بۆ مانەوەی کوردستان پێویستمان بە ڕوانگایەکی ستڕاتیژیی نوێ هەیە
بۆ مانەوەی کوردستان

پێویستمان بە ڕوانگایەکی ستڕاتیژیی نوێ هەیە

سەرۆ قادر

هێرشی دەوڵەتی خەلافەت(داعش)، بۆ سەر کوردستان، تەنیا شەڕێکی قورس نیە لە بەرپەرچدانەوەی دوژمنانی خۆی تا بخرێتە ناومێژووی زنجیرە بەرەنگارییەکانی. پێویستە چاومان بکەینەوە و مێشکمان بەکاربێخین تا تێی بگەین؛ ئەو بەڵایە- دوای بەڵای ئەنفال- بۆ ڕووی لە ئێمە کردەوە؟! ئایا هەڵەی خۆمانی تێدایە؟ ئەرێ سیاسەتی هەرێمایەتی حکوومەتی کوردستان، ڕێ خۆشکەری ئەو هێرشە ئەنفالییەی ئەم ساڵ بوو؟
ئەگەر ڕێگا بە خۆمان بدەین، جارێکی دیکە بە ستڕاتیجیی پاراستنماندا بچینەوە، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی سەرلەنوێ، بۆ پەیوەندی و بەرژەوەندی، تاکە میللەتی دراوسێی(عێڕاق) باشووری کوردستان بکەین. ئێمە لەم پارچەیەی کوردستاندا، تەنیا دراوسێی عێڕاقی عەرەبین. لە سێ لای دیکەوە، سێ پارچەی کوردستان، لە تەنیشتمانن. درێژبوونەوە و قوڵایی نەتەوەیی- کولتووری، رۆلێکی چارەنووسسازی لە پەیوەندی و پاراستنی میللەتاندا هەیە. کوردستانی باشووڕ، جیرانی کولتوورێکی خاوەن مێژووی هەزار و پێنج سەد ساڵەیە لە جیهانگیریی و دروست کردنی دین و سەپاندنی داب و نەریت و ڕوانگای خۆی، بەسەر هەموو جیهاندا. لە تواندنەوە و لەناو بردنی پێکهاتەکانی نزیکی، دەستێکی باڵای هەیە. ئەویش کولتووری عەرەبی- بەدەوی- ئیسلامییە.
فتوحاتی عەرەبی -بەدەوی، هەڵگری ئاینی ئیسلام بووە، بەڵام لە کردەوەدا گیرکردن و تواندنەوەی میللەتان و فەڕهەنگەکەیان ئامانج بوو. لەو کاتدا، جیا لە دووڕگەی عەرەب، هیچ وڵاتێکی دیکە، عەرەب و بەدوی ڵی نەبووە. لەگەڵ فتوحاتدا، عێڕاقی ئێستا، میسر، شام، بەری باکووری ئەفریقا، لە میللەت و فەڕهەنگی بەدودا توێندرانەوە. دوایی هێدی هێدی ، هۆزەکانی بەدو خشان و ناوچەکانیان داگیر کردن. لە ئەنجامدا ، کولتووری بەدویان بەسەر ناوچەکەدا سەپاند. ئەو رەفتارە، بووەتە ڕوانگایان بۆ ژیان ( د. عەلی وەردی).
