئۆرسیه‌نێك دروست بكات، له‌‌و بیردۆزانه‌ی كه‌ له‌ حیزبه‌كانی توندڕۆی ئایدیۆلۆژی كۆندا به‌ بڕیاری حیزبی دروست ده‌كران. مێژووش نیشانی دا دوای لادانی ئه‌و حیزب و حكوومه‌ته‌ توندڕۆیانه‌ هیچ ئاسه‌وارێك له‌و بیردۆز و ڕۆژنامه‌نووسه‌ به‌ناووبانگانه‌ی ئه‌وكاته‌ نه‌ما.
نه‌وشیروان ژماره‌یه‌ك ناوی هێنان كه‌ ئه‌مانه‌ كاتێك له‌ میدیا قسه‌یان ده‌كرد و ده‌یاننوسی هانی گه‌نجه‌كانیان ده‌دا كه‌ به‌فراوانی بچن نووسینه‌كانیان بخوێننه‌وه‌ و سره‌ بگرن بۆ كتێبه‌كانیان و وێنه‌یان بڵاوبكه‌نه‌وه‌. له‌ راستیدا نه‌وشیروان ئه‌م كه‌سانه‌ی كرد به‌ نوما بۆ تیرۆری فكری، بۆ گۆڕینی فكری و به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی فكری، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ هیچ شتێك جیا له‌ پشێوی له‌جێی ناچێندرێ.
داشۆرین له‌ وتاره‌كانی ئه‌و ژماره‌ نووسه‌ره‌ی كه‌ ئه‌و دروستی كردبوون، رێك له‌سه‌ر شێوازی كوردستان پۆست گواسترایه‌وه‌ بۆ بواره‌كانی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌ت و له‌سه‌ر په‌رله‌مان و رێكستنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. له‌م بارودۆخه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌وڵی دا كه‌ مافی مرۆڤ، مافی ئافره‌تان و گه‌نجان و ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین له ‌ناو مافی مرۆڤدا بكات به‌ هه‌ده‌فی خۆی، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌وڵیاندا دزه‌ بكه‌نه‌ ناو رێكخراوه‌كانی بیانی كه‌ چاودێری كوردستانیان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ راپۆرته‌كانی خۆیاندا ئه‌م رێكخراوانه‌ ته‌ئیدێك بۆ جموجۆڵی نه‌وشیروان بكه‌ن، له‌ راستیدا نه‌وشیروان توانی ئه‌م كاره‌ بكات، بۆیه‌ به‌شێكی زۆر له‌ راپۆرته‌كانی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و یۆنامی له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ ده‌ دوازده‌ ساڵی كۆتاییدا پڕبوون له‌ ناڕاستی و دزه‌كردنی كه‌سانی كه‌ نه‌وشیروان چاندبوونی له‌ نێویاندا، ئێستا ته‌قریبه‌ن كۆتایی به‌م دیارده‌یه‌ هاتووه‌. واته‌ دیارده‌ی به‌كارهێنانی رێكخراوه‌كانی بیانی بۆ توندوتیژی ناوخۆ.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ شێوازی داشۆرین له‌ راگه‌یاندنه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نووسینی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌وشیروان وه‌ك موفكر پیشانی داون ده‌ست نیشان بكه‌ین، سه‌ره‌نجامی گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نگرانی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ گه‌نجان و ته‌مه‌نی ناوه‌ڕاستدا بریتین له‌ كه‌سانێك كه‌ به‌ هیچ رازی نابن، هیچ روانگه‌یه‌كیان لا نییه‌، هه‌موو كه‌س لای ئه‌وان گه‌نده‌ڵه‌، هه‌موو كه‌س پیسه‌ و قابیلی له‌ناوبردنه نه‌ك هه‌ر لادان، ئاماده‌ن په‌لاماری دام و ده‌زگاكانی حیزبیان بده‌ن، ئاماده‌ن په‌لاماری ماڵیان و خۆشیان بده‌ن، ئه‌مانه‌مان له‌ كرده‌وه‌دا بینی. ئه‌م كه‌سانه‌ وا فێركراون كه‌ هه‌رچی به‌ده‌میاندا بێ بیڵێن، هه‌رچی بیانه‌وێ بینووسن و به‌بێ ده‌ربه‌ستی په‌لاماری هه‌موو كه‌سێك و چه‌مكێك و باوه‌ڕێك له‌ وڵاتدا بده‌ن، به‌شه‌رتێك یه‌ك ئامانج بپێكێ ئه‌ویش شكاندنی لایه‌نی به‌رانبه‌ره‌ و هیچی تر نا.
