پارسەنگی سیاسی و سوپایی دەوروبەرمان، کوردستان لە کام پێگەدایە؟


پارسەنگی سیاسی و سوپایی دەوروبەرمان،
کوردستان لە کام پێگەدایە؟

سەرۆ قادر


ئەگەر من لێکدانەوەکەم بەم پرسیارە دەستپێبکەم: بۆچی و چۆن زۆرینەی سادە، لە پەرلەمانی کوردستان، دژی سەرۆک بارزانی بەکارهێندرا؟ ئەگەر بمانەوێت تێبگەین، بۆ لەم کاتە ئاستەمەدا پەڕلەمان لەدژی سەرۆک جوڵێندرا کە لە هەموو لایەکەوە کوردستان لە ژێر هەڕەشەی سوپایی دایە. هەر درزێکی سوپایی و ئەمنی ڕووبدات، ئەو کارەساتە شارە گەورەکانمان دەگرێتەوە کە ئەم دواییە بەسەر کۆبانێ هات؟ بۆچی پڕۆژەی دەستوری کوردستان، لەسەر دەستی هەمان حزباندا پەکی خرا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دیققەت و زانیاری و لێکدانەوەی بارودۆخی واقیعی پێویستە نەک لێکدانەوەی حزبییانە. دەمێکە کوردستان کەوتۆتە ناو چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێشەکان دەرهاویشتەی ئەو شەڕە هەمەگیرەن کە سەرانسەری ناوچەکەی گرتۆتەوە. شەڕ لەباکووری ئەفەریقاوە تا دەگاتە سنوورەکانی یۆنان بەردەوامە. هەموو ڕۆژهەڵات لەو جەنگەدا دەرگیرە. گشت کێشە داخراوەکان کە بە درێژایی سەدەی بیستەم کپ کرابوو، هەڵیانداوەتەوە. هیچ کێشەیەک بەبێ لایەنی ناگاتە چارەسەرێک.
لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، جەنگ لە ئەفغانستان دەستیپێکرد. سەرەتا وا دەهاتە بەرچاو کە جەنگی نێوان توندڕۆیی سوننە و ڕۆژاوا بێت، کەچی بە خێرایی بووە جەنگی نێوان شیعە و سوننە. چەند جەنگ فراوانتر دەبێت، هێزەکانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا، کەمتر دەبێتەوە. ئێران بەخێرایی بووە تەڕەفێکی جەنگ. ئەم جەنگە زۆر ئاڵۆزە. دیققەتێکی زۆری دەوێت تا کۆکی و دژیی هێزەکان لێکدی جیادەکرێتەوە. جەنگی ئەمریکا لەگەڵ توندڕۆیی سوننە، وەک جاران ماوە. کەچی لە هەندێک وڵات(سوریا- جبهة النصرة و هاوشێوەکانی)، هاوکاری رێکخراوە توندڕۆکان دەکات. ئەمریکا و ئەوروپا، بە گشتی هاوکاری بەرەی سوننە دەکەن لە دژی ئێران. عەرەبستانی سعودی، سەرکردایەتی سوننە و عەرەبەکان دەکات. ئەو دەوڵەتە، ئێران بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێت. لەو دوژمنایەتییەدا ، هەموو دەوڵەتانی عەرەبی، دەوڵەتانی موسوڵمانی غەیرە عەرەب، لە بەرەی سعودیە دان. دەوڵەتە سوننەکان(وەک تورکیا ، کەنداو) هاوکاری توندڕۆیی سوننە دەکەن( داعش، النصرة). تورکیا بە شل و خاوی لە بەرەی سوننەدایە بەڵام جۆرێک لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هێشتۆتەوە.
دەوڵەتی ئیسڕائیل، وردە وردە بە قەبارەیەکی زۆرەوە دێتە ناو جەنگەکە. سعودیە، ئۆردن، مەغرب، میسر، کەنداو لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشتەواییان کردووە و لەیەک بەرەدان دژی ئێران. لە ڕاستیدا، ئیسڕائیل و سعودیە سەرکردایەتی سوپایی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتۆتە دەست خۆیان. تورکیا و میسر بە هەنگاوی شل بەرەو دواوەن، ڕۆلیان لە کەمبوونەوەدایە. ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر پستیوانی ئیسرائیل- سعودیە دەکەن.