دینی ئیسلام، لە ناوەرۆکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەیدا، کاتێک عەرەبی بەدو هەڵگری ئاڵاکەی بوو، ئایدیۆلۆجیای پەرەسەندن و داگیرکاری ئەوان بووە. هەر بۆیەش لە لێکدانەوە و پەرەپێدانیدا، دەگەرێنەوە بۆ سەلەفەکانی سەرەتا کە لە ژیان و باوەڕەکانیاندا، بەدەوی بوون. هەڵبەت ئەو سەلەفانە ڕوانگا و نەریتێکیان لێنەدەکەوتەوە، جیا لە داب و نەریتی بەدەوی. لێ هەرکاتێک دینی ئیسلام، بە دەستی غەیری عەرەب پەرەی پێدارابێت(فتوحاتی ناعەرەبییانە)، ئەوە ناوەرۆکی ڕوانگا دینییەکە وەرگیراوە و لەگەڵ کولتووری خۆجێیی هەر میللەتێک گونجێندراوە. وەک دیارە فتوحاتی ئیسلام، بەدەستی ئێرانییەکان، لە مۆرکی بەدەوییەت دوور خرایەوە و شەقڵێکی ئێرانی وەرگرت. لەوێ بەملاوە، هەر میللەتێک دەبووە موسوڵمان، تەعریب نەدەکراو دەمایەوە. بەشێک لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئاسیای ناوەڕاست، نیشاندەری ئەم ڕاستیەن. هەروەها کاتێک تورکە عوسمانییەکان، بوونە ئاڵاهەڵگری پەرەپێدانی دینی ئیسلام، لەوێشدا بەدەوییەت و تواندنەوە وەستێندرا. هەر بۆیە وەک ئیسلامی ئێرانی، ئەوە ئیسلامی ڕۆمیش مۆرکی ناوچە فراوانەکەی خۆی پێوەیە.
مەزهەبی جەعفەری، ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی ئێرانییە، هەروەک مەزهەبی حەنەفی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی ڕۆمی- عوسمانییە. لەو دوو جۆرە ئیسلامەدا، نە تواندنەوە هەبووە و نە ئەنفال کردنی میللەتان. لێرەدا مەبەستم کەمکردنەوە لە سەرسەختی و زبری فتوحات بەرامبەر بە ئەوروپاییەکان نیە. ناشمەوێ لەم باسەدا بچمە سەر ئەوێ.
دراوسێیەتی باشووری کوردستان، لەگەڵ کولتووری بەدەویی- عەرەبی، بۆ ئێمە هەڵگری هەڕەشەیەکی بەردەوامی مان و نەمان بووە. فتوحاتی بەدەوی - ئیسلامی لە سەدەی یەکەمی هیجریدا، ڕەقی و ئیبادەکردنێکی زۆری بۆ ناوچەی کوردستان تێدابوو. داستانەکانی ئەوکات و شوێنەوارەکانی(قەبرستانەکان)، لە زاکیرەی کوردستاندا ماوەتەوە. لەوانەیە جوگڕافیای کوردستان، هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوەی میللەت و کولتووری کورد بێت. دیارە ئێمە دوا سنووری تەعریبی بەدەوین. هەر بۆیە مانەوەمان بووەتە گڕێیەکی کۆڵ بۆ ناوەندە دینییە بەدەوییە عەرەبەکان. پرسیاری مێژووییان ئەوەیە: کورد بۆچی لەم بنەوپاڵەیان ماوەتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەیان، کەنگین بۆیان لوا بێت، هێرشییان کردوەتە سەرمان و هەوڵی لەناوبردنمانیان داوە. بەدەوییەتی عەرەبی، جو و سریان وکلدان و ئاشوری و فەنیقی و قبتییان، تا سەر لێواری نەمان پال پێوەنان. ئێستاش بەردەوام شەڕی پاشماوەکانیان دەکەن.
دینی ئیسلام لە کوردستاندا، لەگەڵ مۆرک و تایبەتمەندییەکانی ژیان و مێژووی کۆمەڵایەتییەکەی گونجاوە. ئەگەر سەلەفییەت، ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی عەرەبی- بەدەوییە، مەزهەبی جەعفەری ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی ئێرانیە، حەنەفییەت ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی ڕۆمییە، ئەوە دیارە تەسەووف ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی کوردستانی بووە. هەر بۆیە ڕوانگای دینی لە کولتووری کوردستاندا، هێمن و لێبوردە و بە تەساموحە. ئیسلامی کوردستانی، دین و پێکهاتەکانی دیکە ناسڕێتەوە. بەڵکو دان و ستاندنیشیان لەگەڵ دەکات و لەم ڕۆژگارەدا بەرەو بەرابەری ماف و عەقیدەکان دەچێت. ئەو هۆکارەیە نایەڵێت تووندڕۆیی سەلەفییانە لە کۆمەڵگای کوردستاندا پەرەبستێنێت. هێمنی کۆمەڵگای کوردستان، لەڕووی دینی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە. لەوەڕایە دینی میللەتی ئێمە لە موسوڵمان(سوننە و شیعە)، ئێزیدی، کاکەیی، مەسیحی (جاران جو- کە عێڕاق قڕ و ئاوارەی کردن) پێکدێت.
