سەروەرییەکانمان کامانــــەن؟بەرژەوەندییەکانمان له‌ کـوێن؟
سەرۆ قادر

لەم ساڵەی کە ڕابرد، زیاتر لە هەموو کەڕەتەکانی پێشوو هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر رۆڵ و کەسایەتیی ڕابەرانە لەناو کۆمەڵگەی کوردستان. بۆ گەیاندنی ڕوانگاکەم ناچارم باسێکی کورت لە رۆڵی ڕابەران لە ژیانی میللەتانی رزگارنەبوو بکەم. هەرچەند ئەمە ئەلفبایە، بەڵام قەدەری میللەتی کورد والێدراوە بە ئاسانی لە ئەلفبای خۆبەڕێوەبردن دەرناچێ.

هیچ میللەتێکی تەنگوچەڵەمەداری چارەنووسساز، بە بێ ڕابەرانی میللی نەیانتوانیوە لە وەرچەرخانە مێژووییەکان بپەڕنەوە. لە مێژوودا نموونە پەیدا نابێ و لەم رۆژگارەیشدا ئەزموونێک نابینین، کەواتە چ حیکمەتێکی تێدایە لەم بارودۆخە چارەنووسسازەدا بەشێک لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان هەموو تاقەتی خۆی بۆ بەدناوکردن و ڕیسواکردنی سەرکردە میللییەکان تەرخان کردووە! ئایا میللەتی ئێمە لەبارانیدا هەیە بە بێ ڕابەرەکانی، کێشە چارەنووسییەکانی خۆی بەڕێوە بەرێت؟ ئەو ئەرکەی لە مەنتقی بەڕێوەبردنی وڵاتدا هیچ میللەتێکی سەرکەوتوو لێی لانەداوە، هەندێ سیاسەتمەدار دەیانەوێ کورد ئەو تاقیکردنەوە فاشیلە بکات؟

ئەرکی سەرەکیی ڕابەران تەنیا بەڕێوەبردنی دەوڵەت نییە، بەڵکوو دروستکردن و پاراستنی دەوڵەتە. ڕابەران لە توانایاندایە ئیرادەی میللی کۆ بکەنەوە و یەکی بخەن، بۆ ئەوەیش متمانەیەکی مێژوویی و ئەزموونی ژیانی میللەتیان لە پشتە. میللەتان بە زەروورەتی ژیانی خۆیان هەست بە رۆڵی ڕابەر دەکەن. بۆیە گەچڵاندنی سومعەی ڕابەران، شێواندن و سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گشتی.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە وریاییەوە دەست بۆ خیتابکردنی ڕابەران ببەن، چونکە سەروەریی میللی، بیانەوێ یان نەیانەوێ سەروەریی شەخسی و حزبیی ئەوانیشە.

لەم دیباچەیەوە دێمە ناو باسکردنی ئەو هێرشە بێپاساوەی دەکرێتە سەر سەرۆک بارزانی. هەروەها هەمان هێرش بە جۆرێکی دیکە دەکرێتە سەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی. یەکەمیان ڕابەری نیشتمانییە و دووەمیان سەرکردەیەکی بەتوانایە لە دروستکردنی بنەماکانی دەوڵەتدا. بەڕێز مەسعوود بارزانی ڕابەری میللەتە و لە سەرکردایەتیکردن و پاسەوانیکردن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان حیکمەتێکی مێژووکردی هەیە.

ئەو حیکمەتەیشی بە ژیان و ئەزموون بەدەست هێناوە نەک بە رەزامەندیی ئەم و ئەو کەسایەتی و حزب. ئێمە مەسعوود بارزانیمان بۆ ئەرکە مێژووییەکانی پێویستە نەک بۆ کێشەی حزبایەتی. ئەگەر

بپرسن: ئەرێ کام ئەرکی مێژوویی هەیە مەسعوود بارزانی پێی هەڵسابێ؟ دەتوانین لە مێژووی نزیکمانەوە دەست پێبکەین: پێکهاتنی بەرەی کوردستانی کە هەموو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە یەک پڕۆژەدا کۆ کردەوە. رادەستکردنی دەستەڵات لە بەرەی کوردستانییەوە بۆ حکوومەتی هەڵبژێردراوی دوای راپەڕین.