وەک لە هاوپەیمانییەکان دەخوێنینەوە، دوژمنایەتییەکە ، لەنێوان ئەمریکا، عەرەبی سوننە، ئیسڕائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئێران وەک دیارە ، چوار دەوڵەتی عەرەبی خستۆتە ناو فەلەکی خۆی. ئەوانیش سوریا، عێڕاق، یەمەن و لوبنانە. لەو چوار وڵاتە عەرەبییەدا، پێکهاتەی شیعە و عەلەوی بەهێزن. دوژمنایەتی القاعدة و داعش، لە پلەی یەکەمدا نیە. ئەو دووانەی ئەخیر لە یەمەن هاوپەیمانی سعودیەن. ویدەچێ داعش و القاعدة، خاوەنی خۆیان هەبێت و لەگەڵ یەکلاکردنەوەی جەنگ دژی ئێران، ئەوانیش بە لایەکدا بخرێن. وەک دیارە پەیوەندییەکان ئاڵۆزن. هەڵبەت دوو ستراتیژیی بەرامبەر یەکدی شەڕ دەکەن؛ ئێران لەلایەک، سعودیە و ئیسڕائیل لەلایەکی دیکەن. ستڕاتیژیی ئێران لەگەڵ مانەوەی سنووری سیاسی دەوڵەتە کۆنەکاندایە. هەڵبەت بە زاڵکردنی پیکهاتەی شیعە یان حزبە هاوپەیمانەکانی. بەپێچەوانەی ئێران، ئیسڕائیل و سعودیە لەگەڵ دەسکاری کردنی سنوری سیاسی دەوڵەتەکان دان. هەروەها باسی بەزاندنی ئێران و دابەشکردنی دەکەن. ڕۆژئاوا بەگشتی هاوپەیمانی بەرەی دووەمە.
بەرەی ئیسڕائیل- عەرەب ڕۆلێکی مام ناوەندییان بۆ تورکیا داناوە. ئەویش بریتییە لە شەریک کردنی ئەو وڵاتە لە دابەشکردنی ئابووری دوای شەڕ. هەروەها تورکیا وەک دەوڵەتێکی فیدڕالی، دەتوانێت یەکپارچەیی خۆی بپارێزێت. فیدرالییەتی تورکیا لە چارەسەر کردنی دۆزی کوردستانی باکوورەوە دێت. بۆیە وا داندراوە پ ک ک و تورکیا لە ئاشتی بەردەوام بن. ئەو حزبە پێویستە لە ئێران دووربکەویتەوە. هەر کام لە تورکیا یان پ ک ک لە ئەرکی خۆی دووربکەوێتەوە، دەکەویتە بن فشار. هەڵبەت تورکیا جیا لە پەیوەندی لەگەڵ سێ پارچەی کوردستان، دەستی بە هیچ وڵاتێکی دیکە ڕاناگات. لە ڕاستیدا پەڕ و باڵی تورکیا کراوە. ئەو دەوڵەتە کەوتۆتە دان و ستاندن لەگەڵ پ ک ک. لەلایەکی دیکە هەڵوێستێکی دژانەی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژاڤا هەیە. تورکیا دەزانێت چی ڕوودەدات. بۆیە هەمیشە هاییەکی لە بزووتنەوەکانی کوردە تا نەتوانن ببنە دەوڵەت. لەو سیاسەتەیدا دەستی کراوە نیە و زوو زوو هوشداری ئەمریکا و ئەوروپا و سعودیە و ئیسڕائیلی پێدەگات. بۆیە ناتوانێت هیچ کردەوەیەکی سوپایی دژی پارچەکانی کوردستان بکات. تورکیا لەم دۆخەیدایە بۆیە هاودەستی داعش دەکات تا لە هەر پارچەیەک بتوانێت، زەبر لە کوردستان بوەشێنێت.