زەرورەتی ژیان و مانەوەمان، وادەخوازێت سەرچاوەکانی باوەڕە کۆمەڵایەتییەکانمان، سەرلەنوێ تاریف بکەینەوە و ناسنامەی میللەتەکەمانی پێی پتەوتر بکەین. لەوەوە تیبگەین کە هیچ کاتێک لە هەرەشەی ئایدیۆلۆجیای بەدوی عەرەبی غافڵ نەبین، پێویستییەکانی خۆپاراستنمان دەستەبەر بکەین و کۆمەڵگاکەمانی پێ تەییار بکەین. لەو ڕووەوە هەر بیانویەک بۆ مانەوەی کورد لەگەڵ عێڕاق، ئەوە هێشتنەوەی شمشیری ئەنفالە لەسەری ملی میللەتی کوردستان. کورد کاتێک لە ئەماندا دەبێت کە سەربەخۆیی هەبێت و سیستەمی ژیانی خۆی، بەپیی سروشتی کۆمەڵگاکەی، دابمەزرێنێت.
زۆر لایەن و کەس، هەڕەشەی داعش بۆ سیاسەتی حکوومەتی کوردستان دەگێڕنەوە. من پێموایە سیاسەتەکە لەگەڵ دوور ڕاگرتنی کوردستان لە جەنگ، دەگونجا. ڕاستییەکەی لەو هەڕەشە کولتووری- نەتەوەییە بەدەویەدایە کە باسم کرد.
حکوومەتی کوردستان، دەبێ زیاتر لە پێشوو، تاو بە پڕۆسەی سەربەخۆیی بدات و ئەم تەجرەبە تاڵەمان بکاتە بەڵگەیەکی واقیعی بۆ جیابوونەوەی خێرامان لە عێڕاق. پێویستە هەوڵبدەین، سەربەخۆیی وەک پڕۆژەی ڕزگاریی و مانەوەمان، پەسند و تێگەیشتنی گشتی وەربگرێت و بکریتە خواستی هەنوکەیی هەموو کوردستان. با پڕۆژەی سەربەخۆیی تێر مناقەشەی بکەین و بە دەنگی بەرز بیروڕا بگۆڕینەوە تا هیچ گرێیەکی شەخسی و حزبی و ناوچەییمان نەمێنێت. پێویستە ڕوانگای نوێ بۆ مانەوەمان، لە سیسەمی پەروەردەدا جێگیر بکرێ و نەوەکانی داهاتومانی پێ گۆش بکرێت. بۆ؟ چونکە هەڕەشە بەردەوامە.
هەموو ئایدیۆلۆجیا سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسی کوردستان، با دەرفەتیان پێ بدرێت ڕوانگای خۆیان بڵێن تا لە ئەنجامدا، فکری هەمووان بخەینە سەر خەرمانی نیشتمانی و مانەوەمان بخەینە سەرووی ئایدیۆلۆجیا و حزبایەتی. حزبایەتی پێویستە بەڵام بە مەرجێک لە سەروەری نیشتمان نەخوات. بە پێچەوانەوە پیی پابەند بێت.