پڕۆژەی بەفیدراڵیکردنی عێراق و پەڕاندنەوەی جۆری خۆبەڕێوەبردنی کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵییەت. بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی بیانی لە کاروباری کوردستان لە ١٩٩٤-١٩٩٨. پێداگرتن لە رێگەنەدان بە سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٣. ماف و پشکی کورد لە دەستووری نوێی عیراق.

بەرەنگاربوونەوەی پڕۆژەی بریمەر لە بچووککردنەوەی قەوارەی کوردستان لە پێکهاتەی عێراق. چەسپاندنی رەوایی مانەوەی سوپای کوردستان بە ناوی پێشمەرگە. ئێستایش بەرەنگاربوونەی نەخشەی شۆڤێنیانەی نووری مالیکی و پێداگرتن لەسەر رەوایی پرسی سەربەخۆیی کوردستان. رۆڵی کاریگەرانە لە پڕۆسەی ئاشتیی کورد- تورکیا لە باکووری کوردستان.

جیا لە مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، کێی دیکە لە کوردستان ئەو ئەرکانەی پێ ئەنجام دەدران؟ ئەوە توانایی رابەرانە و متمانەی میللەتە کە مەسعوود بارزانی هێناوەتە ئەو پێگەیە. بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان ئەم راستییەیان لە بەرچاو بێت و لەوەدا خۆیان بە شەریک بزانن نەک هەوڵی سڕینەوەی بدەن. چونکە ئەمە ئەرکێکی نیشتمانییە لە بەرانبەر شۆڤێنییەتی مالیکی، پشتی بارزانی بگیرێت نەک بنوزێنەوە و پێی بڵێن "لەبەر چوار ملیار دۆلار بەغدایان لە کیس داین." یان لە لایەکی دیکەوە هەوڵی سەربەخۆییخوازانە، بە بێبەرنامەیی و توندڕۆیی دابنێن.

ڕۆڵی مەسعوود بارزانی بە کەموکوڕییە ئیدارییەکان ناقرسێندرێ، ئەو دیفاع لە سەروەری و کەرامەتی میللی دەکات، بۆیە هەر کەسێک لێی دوور کەوێتەوە خۆی لەو شانازییە بێبەش دەکات.

دەبێ ئاماژەیەکی کورت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بکەم، چونکە ئەو وەک تەواوکاری پڕۆژەی مەسعوود بارزانی کار دەکات و لێهاتووییەکی باشی لە بنیادنانی دەزگاکانی دەوڵەت و پاراستنی تەبایی ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و راگرتنی باڵانسی سیاسەتی هەرێمایەتی نیشان داوە.

تەنگوچەڵەمە ئاڵۆزەکان هەمیشە پێویستیان بە حزووری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەبووە. یەکێک لە باشییە دیارەکانی ڕوانگای نێچیرڤان بارزانی، دەرهێنانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە گۆشەگیریی کوشندە. کەشی سیاسیی ئێستای کوردستان بە بێ کاراکتەرە سەرەکییەکانی تووشی وەستان و قەیران دەبێ.

نێچیرڤان بارزانی ئەو کاراکتەرە کاریگەرەیە کە بە فراوانی و گشتگیری دەڕوانێتە بەشداریکردنی سیاسی. ئەو ڕوانگای حزبیانەی بەرچاوتەسکی نییە. ئەوەیش رەگەزێکە لە کۆنەوە سەرۆک مەسعوود بارزانی پەیڕەوی کردووە.

نێچیرڤان بارزانی، بە بنیادنەری ستراتیژییەتی گەڕاندنەوەی سامانی نەوتی کوردستان دادەندرێ و لەو پێناوەدا ڕێگەیەکی سەختی بڕیوە و سەروەرییەکی باشی بۆ نیشتمان دابین کردووە.