ئەمە وای كردووە كە بەهاكانی كۆمەڵاتی لە وڵاتی ئێمە سوك بكرێن و ئەو قیمەتەی جارانیان نەمێنێت و بەهای نوێش دروست نەبێت. بۆ یە لەراستیدا ئەوەی ئێستا دەیبینن بەرهەمی فكری و میدیای و سیاسی نەوشیروان مستەفایه‌ بۆ تێكەدانی كۆمەڵایەتیە، لەبار بردنی متمانە و بەكارهێنانی فشاری دەروونییە لەسەر كەسەكان، سەرئەنجام دروستكردنی فشارێكی دەروونییە لەسەر كۆمەڵگا بەگشتی.
ئەم چەمكانەی كە لە راگەیاندنی ئێستادا ده‌بیندرێ، ترۆپكی راگەیاندنی بزوتنەوەی كۆمەڵایەتییە كە نەوشیروان سەركردایەتی دەكات و لە بیروباروەڕێكی فكری و سیاسیی دیاریكراودانیە، واتە لەرووی فكری و سیاسییەوە پرۆژەیان نییە قسەی لەسەر بكەن، بەڵكو تەنیا معارەزە، نەیاریی، تۆمەتباركردن و جنێودان و داشۆرینه‌. لە جنێودان و داشۆریندا چەمكی كۆمەڵاتی داشۆرینی جادە بەكار دێنن، لەكاتی گفوگۆ و كۆمێنت نووسیندا كاتێك له‌ میتینگێك یان هەر بوارێكی تر كه‌ لە هۆڵێكدا پێشكەش دەكرێت، یان لە هۆڵێكدا دایالۆگێك هه‌بێت، دەبێت تۆ چاوەڕێ بیت گەنج هەڵدەستن یان دەنووسن یان تەلەفۆن دەكەن، كە لەوێدا وشەی گان بەكاردێنن واتە سێكس، بەمانه‌ پەلاماری قسەكەر دەدەن، دایكی یان باوكی یان ئەژدادی دەخەنە بەر پەلاماری جنێوەكان، دووەمین چەمكی كە بەكاری دەهێنن، چەمكی (گو)​ كه‌ به‌زۆرترین شێواز و به‌ هه‌ركه‌سێك بیر و باوه‌ڕێكی تایبه‌تی هه‌بێ یان قسه‌یه‌ك بكات و هه‌وڵوێستێكی هه‌بێت، یان شتێك بنووسێ، له‌ قسه‌ و له‌ نوسیندا چه‌مكی گوو به‌ زۆر ترین شێوه‌ به‌كاردێت، ئینجا كۆیله‌ واته‌ تۆ عه‌بدی، ئینجا رابردووی سیاسی تۆ، له‌ ڕابردووی سیاسیشدا ته‌نیا دوو حیزب به‌كار دێن، یه‌كیان تۆ شوعی بووی و ئێستاش شوعی، دووه‌میان ده‌ڵێن تۆ پارتیت، ئه‌گه‌ر ئه‌مدوانه‌ بوبیت تۆ كۆیله‌یت، بۆیه‌‌ مسته‌حه‌قی هه‌ردوو جنێوی پێشووی. له‌ ڕاستیدا هه‌گبه‌ یان خانه‌ی داشۆرینی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ ئێستا كه‌ به‌ فراوانترین شێوه‌ گه‌نجان به‌كاری دێنن، له‌م پۆلینه‌ كه‌ ئێستا من باسم كرد تێناپه‌ڕێت. بۆیه‌ ده‌بینی كاتێك كه‌ خۆپیشاندان ده‌بێ، كاتێك ده‌ته‌وێ گوێ بۆ ده‌ربڕینیا بگری، هیچ ئامانجێكت گوێ لێ نابێ، ته‌نیا ئه‌م جنێوانه‌ی كه‌ من ئیشاره‌تم پێدان، هه‌روه‌ها به‌رد هاویشتن و سوتاندن ده‌بینی.
له‌ ساڵی 2011دا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ 17 شوباتدا ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی نوێی ڕاگه‌یاند،‌ ئه‌م جیله‌ی كه‌ به‌و چه‌مك و په‌روه‌رده‌یه‌ی كه‌ ئاماده‌ی كردبوون ویستی به‌كاریان بێنێت، له‌ پارێزگای سلێمانیدا په‌لاماری دام و ده‌زگا‌كانی حكوومه‌تیان دا، له‌ ڕۆژی یه‌كه‌م و دواتر په‌لاماری پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا و ده‌ستیان كرد به‌ سوتاندنی باره‌گاكانی پارتی و جه‌ماوه‌ریان هاندا كه‌ بچنه‌ سه‌ر باره‌گاكانیان بیانسوتێنن و خه‌ڵكانی ناو باره‌گاكانیش بكوژن، كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كوژرا و زۆر له‌ باره‌گاكانیش سوتێندران، هه‌ندێكیشیان چۆڵ كران. بۆچی له‌ 17 شوبات زیاتر له‌ دوو مانگ خه‌ڵك له‌ مه‌یدانی سه‌را مانه‌وه‌ و پێیان وابوو كردوویانه‌ به‌ مه‌یدانی ته‌حریری قاهیره‌؟ پێیان وابوو سه‌ره‌نجام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی پارتی وه‌رده‌گرنه‌وه‌.