بڵاوکردنەوەی فەڕهەنگی دیموکڕاسی، کرانەوەی کۆمەڵایەتی، پاک و جوان کردنی سیستەمی حاکمڕانی، ئەو پێویستییە بەپەلانەن کە توانایی کۆمەڵگای کوردستان بۆ کار و بەرەنگاربوونەوەی هەرەشەکان، زیاتر دەکات. داخرانی کۆمەڵایەتی، حزبایەتی بەرتەسک و پاوانکار، بڕوانەبوون بە بەرابەری و توانایی پێکهاتە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان، تاقەتی میللەتەکەمانی پڕوکاندوە. لە پێناوی مانەوەمان و ڕێگرتن لە ئەنفال، دەبێ هەرچی پێشکەوتنە قبووڵی بکەین. ئەوەش بکەینە هەڵمەتێکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی تا هیچ کەس و تایفە و حزبێکی کوردستانی نەتوانێت ڕێگامان پێ ببڕێت. تەجرەبە نیشانیداین، بوونمان لەوەدایە، خۆمان لە ئەخلاق و ڕوانگای سەلەفییەتی بەدەوی دوور بگرین. بۆ ئەوەش دەبێ میللەتێکی پێشکەوتوو بین. میللەتێک دەتوانێ بمێنێت کە توانای پێشکەوتن لە خۆیدا دروست بکات.
لە لێقەومانەکانماندا، هیچ وڵاتێکی ئیسلامی بەهانامانەوە نەهاتوون. ئەوە جیهانی پێشکەوتووی دەرەوەی جیهانی ئیسلامییە، هاوکاریمان دەکەن تا بمینین. بۆ؟ چونکە کۆمەڵگای کوردستان ئاوها دەبینن کە من باسم کرد. کوردستان وەک میللەتێک دەبینن کە ڕێزی یەکدی دەگرن و یەکدی قبووڵ دەکەن، لە دیموکڕاسی و پێشکەوتن ناترسن. پێویستە ئەو متمانە جیهانییە بپارێزین و پتەوتری بکەین. کوردستانێکی پێشکەوتووی چاکسازی کراو، دەتوانێ ئەو متمانەیە بپارێزێت.
ئەو ڕوانگایەی من باسی دەکەم، لە عەرەبمان جیادەکاتەوە بەڵام نابێ ڕێگا بدەین هیچ بیروڕا و ئایدیۆلۆجیایەک، دژی عەرەب و ئیسلام لە ناوماندا پەرەبستێنێت. خۆ جیاکردنەوە و خۆپاراستن بە نەژادپەرستی و کڕهاندنی نەتەوەیەکی دیکە ناکرێت.
ڕوانگای کولتووری، دینی، فرەیی کراوە، لەگەڵ سروشتی کوردستان دەگونجێت. سیستەمی حوکمڕانیمان چاکسازییەکی زۆری پێویستە. لەوکاتدایە دەتوانین سیستەمێکی دیفاعی متمانەپێکراو بنیاد بنێین. پێویستە سوپایەکی نیشتمانی خاوەن باوەڕی پتەو و واقیعیمان هەبێت. ئەو سوپایە هاوچەرخ بێت و لە ڕووی تکنۆلۆجیای چەک و مەشق نوێ بێت. لاگیری بۆ وڵاتەکەی بێت نەک بۆ حزب. حزب ناتوانێ جێگای وڵات بگریتەوە. سوپا ئەگەر نیشتمانی نەبوو، خۆی پێناگیرێت و شکست دێنێت، جیهانیش هاوکاری میلیشیاکان ناکات. بۆیە کوردستان دەبی ئەو قۆناغەش تێپەڕێنێت و سوپایەکی نیشتمانی(پێشمەرگە) دامەزرینێت.
لەلایەکی دیکە، پێویستە لە سیستەمی پەروەردە، لە دەزگاکانی هاوپەیوەند، هاوڵاتییان ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەرەشەی ئەنفال بکرێن. تا میللەت لە پاڵ سوپادا بەرەنگاریی بکات و دامودەزگاکانی وڵات بپاریزێت و بیر لە کۆرەو و بەجیهێشتنی زێدی خۆی نەکاتەوە. پێویستە ئەو باوەڕە لەلای هاوڵاتییان دروست بکرێ کە دەتوانێت مقاوەمەت بکات، گیان و سامانی هاوڵاتییانیشی بپارێزێت. لەوەشدا تەجرەبەی میللەتانی دیکە، بەتایبەتی تەجرەبەی خۆپاراستنی ئیسڕائیل، دیراسە بکەین و لێیان فێر بین. پێویستە لە جیهانی ئازاد فێری ئازادی و خۆپاراستن بین. جا ئەوە لە هەر کوێیەک بێت.