نەوت بۆ کوردستان سامانە و چەکیشە. دابەشکردن و ستمەلێکردنی میللەتی کورد لە نەخشەی کۆلۆنیالیزمدا هەر بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوت بووە. بۆنی نەوت لە سەد ساڵی رابردوودا ئەورووپا و ئەمەریکای لە راست چەوساندنەوە و ڕاگواستن و کۆمەڵکوژکردنی کورد بێدەنگ دەکرد. ئێستایش هەمان ئاسار بە حەزی ئەمڕۆی ئەمەریکاوە جار جار دەردەکەوێ.

لە کارزارێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا نێچیرڤان بارزانی، وەک بەشێکی سەرەکی لە پڕۆژەی سەربەخۆیی سەرۆک بارزانی، توانی نەوت بۆ کورد بگێڕێتەوە و لە بازاڕی جیهانیدا شوێنی بۆ بکاتەوە. جا با ئەو شوێنە زۆریش گەورە نەبێت، بەڵام بە لانی کەمەوە ژیانێکی سەربەخۆیانە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان دابین دەکات.

هەروەها چەکی نەوتیشی بۆ کورد گەڕاندووەتەوە و ئەو ستراتیژییەتەی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە و ئاساییشی ناوچەکە بە هاوکاریی کورد دادەڕێژرێتەوە، ئەوە شاکارێکی نیشتمانییە و باشترین قەڵغانە بۆ پاراستنی کوردستان لە هەموو پەلامارێکی مێژوویی کە راهاتووین هەمیشە کابوسی پێوە ببینین.

بەرەنگاربوونەوەی سەرۆک بارزانی بۆ سیاسەتی داگیرکارانەی مالیکی و جێگیرکردنی سوپای کوردستان (پێشمەرگە) لە سنووری نیشتمانی هەمیشە داگیرکراودا (حەمرین) جیا لە ئیرادەی رابەرانە و متمانەی میللەت، پشتی بەو ستراتیژییە نوێیەشەوە قایمە. لەم ستراتیژییەتەدا کورد نیشتمان و چارەنووسی خۆی دەکەوێتەوە دەست و ئەگەری ئازارە مێژووییەکانی کەمتر بووەتەوە کە وەک گوتم لێمان بووەتە کابوس.

ئاشتیی کوردستان لە بەشی باشوور و تاوپێدانی ئاشتی لە باکوور و باڵکرانەوە بۆ خۆپاراستنی بەشی ڕۆژاوای کوردستان، هەمووی سەرێکی دەچێتەوە سەر سامان و چەکی نەوت کە بۆ کورد گەڕاوەتەوە. ئەمە زەروورەتی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانە و هەموو بوارەکانی دیکە بەمەوە بەستراونەوە.

منیش دەزانم کەموکوڕیی کارگێڕی هەیە، بەڵام چارەنووس لە سەرووی کارە بچووکەکانە کە ئەگەر ئەمڕۆیش نەکرێ ئەوە سبەینێ جیلی خۆی بۆ پەیدا دەبێ و چاکی دەکات. بەڵام خوانەخواستە ئەگەر چارەنووس بکەوێتە مەترسییەوە ئەوە هەموو کورد بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە رادەماڵدرێ و هەموومان لە ماڵی وێراندا پەنجەی داخ دەگەزین و دەکەوینەوە “هەڵسەنگاندن” کە چیمان بکردبا و چیمان نەکردبا باش دەبوو! بۆیە بە پێویستی دەزانم بەڕێزانی وەک نەوشیروان مستەفا و سەڵاحەددین بەهائەدین واقیعییانە بڕواننە رۆڵی سەرکردەکانی خۆیان. هەڵبەت لە رووی حزبایەتییەوە بۆیان هەیە چەندی بتوانن منافەسەی پارتی یان یەکێتی بکەن و لەوێدا خەڵک بڕیاری خۆی دەدات.

ئاگایی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نیشتمانی وا دەخوازن لەو گۆشەوە تەماشای رۆڵی مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بکرێ. رێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانییانەی بارزانیی نەمر واقیعێکە و کورد بە هەموو لاباڵەکانی لە جەوهەردا لەسەری کۆکن. ئەو رێبازە بۆ کوردە و مڵکی هیچ حزبێک بە تەنیا نییە.