ڤیدیۆكانی ئه‌وكات ماون هه‌مومان له‌گه‌ڵی ژیاوین، وتاره‌كانیان زۆر شه‌عبه‌وی و پۆپۆلیستی بوون و هیچ پڕۆژه‌یه‌كی تێدا نه‌بوو، ته‌نیا هاندانی خه‌ڵك بوو، له‌وكاته‌دا هه‌ردوو حیزبی ئیسلامی كوردستان یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ چوونه‌ پاڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ راستیدا چوونه‌ پاڵێكی هه‌لپه‌رستانه‌ بوو، واته‌ پێیان وابوو كه‌ ئیتر وه‌ك چۆن ئیسلامییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی چوونه‌ پاڵ عه‌لمانیه‌كان و حكوومه‌تیان رووخاند، ئێستا له‌ سلێمانیشدا هه‌مان شت ڕووده‌دات، ئه‌م كه‌لتوره‌ تا 2011 به‌ فراوانی له‌ فه‌یسبووك له‌ یوتیوب له‌ ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كاندا به‌كار ده‌هێندرا، وه‌ ئێستا‌ یوتیوب به‌كارده‌هێندرێ بۆ نیشاندانی ئه‌و پارچه‌ ڤیدیۆیانه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌ستكاریان كردووه‌، یان بۆ داڕشتنی جنێو یان داشۆرینی كه‌سێك. گه‌نجێك یان پیره‌مێردێك دێنن له‌ بارودۆخێكی دیاریكراودا به‌ بێ پند و پێناو جنێو ده‌هۆنێته‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك، یان بۆ حیزبێك و بۆ كه‌سێك، دوایی دین له‌ یوتیوب دایده‌نێن، ئینجا له‌ فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ فراوانی نیشانی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیدا شێوه‌یه‌كی زۆر تۆقێنه‌ری به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ بۆ لێدانی سیاسی و بۆ به‌گژ یه‌كداكردنی خه‌ڵك.
بۆیه‌ ئێستا ته‌عریفی حیزبی گۆڕان بریتییه‌ له‌و بزوتنه‌وه‌ توندو تیژه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مك و ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ی كه‌ ئاماژه‌م پێكرد دامه‌زراوه‌، ئه‌م حیزبه‌ هیچ ڕوانگه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه‌ بۆ چاكسازی، هیچ مۆدێله‌كی حكوومه‌تیی قه‌بوڵ نییه‌، هه‌ندێ جار كه‌ ناچار ده‌بێ مۆدێله‌كانی خۆی پێشكه‌ش بكات دووفاقیه‌كی زۆر تێدایه‌، بۆ نمونه‌: ئه‌م دواییانه به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دنیا‌ ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێ ده‌بێ كه‌مترین ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌لبژێردرێ ده‌بێ زۆرترین ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ. له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو دنیا و به‌ یاساش سه‌رۆكێك گه‌ل هه‌ڵیده‌بژێرێ كه‌ ده‌سته‌ڵاتی زۆر هه‌بێ. له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رۆكێك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردێ كه‌ ته‌شریفاتی بێت. ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ ته‌ناقزه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حیزبی گۆڕانه‌.
گۆڕان دوای ئه‌وه‌ی له‌ 2015 ده‌نگێكی باشی به‌ده‌ست هێنا و پێگه‌ی حزبی دووه‌می وه‌رگرت، ویستی به‌ توندوتیژی له‌ سلێمانی دام ده‌زگه‌ی حكوومه‌ت وه‌رگرێ، له‌ پارێزگاره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد تا ده‌گاته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌كانی تر. یه‌كێتی نیشتمانی به‌و مێژووی كه‌ هه‌یه‌تی و به‌و هه‌بوونی هێزی عه‌سكه‌ری و ئه‌منی و مالییه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر گۆڕان وه‌ستا و سه‌ركردایه‌تی ناوچه‌كه‌یان راده‌ست نه‌كردن، سه‌ره‌نجام پێك هاتن كه‌ گۆڕان ده‌وری حزبی دووه‌م ببینێ له‌ ناوچه‌ی سلێمانی.