بەرەی دژی ئێران بە هەموو بەشەکانییەوە، کورد بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، پێشنیاری دروستکردنی دەوڵەتێکی گەورە بۆ ئەم میللەتە دەکەن. هەندێکیان باسی پێکهێنانی دەوڵەتێک لە کوردستانی باشوور و ڕۆژاڤا دەکەن، هەندێکی دیکە پێشنیاری لێکدانی سێ پارچەی کوردستان دەکەن. هەڵبەت سعودیە لەگەڵ دەوڵەتێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەم ڕوانگایەی سعودیە، وەک شمشیری دامکڵێس لەسەر ملی تورکیا بە تاڵە مویەک بەستراوەتەوە. هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و هەرێمی ڕۆژاڤا، بووتە سیاسەتێکی ڕاگەیەندراوی بەرەی دژی ئێران. باشووری کوردستان وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سەرکردایەتی ئەو پڕۆسەیە بەرەو سەربەخۆیی دەکات. بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی باوەڕپێکراو و دەستەئەندەرکاری رووداوەکانە. سەرەڕای قارەمانێتی پیشمەرگە و شەڕڤانان، پشتیوانیی لۆجستیکی، سیاسی، ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ڕۆلی کاریگەر و یەکلاییکارەوە لە سەرکەوتنەکان بەسەر داعشدا دەگێڕن، کوردستان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەپارێزن. وەک دیارە کورد بە هاوکاری ئەمریکا، بە خێرایی بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست دەخشێت.
داعش ، القاعدة، جبهة النصرة ڕۆلی پەرەپێدانی بشێویی دەگێڕن و هیچ ستڕاتیژییەکی دیاریکراویان نیە. وەک ڕاگەیەندراوە، جیا لە دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی سوننە، لە سوننە عەرەبەکانی عێڕاق و سوریا دروست دەکرێت و تەواوکاری ئەو ڕۆلە دەبێت کە دەوڵەتی کوردستان لە دوای جەنگ دەیگێرێت. ئەو دوو دەوڵەتە نوێیە، بەربەستێکی گەورە لەنێوان پاشماوەی ئێران و تورکیا، لەگەڵ جیهانی عەرەب- ئیسڕائیل دروست دەکەن. هەروەها دابینی گەیاندنی نەوت و ئاوی کەنداو- دەریای سپی ناوەڕاست(مێدیتەرانە) بە یەکتری دەکەن. لەوە زیاتر ئیسڕائیل داوای پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان دەکات. وەک دیارە سعودیە وا ڕادەگەێنێت کە دوژمنایەتی عەرەب و ئیسڕائیل دەبێ کۆتایی پێبێت. ئەوە بنەمای دارشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ سەدەی بیست و یەک.
ئەو سەناریۆیانە، هێزێکی سیاسی و سوپایی گەورەی جیهانیان لە پشتە. کوردستان لەناو چەقی ئەو سەناریۆیانەدایە، بۆیە کاردانەوەیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی کوردستان دەبێت. ئێران دەستی بەسەر عێڕاقدا گرتووە، پەیوەندییەکی چاوسوورکردنەوەی لەگەڵ حزبەکانی کوردستان هەیە. ئەو دەوڵەتە هیچ پڕۆگرامیکی بۆ ئایندەی کوردستان نیە. ئەو سیاسەتی خۆسەپاندن و بندەستکردن پەیڕەو دەکات. هەڵبەت ئەویش وەک تورکیا، ناتوانێت ئەگینا بە سوپا پەلاماری کوردستانی دەدا. کوردستانی باشوور و رۆژاڤا لەژێر پاراستنی نێودەولەتی دان، بۆیە هوشیاری و ئاستی باڵای ئاگایی سیاسی سەرکردەی حزبەکان، دەبێتە هۆکارێکی بەوەج بۆ بەهێزتر کردنی پێگەی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا کوردستان پێویستی بە قۆزتنەوەی هەلەکان هەیە، نەک ملدان بە سیاسەتی تاریک و نانەوەی بشێوی. جا ئەوە لەژێر هەر ناونیشانێک بێت، یەک دەرەنجامی دەبێت؛ کورد زیان دەکات. لە کۆنەوە کاریگەری ئێران، بەسەر دۆخی سیاسی پارێزگای سلێمانی هەیە. لەم بار و دۆخە ئاستەمەدا، ئەو کاریگەرییە لە ژێر ناوی دیموکراسی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات، لە دژی ڕۆلی کورد لەو گۆرانکارییانە بەکاردێت. مەسعود بارزانی سەرۆکێکە دەستی لە سەناریۆ چاوەڕوانکراوەکاندا درێژە، بۆیە لەبەرژەوەندی کورد و پێکهاتەکانی دیکەیە کە هاوکاری بکەن و بە کێشەی لابەلا سەرقاڵی نەکەن. پێویستە بەبیر خۆمانی بهێنینەوە، لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئۆزدەمیر(تورکیا) چەند کەڵکی بۆ چارەنووسی کورد هەبوو، قاسم سولەیمانیش(ئێران) هەر ئەوەندە!