له‌ 2014 دا و دوای هاتنی داعش و دروست بوونی كابینه‌ی بنكه‌فراوانی حكوومه‌ت كه‌ له‌ هه‌موو حزبه‌كانی ناو په‌رله‌مان پێك هات، گۆڕان پێگه‌یه‌كی فراوانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و عێراقیش پێ درا، له‌ حكوومه‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌.
پاش ساڵیك كاركردن له‌ناو حكوومه‌تدا، گۆڕان شێوازی فه‌وزه‌وییه‌تی خۆی نیشان دایه‌وه‌، نه‌یتوانی نه‌ په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ به‌رێ و نه‌ توانی له‌ حكوومه‌تدا به‌شدارێكی باش بێ، نه‌ توانیان ئه‌و دام و ده‌زگه‌ حكوومه‌تیانه‌‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌ستیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنیدا هه‌یه‌ كاری باش پیشكه‌ش بكه‌ن. له‌ مانگی شه‌شی 2015دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فه‌یزێكی نوێی توندوتیژی كه‌ له‌ 2011دا و له‌ مانگی شوباتدا تاقیان كردبۆ‌‌وه‌. قۆناخی ئه‌م جاره‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ داعش چه‌ند ده‌ كیلۆمه‌ترێك له‌ شاره‌كانی ئێمه‌وه‌ دووره‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رگریكردندایه‌، كوردستان له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدایه‌، ئابڵوقه‌ی ئابووری له‌سه‌ر كوردستانه‌ و ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌ك پارچه‌یی و یه‌ك ڕیزی میلله‌ته‌كهمان‌ بپارێزین بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بتوانێ به‌رگری بكات، له‌م كاته‌دا گۆڕان په‌رله‌مانی كوردستانی كرده‌ به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی، ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2011 و له‌ مانگی شوبات كردی، گواستیه‌وه‌ بۆناو په‌رله‌مان، هیچ پره‌نسیپێكی نه‌هێشته‌وه‌ له‌ تێكدانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حكوومه‌تی.
ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌م دواییه‌دا كردی، له‌ راستیدا به‌رهه‌می فكری سه‌ركرده‌یه‌كی فه‌وزه‌وییه‌ كه‌ جیا له‌ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ و سزادان بیر له‌ هیچی تر ناكاته‌وه‌. سزای هاوكاره‌كانی خۆی ده‌دات، سزای نه‌یاره‌كانی خۆی و سزای كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌دات، له‌ كۆتاییشدا له‌ هیچ قۆناخێكدا ئاماده‌ نییه‌ قسه‌ بۆ خه‌ڵك بكات و بڵێ بۆچی ئێمه‌ وامان كرد، تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ش نه‌وشیروان به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ ده‌كات و به‌م شێوه‌یه‌ش كار ده‌كات، ئامانجی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه‌ حزبی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ به‌ غه‌یری ئه‌مه‌ شتێكی دیكه‌ی لێ ناخوێندرێته‌وه‌.
دوا به‌ڵگه‌ نامه‌ی كه‌ ئاژانسی پاراستنی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ كاتی دروستكردنی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی نوێدا، ئه‌و تۆماره‌ ڤیدیۆیه‌ی كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیدایه‌ و هه‌یه،‌ نه‌وشیروان به‌ توندترین شێوه‌ باسی نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی خۆی ده‌كات، وه‌ك بینیمان و بیستمان باس له‌ لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت ده‌كات، ئه‌ویش به‌ شێوازی په‌لاماردانی نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تان له‌ هه‌رێم، وه‌ ترساندنی كۆمپانیاكانی نه‌وت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر توانیبایان ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌وا ڕه‌فتاری دیكه‌شی به‌دوادا ده‌هات، یان تیرۆركردنی كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و شێوازه‌كانی دیكه‌ی توندوتیژی به‌ دوادا ده‌هات.
له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2015وه‌ توندوتیژیه‌كان له‌ ناوچه‌ی سلێمانی ده‌ستیان پێكرده‌وه، ئه‌مجاره‌یان زۆر توندتر بوو له‌ ساڵانی 2003 تا 2008، هه‌روه‌ها زۆر توندتر بوون له‌ 2011ـیش. ئامانجیان له‌ قۆناغی ئه‌مجاره‌یاندا ته‌نیا پارتی دیموكراتی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بوو، نه‌وشیروان ئه‌مانه‌ی كردوون به‌ ئامانجی تایبه‌تی خۆی، پێی وایه‌ ناوچه‌ی سلێمانی سه‌ره‌نجام بۆ ئه‌وه‌، توراسی تاڵه‌بانی رووخاندووه‌ و هه‌ر كاتێك بیه‌وێ ده‌توانێ داگیری بكات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه و‌ بیشكێنێ و ده‌ری بكات پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌.
له‌م ده‌ ساڵه‌ی كۆتاییدا ڕق و كینه‌ و ناشیرن نیشاندانی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و شه‌خسی مه‌سعوود بارزانی به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌ لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی نه‌وشیروان كاری له‌سه‌ر كراوه‌، كه‌ له‌ راستیدا پارتی نه‌ك وه‌ك حزب و بارزانی نه‌ك وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك، به‌ڵكو وه‌كو كاست یان توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌ ڕووی دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ به‌ كه‌م بزاندرێ و ده‌بێ له‌ناو ببردرێ ته‌عریفی بۆ كراوه‌. بۆیه‌ پارتی بوون و لایه‌نگری بارزانی بوون به‌ تاوان و سوكایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ داده‌ندرێ له‌ناو ئه‌و پانتاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ نه‌وشیروان كاری له‌سه‌ر ده‌كات. له‌ ده‌ربڕین و نوسینه‌كانیشیاندا له‌ لای گه‌نجان و ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ بیرمه‌ندی خۆیانی ده‌زانن به‌ ئاشكرا دیاره‌.
له‌ راستیدا هه‌موو رێكخراوێكی توندڕۆ ئامانجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆخۆی دیاری ده‌كات، بۆ نمونه‌ نازییه‌كان له‌ناوبردنی جوویان به‌ ئامانج گرت، حزبی به‌عس له‌ناوبردنی كورد و شیعه‌ی به‌ ئامانج گرتبوو، داعش له‌ناوبردنی ئیزیدی و شیعه‌ی زۆرتر وه‌ك ئامانج دیاری كردووه‌، ئه‌گه‌ریش لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین له‌هه‌ر وڵاته‌ به‌ شێوه‌ی تایبه‌تی خۆیان توندڕۆكان ئامانج بۆخۆیان دیاری ده‌كه‌ن.
له‌ ناو كوردستاندا حزبی گۆڕانی نه‌وشیروان، لێدانی تراسی بارزانی و بارزانی و پارتی بۆخۆی كردووه‌ به‌ ئامانجی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك سیاسی به‌ ته‌نیا، ئه‌مه‌شیان ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكرێ و تێیبگه‌ین.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین گۆڕان و نه‌وشیروان له‌ كاتی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ دروست كردندا، جیا له‌ مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ماویستی هه‌ڵوه‌شانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپای شه‌رقیشی كردبوو به‌ مۆدێلی خۆی، بۆ نمونه‌ جارێك ده‌یگوت بزوتنه‌وه‌ی ئێمه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی مۆر واتا له‌سه‌ر شێوازی ئه‌و ره‌نگانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌ورووپای شه‌رقی به‌كار هاتوون، یان نارنجیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئۆكرانیا به‌كارده‌هات، یان به‌ مۆم و... هتد، بۆیه‌ له‌ شیعار و په‌رچه‌مه‌كانیاندا مۆم و نارنجی و مۆر و ره‌نگه‌كانی دیكه‌ زۆر به‌ ئاسانی كۆپی كراون و مه‌به‌ستیش لێی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بڵێن ئێمه‌ وه‌كو جیهانی ئێستای پێشكه‌وتووین.
هه‌میشه‌ شتی هاوبه‌ش له‌ نێوان توندڕۆكاندا زۆره‌، ئه‌گه‌ر ئێستا داعش یان هه‌موو توندڕۆكانی فكری سیاسی له‌ ناوچه‌ ئیسلامیه‌كاندا بۆخۆی رابكێشێ، چ ئیخوان بێ یان ئه‌لقائیده‌ یان شێوازی دیكه‌ی ئه‌نسار و ئه‌و شتانه‌ بن، هه‌موویان ده‌ڕۆن و ده‌بن به‌ داعش، ئه‌مه‌ له‌ناو جوغز و فكری ئیسلامیدا، له‌ناو جوغز و فكری غه‌یره‌ ئیسلامیدا نه‌وشیروان ده‌رگای بۆ هه‌موو توندڕۆكانی كوردستان ئه‌وانه‌ی كه‌ ئاماده‌ی په‌رلاماردانن كردۆته‌وه‌، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بگره‌ تا خۆپیشاندانه‌كان و ده‌گاته‌ ناو په‌رله‌مان و حكوومه‌تیش، ئه‌گه‌ر سه‌نج بده‌ینه‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌‌ی كه‌ نه‌وشیروان دایناون هه‌ندێ گه‌نجی تێدایه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان ته‌عریف ناكرێ، به‌ڵكو كه‌ دێته‌ په‌رله‌مان رێك وه‌كو ئه‌و كه‌نجه‌ په‌لامارده‌رانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌‌.
له‌ دوا قسه‌ی ڤیدیۆییدا نه‌وشیروان ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ عه‌بدوڵای مه‌لا نوری ئه‌و گه‌نجه‌ی كه‌ به‌رده‌وام له‌ناو هۆلی په‌رله‌مان پشێوی ده‌نایه‌وه‌ ده‌ترسێن، مه‌به‌ستی پارتی و بارزانییه‌، ئه‌وا له‌ ئێستادا من 24 عه‌بدوڵای مه‌لا نوریم بۆ ناردوون، واته‌ هه‌ر 24 ئه‌ندام په‌رله‌مانی كه‌ ئێستا گۆران ناردونی له‌ تیپی عه‌بدوڵای مه‌لا نورین.
له‌ ڕووی توندوتیژییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گوێ له‌ قسه‌كانی ناو گرته‌ ڤیدیۆكه‌ی نه‌وشیروان بگرین، ئه‌و سوكایه‌تی و جنێوانه‌ی كه‌ به‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانی یه‌كێتی له‌ ژن و پیاو ده‌یدات، یان به‌ سه‌ركرده‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركووك ده‌یدات، وه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ له‌وێدا ناویان ده‌هێنێ، به‌ قسه‌ی زۆر سووك و تۆمه‌تی زۆر سوك له‌ناو كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیدا باسیان ده‌كات.
شتێكی كه‌ سه‌رنج راكێشه‌ ئه‌وه‌یه كه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی وای دروست كردووه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك موناقه‌شه‌ی شێوازه‌كانی ده‌ربرینی نه‌وشیروان مسته‌فا ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ركرده‌ توندڕۆكانه‌. ئێستا ورده‌ ورده‌ له‌ میدیادا كه‌سانێك ده‌رده‌كه‌ون ده‌ڵێن نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركرده‌ی حزبی نییه‌ به‌ڵكو عه‌لامه‌یه‌، داهێنه‌ره‌، نووسه‌ره و‌ موفكیره‌، ئه‌و ناوانه‌ی بۆ رێز ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ قودسیه‌ت و رێزی تایبه‌تی خۆیانی پێ بده‌ن.
نه‌وشیروان مسته‌فا جیا له‌ میدیا بواری ڕۆشنبیریش به‌كار ده‌هێنێ، ژماره‌یه‌ك ڕۆشنبیری تایبه‌تی خۆی دروست كردووه‌ كه‌ زۆر گرنگیان پێ ده‌درێ و قسه‌كانیان ده‌گوازێته‌وه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا هه‌موویان قسه‌ی نه‌وشیروان خۆیه‌تی، هه‌ركاتێكیش ئه‌مانه‌ نه‌گونجانێكیان له‌گه‌ل نه‌وشیروان هه‌بێ به‌ خێرایی سوك ده‌كرێن و داده‌شۆردرێن و له‌ناو ده‌بردرێن. ئێستا پێوه‌ر له‌ كوردستان بۆته‌ ئه‌وه‌ كه‌ كێ و كام نووسه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌وشیرواندا بێت، ئه‌و لایه‌نگریه‌ی بۆ ئه‌و بێ و له‌ ڕووی مه‌زاجیشه‌وه‌ نه‌وشیروان كه‌یفی پێ بێ ئه‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ و ناودار ده‌كرێ، له‌ میدیاكانی گۆڕان و ناو خه‌ڵكیشدا پێی ده‌گوترێ ڕۆشنبیری به‌رز و ژماره‌ یه‌ك.
ئه‌م شێوازی په‌لاماردانه‌ كه‌ نه‌تیجه‌ی قۆستنه‌وه‌ی پشێوی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌، له‌ ڕاستیدا گه‌وره‌ترین فتیلی شه‌ڕی ناوخۆیه‌ كه‌ نه‌وشیروان به‌كاری دێنی، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قه‌ڵادزێ و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان به‌رانبه‌ر به‌ باره‌گاكانی پارتی كردی، ئه‌وا‌ ده‌یكاته‌ جه‌نگ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو حیزبه‌كان، ئه‌مه‌ش له‌ میژووی هه‌موو حزبه‌ توندڕۆكانی ولاتاندا هه‌یه‌.
نه‌وشیروان ده‌یویست دوو كه‌سایه‌تی كارزماتیكی كوردستان به‌ خێرایی بشكینێت و له‌ناویان ببات، ئه‌وانیش یه‌كیان جه‌لال تاڵه‌بانی و دوومیشیان مه‌سعوود بارزانییه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی یه‌كێتی و مام جه‌لال به‌ره‌نگاری نه‌وشیروان بوونه‌وه‌ و پاشان مام جه‌لال نه‌خۆش كه‌وت، ئیتر نه‌وشیروان ڕووی قسه‌ی كردۆته‌ بارزانی و ته‌نیا بارزانی كردووه‌ به‌ هه‌ده‌فی خۆی بۆ له‌ناوبردنی، له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌موو تراسی ده‌ساڵه‌ی خۆی و ئه‌و خه‌ڵك و په‌روه‌رده‌ و چه‌مكانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی به‌كاردێنێ، له‌ ڕاستیدا نه‌ك وه‌ك سیاسییه‌كی بیروڕا جیاواز هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌كات، به‌ڵكو بارزانی وه‌كو توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڵایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌ك غه‌زه‌بێك بۆ ئه‌م وڵاته‌ی ته‌عریف كردووه‌، هه‌ده‌فیشی ته‌نیا له‌ناوبردنه‌، نه‌ك چاكسازی.
ئه‌گه‌ر نمونه‌ بێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گۆڕان ئامانجی به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت نییه‌، ده‌بینین كاتێك كه‌ په‌رله‌مان كه‌وته‌ به‌رده‌ستی ئه‌وان، په‌رله‌مانیان كرد به‌ بێ ئارامترین و پشێوترین شوێنی ناو هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق جێگری سه‌رۆكیان ده‌ست كه‌وت، جموجۆڵی كوردیان له‌ به‌غدا په‌ك خست، كه‌ هاتنه‌ ناو حكوومه‌تی هه‌رێم،‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ‌ ئه‌م حكوومه‌ته‌یان ئیفلیج كرد، واته‌ كابینه‌یان وا لێكرد كه‌ نه‌توانێ به‌ ئاسانی كۆبێته‌وه‌ و كاره‌كانی خۆی نه‌كات، له‌ كاروباری داراییدا كه‌ وه‌زیر سه‌ر به‌ گۆڕان بوو ته‌نیا كاری كار شكێنی بێت. تا ئێستاو له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا له‌ په‌رله‌مان حكوومه‌ت هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان ده‌رنه‌خستووه‌ بۆ چاكسازی ببێ، یان بۆ باشتركردنی بارودۆخ، یان مۆدێله‌كی دیكه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سته‌ڵات نیشان بده‌ن‌.
ئه‌گه‌ر من ته‌عریفێكی ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه‌ی نه‌وشیروان بكه‌م، بریتییه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی سیاسی هه‌ندێك له‌ میلله‌تاندا له ناو‌ باردۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و میلله‌تانه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌مانه‌ش بریتیین‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی توندوتیژ كه‌ جێگه‌ و پێگه‌ی تایبه‌تیان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌، ئه‌م پێگه‌یه‌ به‌كاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن، سه‌ره‌نجام بیروباوه‌ڕی توندڕۆیانه‌ی خۆیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و بزوتنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ندێ وڵاتدا حكوومه‌ت وه‌رده‌گرن، نه‌وشیروان بزوتنه‌وه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی شه‌عبه‌وی و توند و تیژ و په‌لامارده‌ری بۆ جیلی نوێ و بۆ لایه‌نگره‌كانی خۆی دروست كردووه‌، میدیایه‌كی به‌هێزی بۆ دامه‌زراندووه‌، خۆی عه‌زل كردووه‌ و پابه‌ند نییه‌ به‌ هیچ قانون و داب و نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، له‌ راستیدا كاتێك كه‌ فه‌رمان به‌ لایه‌نگرانی خۆی ده‌دات و له‌ په‌لاماردانی میدیاییه‌وه‌ بگره‌ تا په‌لامار و سوتاندنی ده‌زگاكان و هه‌وڵی تیرۆركردن و سوكایه‌تی كردن هیچ سنورێك بۆخۆی دانانێت، نه‌وشیروان وه‌ك زۆر له‌ سه‌ركرده‌ توندڕۆكان بارودۆخه‌كی ده‌روونی هاوسه‌نگی نییه‌، مێژووی نه‌و‌شیروان له‌ توند و تیژی و توڕه‌ییدا، له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌دا، له‌ ده‌ست ره‌شیدا، له‌ حقد و رق هه‌ڵگرتندا، له‌ ته‌سفیه‌كردن و له‌ناوبردنی موخالیفه‌كانی خۆیدا مێژوویه‌كی نوسراوو و بیستراو بیندراوی روونی هه‌یه‌، بۆیه‌ ره‌فتاری هیچ كه‌سێك با سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیش بێ، دوور نییه‌ له‌ باری ده‌روونی و خواسته‌كانی كه‌ له‌ ناو ناخی ئه‌ودا هه‌یه‌، له‌ راستیدا شه‌خسیه‌تی نه‌وشیروان شه‌خسیه‌تێكی شڵه‌ژاوه‌، تۆڵه‌كه‌ره‌وه‌یه،‌ زۆر تونده‌، هه‌ڵچو و دابڕاوه‌ له‌ هه‌مان كاتدا، سه‌ره‌نجام ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی سیاسیشدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی وای كردووه‌ كه‌ نه‌وشیروان ته‌نیا جووڵه‌ بۆ داشۆرین و له‌ناوبردنی كه‌سانی نه‌یاری ده‌كات، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی نییه‌، كاتێك كه‌ فرسه‌تیشی كه‌وته‌ ده‌ست نه‌یتوانی هیچ پێشكه‌ش بكات، هه‌ركاتێك كه‌ نه‌وشیروان ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ش دروست ده‌كات هیچ ئامانجێك بۆ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كه‌ دیاری ناكات. ئه‌گه‌ر له‌ شیعاره‌كانی بكۆڵیه‌وه‌ كۆتاییه‌كه‌ی هیچه‌، واته‌ هیچ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئیداری چاره‌سه‌ر ناكات، ئه‌گه‌ر شی بكه‌یه‌وه‌ ده‌بینی كه‌ ته‌ناقزێكی روون هه‌یه‌ و ده‌بێ وازی لێ بێنی.
ئه‌مه‌ قه‌ده‌ری هه‌ندێك میلله‌ته‌ به‌ده‌ست هه‌ندێك له حاڵه‌تی‌ سه‌ركرده‌یی كه‌ له‌ ناویاندا هه‌ڵده‌كه‌وێ، ئه‌وانه‌ له‌ مێژوودا و له‌ناو هه‌ندێك له‌ میلله‌تان كاره‌ساتی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر میلله‌تی خۆیاندا هێناوه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ رووسه‌كان بپرسین كه‌ كه‌سێكی وه‌كو ستالین چۆن هاته‌ سه‌ركردایه‌تی حزبی كۆمه‌نستی ئه‌م وڵاته‌ و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م ولاته‌ و ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تی كۆن هێنا، ده‌بی ته‌نیا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بارودۆخی تایبه‌تی ژیانی ستالین، باری ده‌رونی و ئه‌و شێوازانه‌ی كه‌وا به‌كاری ده‌هێنا. كاتێك له‌ ئه‌ڵمانه‌كان بپرسی هیتله‌ر چۆن سه‌ری هه‌ڵدا؟ چۆن ئه‌م وڵاته‌ی توشی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م كرد؟ چۆن بڕیاری بۆ له‌ناوبردنی جوله‌كه‌ ده‌دا؟ چۆن زاناو كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی ده‌كوشت؟ نه‌خۆشه‌كانی بۆ ده‌سوتاند؟ جووه‌كانی بۆ ده‌سوتاندن؟ سه‌ربازی دیلی بۆ له‌ كوره‌خانه‌كاندا ده‌كرده‌ خه‌ڵوز؟ هیچ وه‌ڵامێكیان نییه‌، ته‌نیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بارودۆخی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی هیتله‌ر، سه‌ره‌نجام هاته‌ ناو سیاسه‌ت و ڕوانگاكانی خۆی گواسته‌وه‌ بۆ ناو بزوتنه‌وه‌ی سیاسی. هه‌روه‌ها ماو له‌ چین و پۆلپۆت له‌ كه‌مبۆدیا، پۆلپۆت له‌ كه‌مبۆدیا به‌م شێوه‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا گه‌یشته‌ سه‌رۆكایه‌تی وڵات، له‌ سێ ملیۆن دانیشتووی كه‌مبۆدیای ئه‌وكات یه‌ك ملیۆن و نیوی كوشت، دواجار خۆی له‌ ژێر دارێكدا به‌ ته‌نیا مرد كه‌س نه‌بوو بیشارێته‌وه‌، وه‌ هیچ وه‌ڵام و نوسین و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ كرده‌وه‌ و كرداره‌كانی خۆی نه‌بوو. قه‌زافی هه‌روا، سه‌ددام حوسێن له‌ عێراقی عه‌ره‌بیدا هه‌روا.
نمونه‌ زۆرن، ئێمه‌ ده‌بێ نه‌وشیروان مسته‌فا بخه‌ینه‌ ناو ریزه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی سیاسی میلله‌تاندا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و جیا له‌ به‌ڵا و خه‌راپه‌كاری و رووخاندن هیچی دیكه‌یان بۆ وڵات نه‌هێنا‌.
ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوه‌ستین و شی بكه‌ینه‌وه‌ و میلله‌تی خۆمانی لێ تێبگه‌یه‌نین.
دیارده‌ی نه‌وشیروان دیارده‌یه‌كی ترسناكه‌، ده‌بێ ڕۆشه‌نگه‌ری له‌سه‌ر بكرێ.